سەبارەت بەدۆخی ئەمڕۆكەی بزوتنەوەی گۆڕان

10-07-2018 02:40

 

لەم ماوەیەدا ژمارەیەك نامە و پرسیاری زۆرم بۆ هاتوە لەسەر ئەوەی دۆخی بزوتنەوەی گۆڕان چۆن دەبینم و گۆڕان بەرەو چی‌و كوێ دەڕوات؟

 

حەزدەكەم لێرەدا زۆر بە كورتیی لە پێنج خاڵدا وەڵامی ئەو دۆستانە بدەمەوە و ڕا و بۆچوونی خۆم لەم ڕووەوە بخەمەڕوو.

 

یەكەم: بە بۆچونی من بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی بەرنامەیەكی سیاسییە كە تا ساڵانێكی درێژی تریش گرنگیی خۆی بۆ كۆمەڵگای ئێمە لەدەستنادات. ئەم بەرنامەیە داوای كۆمەڵێك ڕیفۆرمی سیاسیی گرنگ دەكات كە ئەنجامنەدانیان جگە لە كارەساتی گەورە هیچی تری لێ دروستنابێت. لە پێش هەمووانیشەوە دروستكردنی چوارچێوەی نیشتیمانیی بۆ سەرجەمی كایەكان و دەزگا سەرەكییەكانی ناو كۆمەڵگای ئێمە، دوای ئەویش سەرلەنوێ ڕێكخستنەوەی پەیوەندیی نێوان سیاسەت و ئابوریی و سیاسەت و كۆمەڵگا لە هەرێمدا. بێگومان كۆمەڵێك خاڵی تریش كە ئێرە شوێنی دووبارەكردنەوەیان نییە.

 

دووهەم: بزوتنەوەی گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكی سیاسیی خاوەنی دوو ئاكاری بنەڕەتیی و سەرەكییش بوو كە لە هێزە گەورەكانی تری ناو هەرێمی كوردستانی جیادەكردەوە. یەكەمیان، نەبوونی تەوریسی سیاسیی و غیابی تەواوەتی كردەی بە بنەماڵەكردنی سیاسەت بوو لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا. هیچ كەسێكی سەر بە بنەماڵەی نەوشیروان مستەفا بەشێك نەبوو لە پێگە گرنگ و بنەڕەتییەكانی دەسەڵات لەناو بزوتنەوەكەدا، نە خێزانەكەی، نە كوڕەكانیی و نە خزمەكانی. لەباتی ئەمانە كۆمەڵێك كەسایەتی نوێ و كەسانی گەنجی سەر بەچینەكانی خوارەوەی كۆمەڵگا دروستبوون و بوون بە ڕووخساری سەرەكیی ئەم بزوتنەوەیە. دووهەم ئاكاری ئەم بزوتنەوەیە ئەوەبوو، ئەو پەیوەندییەی لەناو پارتە سیاسییەكانی تری كوردستاندا لە نێوان سیاسەت و پارەدا هەیە، لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بوونی نەبوو. ئەمەش وایكردبوو ئەم بزوتنەوەیە ئەو گەندەڵییەی تیادا نەبێت كە لەناو هێزەكانی تردا بەشێوەیەكی فراوان و ترسناك هەیە. لە ڕاستیشدا كاری سیاسیی لەناو گۆڕاندا زۆرجار مانای زیان لێكەوتن و ڕیسككردن بە ژیان و كار و بژێوی ئەوانەوەبووە كە سەر بەم بزوتنەوەیە بوون. ئەم كەسانە زۆرجار لەباتی دەسكەوت و قازانج كردن، لەبەردەم هەڕەشەی جۆربەجۆردا بوون. ڕۆحیەتی كاری خۆبەخشیش ڕۆحیەتی هەرە سەرەكیی ناو بزوتنەوەكە بوو.

 

سێهەم: ئێستا هەردوو ئەو كۆڵەكەیەی بزوتنەوەكەی لەسەر دروستبووە لە دۆخی تێكچوون و وێرانبوونێكی بەرچاودایە. هەم تەوریسی سیاسیی لەناو بزوتنەوەكەدا لە چڵەپۆپەدایە و تا ئەو شوێنەی من ئاگاداربم ئێستا كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا خاوەنی هەموو شتێكن لەناو گۆڕاندا. خاوەنی زەویی و زار، پارە و كۆمپانیا و میدیای بزوتنەوەكەن. ئەم خاوەندارێتیەش مەسەلەیەكی مەعنەویی و ڕەمزیی نییە، بەڵكو ئامرازێكە هەم كوڕەكان و هەم ئەوانەی لەدەوریان كۆبوونەتەوە، بەكاریدەهێنن بۆئەوەی سەرجەمی بزوتنەوەكە كۆنتڕۆڵ بكەن و بەهەمان لۆژیكی تەوریسی سیاسیی ناو پارتی و یەكێتی كاری پێبكەن. كە ئەمەش تەواو تەواو ناكۆكە بە پرنسیپ و بەها هەرە بنەڕەتییەكانی ئەم بزوتنەوەیە. كۆڵەكەی دووهەمی بزوتنەوەكەش، مەبەستم نەبوونی پەیوەندییە لەنێوان سیاسەتكردن و پارەپەیداكردندا، ئێستا لەبەردەم لەقبوون و داڕمانێكی بەرچاودایە. هەم ناشەفافیەت و هەم قسە و باسێكی زۆر و ناكۆك لەسەر مەسەلەی دارایی و پارە و سەرمایەی بزوتنەوەكە لەئارادایە.

 

چوارهەم: لەناو بزوتنەوەیەكدا كە كاری خۆبەخش‌و خۆبەخۆ و گرێدانەوەی سیاسەتكردن بە ژیان و خەمی گشتییەوە جەوهەرەكەی بێت، سەرمایەیەكی مەعنەوی دروستدەكات كە جیایدەكاتەوە لە هێزەكانی تر. لە ئێستادا ئەم سەرمایە مەعنەویە لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەیەكی سەرتاسەریدایە. لەناو گۆڕاندا نوخبەیەكی خاوەن پێگەی سیاسیی و مەسڵەحەتی شەخسیی دروستبوون كە تا زیاتر قسەبكەن زیاتر ئەم سەرمایە مەعنەویە وێراندەكەن. پێشدەچێت هەموو شتێك بكەن بۆ پاراستنی ئەو پێگە سیاسییەی كە هەیانە با ئەو شتانەش تەواو ناكۆكبێت بە پرنسیپە هەرە سادە و سەرەكییەكانی ئەم بزوتنەوەیە.

 

پێنجەم: گۆڕان قەیرانێكی گەورەی سەركردایەتیكردنی هەیە كە ئەگەر بە زوویی چارەسەری نەكەن، بێگومان لەسەر بنەمای پرنسیپەكانی بزوتنەوەكە و لەدەرەوەی تەوریسی سیاسیدا، ئەوا بوونی سەرجەمی بزوتنەوەكە دەخەنە بەردەم مەترسییەكی ڕاستەقینەوە.