ڕەنگە سەرۆککۆمار هەر بۆ یەکێتی بێت

04-07-2018 07:34

 

ئەگەری لێكترازان و جیابوونەوە لەنێو گۆڕان زۆر بەهێزە
(1) 

لە حوزەیرانی 2015 وە كە نێوانی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی (تێكدرا)، سەرباری ئەوەی كە هێشتا دەرفەت مابوو نەوشیروان مستەفا پڕۆسەكە بەرەو ئاقارێكی دیكە ببات، بەڵام لە كۆتاییدا لە رووی سیاسییەوە بزووتنەوەكەی بەتەمای خوا بەجێهێشت و، جگە لە تەراجوع بۆ باوەشی یەكێتی و دێژەدان بە كۆنەقینی مێژوویی رۆژگاری جەلالی مەلایی، ماڵ و موڵكێكی زۆر و زەوەند بۆ منداڵەكانی و سەركردایەتییەكی لاوازی بێئیرادەی بۆ بزووتنەوەكەی، چیدی لەدوای خۆی بەجێنەهێشت. نەوشیروان مستەفا لەوە زیاتری پێدەكرا كە كردی، یان خەڵكی لە دەوری دروشمێك كۆكردەوە كە لە بنەڕەتدا خۆیشی بڕوای پێی نەبوو؟ بەڵام راستییەك هەیە كە ئۆپۆزیسیۆنی بێ چەك و بەهێز لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفادا هاتە ناو ژیان و ئەدەبیاتی سیاسییەوە.

 

بۆ كەسێكی وەكو نەوشیروان مستەفا كە هەموو تەمەنی لە شاخ و لەشەڕدا و لە قەڵاچۆكردن و سڕینەوەی نەیارەكانیدا بەسەر بردبوو، رابەرایەتی بزووتنەوەیەكی سڤیلی بێ چەك زۆر زەحمەت بوو. ئەو توانی وەكو گاندی فەلسەفەی ناتوندوتیژیی فیزیكی، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی مەدەنی بكاتە بناغەیەك بۆ نەوەكانی داهاتوو. بەڵام ئەمڕۆ بزووتنەوەكەی ئەویش لەڕووی جەستەییەوە تووشی هەمان پەتای حیزبی دایك (یەكێتی) بووە و ئەگەری لێكترازان و جیابوونەوەی دیكە تێیدا زۆر بەهێزە.

 

بزووتنەوەكە دەمێكە كۆتایی تەمەنی خۆی راگەیاندووە و تەكەتول و باڵباڵێنی تێدا دروست بووە، بەتایبەتیش كە ئێستا بێ خاوەن سەیر دەكرێت.

 

ئەو ئایدیۆلۆژیایەی كە خەڵكی لە دەوری كۆمەڵەی رەنجدەران كۆكردبووەوە و هەوێنی درووستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانیش بوو، ئێستا بەهاكانی خۆی لەدەست داوە، بەرژەوەندی و رێككەوتنی ژێربەژێری كەسانی دەستڕۆیشتووی ناو بزووتنەوەكە بەتایبەتیش میراتگرەكانی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ ماڵباتی تاڵەبانی و برایم ئەحمەد، خوێندنی سوورەتی یاسینە لەسەر پاشماوەی ئەوەی كە ماوە و، بێئیرادەیی سیاسی لە بڕیاردان و پشتتێكردنی شەقامیش (بەتایبەتیش دوای هەڵبژاردنەكانی 12ی مایس)، نیشانەی ئەوەن كە بزووتنەوەكە یان دەبێ گۆڕانێكی جدی لە ستراكچەری بەڕێوەبردن و ئاراستەی سیاسیی خۆیدا بكات، یانیش ئەوەتا وەكو حیزبێكی بچووكی پاشكۆی یەكێتی (لە ناواخندا) و، لە باشترین حاڵدا ركابەرێكی بێ زەرەری یەكێتی (لە رواڵەتدا) بمێنێتەوە.

 

هەرزەكانی سیاسەت؟
(2)

دەركەوت هەندێ لەو گەنجانەی ئێستا یەکێتی بەڕێوەدەبەن هێندە هەرزە و ناشی نین لە دنیای سیاسەتدا و ئەمری واقیعێكن كە دەبێ نەك هەر مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، بەڵكو حیسابیشیان بۆ بكرێت. پارتی وەك گەورەترین حزبی كوردستان هەمیشە سیلەی چاوی لە سلێمانییە و تا ئەوكاتەی كە بتوانێ قسەیەكی بۆ كردن هەبێ لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی ئەو دەڤەرە، مەجبوورە لەگەڵ لایەنێك یان چەند لایەنێك لە كەناڵی جیاجیاوە پەیوەندی و رێككەوتنی هەبێ.

