تەقلیدییبونی نەوەی نوێ

08-08-2018 04:18

 

نەوەی نوێ زۆر باسی تەقلیدییبون دەكات. بەپێی سەرنج و تێگەیشتنی خۆم، چەند بەڵگەیەك ئەخەمەڕوو كە دەریدەخات ئەم حزبەش زۆر هێڵی هاوبەشی هەیە لەگەڵ حزبی تەقلیدییدا.

 

تەقلیدییبون چییە؟

 

- نەرجسییەتی سیاسیی: تەقلیدییبون ئەوەیە حزبێك توشی نەرجسییەتی سیاسیی ببێت، تەنیا سەرۆكەكەی خۆی یان حزبەكەی خۆی بە باشترین بزانێت، خۆی وەك فریشتە و ئەوانی تر وەك شەیتان سەیربكات. ئەوەی لە نەوەی نوێم بینیوە، ڕایان وایە كە تەنیا خۆیان تەقلیدیی نین، تەنیا خۆیان باشترینن و تەنیا ئەوانیش گۆڕانكارییان پێئەكرێت.

 

- ئەخلاقی سیاسیی: تەقلیدییبون ئەوەیە لە پێناوی سەركەوتندا دەست بۆ هەموو میكانیزمێك بەریت و باز بەسەر هەموو ئەخلاقێكی سیاسییدا بدەیت. نابێت ئامانجەكەت سەركەوتن بێت بەو مانایەی لە حزبێكی ببەیتەوە. مەسەلەكە بردنەوە نییە لە حزبێك، بەڵكو توانای گۆڕانكارییە لە ژیانی خەڵكدا. تا ئەو شوێنەی من ئاگاداربم، ئەمەشم لە نەوەی نوێ نەبینیوە.

 

- داخراویی حزب: تەقلیدییبون ئەوەیە حزبەكەت داخراو بێت، تەنیا لە ئەندام و لایەنگران و ئەكادیمیی و ڕۆشنبیرانی حزب قسە وەربگرێت و وزەی ئەمانیش بخاتەوە پارێزگاریكردن لە خۆی، لە بری مەسەلەی نیشتمانیی و ئینسانیی. ئەوەی تێبینییم كردووە، ئەگەر بە شان و باڵیاندا هەڵبەیت، یان بۆچونەكەت ڕەخنەی ئەوان نەبێ و دەعمیان بكات، ئەوا دەتخەنە سەر شاشەكانیان و ماڵپەڕەكانیان. بەپێچەوانەوە، فەرامۆشت ئەكەن.

 

- دوا خاڵ، تەقلیدییبون ئەوەیە هەڵبژاردنی پاك و دادپەوەرانە لەناو حزبەكەتدا ڕونەدات و باسی ئەوەش بكەیت كە دەبێت "هەڵبژاردنی پەرلەمانی پاك و بێگەرد بێت"، حزبەكەی خۆی بەدەزگایینەكردووە و باسی بەدەزگاییكردنی پەرلەمان و حكومەت دەكات، هەر بەو شێوەیە. كوا دەزگا و هەڵبژاردنی پاك و دادپەروەر و موشارەكەی بڕیاردان لەم حزبەدا؟ لەم چەند مانگەدا زۆر كەس وازیان لێ هێنان لەسەر ئەم تەقلیدییبونە.

 

ئەمانەی سەرەوەش بۆ ئەوە نەموتون تا بڵێم: ئەم حزبە بسڕنەوە، دەنگی پێ مەدەن و چی و چی تر. هەم ڕونكردنەوەیەكی سادەیە بۆ ڕای گشتیی، ڕەخنەی ناڕاستەوخۆشە لە حزبەكانی تر، هەم بەڵكو برادەرێك لەو برادەرانەی نەوەی نوێ كە لە فەیسبوكدا هاوڕێمن گوێی بیستنی ڕەخنەیان بەهێزبێت و خۆیان ڕاست بكەنەوە ئەگەر سەرنج و تێبینییەك شیاو و ڕاست بوو.