 

تا ئەم ساتەوەختە كە چەندین حیزبی دیكەش لە سلێمانی هەن و ئیدیعای ئەوە دەكەن كە پەرێزیان زۆر لە یەكێتی پاكترە، هێشتا یەكێتی (بەو هەموو بێسەروبەرییەی كە تووشی بووە) تاكە ئەڵتەرناتیڤی پارتییە بۆ حوكمڕانی. گرفتی سەرەكیی ئەو لایەنانەی كە لە یەكێتی جودا بوونەتەوە یان دەبنەوە (بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە) ئەوە بوو كە هیچیان نەیانتوانی ژێرخانی سەربازی، ئەمنی و دارایی یەكێتی لەگەڵ خۆیاندا ببەن. ئەوان دەنگدەر و كادیری یەكێتییان برد، بەڵام بۆ یەكێتی چ زۆرە دەنگدەر زۆرە! ئەگەر دەنگدەریش نەبێ، كورسییەكیان بەسە!!

 

هەڵبژاردنەكانی مانگی ئەیلول دەرفەتێكە بۆ لایەنەكان كە بتوانن هێزی بازووی خۆیان لە كوردستان تاقیبكەنەوە. یەكێتی قەڵای بەغدای لێ داگیر كردوون و وا بەئاسانی تەسلیمیان ناكاتەوە. بۆیە تاكە رێگە بۆ دەرچوون لەو سیاسەتە شەرمنانەی كە حیزبەكانی سلێمانی پێڕەوی دەكەن و غارەغاری بەغدا دەكەن، ئەوەیە كە بتوانن وەك ئیدیعا دەكەن، بەشێك لە ژێرخانی یەكێتی (بە كۆسرەت رەسوڵیشەوە) لە ژێر دەستی گروپی خیانەتی 16 ی ئۆكتۆبەر دەربهێنن، ئەگەرنا تا قیامەت هەمان تاس و حەمامە و، تورك گوتەنی دەبێ چاوەڕێی بەهارێكی دیكە بكەن، یانیش تفی خۆیان بلێسنەوە و لە دەرگەی ماڵی ئەولاد و ئەحفادیان بدەنەوە و بڵێن "سەد رەحمەت لە كفندز".

 

ڕەنگبێ هەر بۆ فوئاد مەعسوم بێت
(3)

وادەی دەستپێكردنی پێكهێنانی حكومەت لە بەغدا جارێ دیار نییە و وادیارە كەسیش پەلەی نەبێ. تا شیعە بەتەواوەتی لە نێوان خۆیاندا یەكلایی نەبنەوە، دادگای فیدراڵیش بەخۆ ناكەوێت. پێدەچێ ناڕەزایەتی حیزبەكانی كوردستانیش نەتوانێ هیچ لە ئەسڵی مەسەلەكە بگۆڕێت و، ئەنجامەكان كەم تا زۆر هەر ئەوەن كە ئێستا هەیە. بەو پێیەش كە یەكێتی و پارتی بڕیاریان داوە لە بەغدا پێكەوە بن، پێناچێ پارتی بیەوێت گۆڕانێكی بنچینەیی لە جۆری بەشداریكردن لە حكومەتی بەغدادا بكات.

 

رەنگبێ ئەمجارەشیان لە پێناو هەندێك بەرژەوەندیی ناوخۆیی و هێشتنەوەی یەكێتی لە گۆڕەپانی سیاسیدا، جارێكی دیكە رازی بێت پۆستی سەرۆككۆمار لای یەكێتی بمێنێتەوە، بەتایبەتیش كە پارتی كێشەی لەگەڵ فوئاد مەعسومدا نییە. ئەگەرچی بۆچوونێك هەیە كە دەبێ ئەمجارەیان كورد سەرۆككۆمارێكی بەهێز و كاریگەر بنێرێتە بەغدا، بەڵام پارتی ئامادە نییە ریسك بەو مەسەلەیەوە بكات و دڵی یەكێتی لەخۆی بتۆرێنێ.