بەرهەم ساڵح دەچێتە ئەو قومارەوە؟

03-09-2018 05:03

 

(1)

 

بڕیاری بەشدارینەكردنی هاوپەیمانییەكەی دكتۆر بەرهەم ساڵح لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان، مانای ئەوەیە كە هاوپەیمانییەكەی ئەو وەكو پلاتفۆرمێكی سیاسی لە قازانجی یەكێتی نیشتمانی دەكشێتەوە. ئەگەرچی ئەوە هەر لەسەرەتاوە دیار بوو كە لیستی كاندیدەكان رێكدەخران، ئەگەر دكتۆر بەرهەم لەو كاتەدا نییەتی بەشداری لە هەڵبژاردن هەبووایە، خۆی سەرۆكایەتی لیستەكەی دەكرد و كەسانی بە ئەزموونی سیاسیش ناویان دەهات. كە ئەوەی نەكرد، دیاربوو كە پرۆسەیەك لەگەڵ ماڵی تاڵەبانی و مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و تەنانەت پارتیش دەستیپێكردووە. لە رۆژانی رابردوودا سەرباری بەیاننامەی مەنسووب بە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد (كە پێدەچێ یان شانازی خوشكی نووسیبێتی یان مەلا بەختیار)، لەبارەی مواسەفاتی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، بافڵ تاڵەبانیی كوڕی گەورەی تاڵەبانی بە ئاشكرا بە سەركردایەتیی پارتی راگەیاندووە كە دكتۆر بەرهەم ساڵح كاندیدی ئەوانە بۆ پۆستی سەرۆككۆمار و كاری ژێربەژێریشی لە ئاستی بەرزدا بۆ كردووە.

 

ئەو تابلۆیەی ئێستا رێك لە هی 2014 دەچێت كە یەكێتی زیاتر لە كاندیدێكی بۆ ئەو پۆستە هەبوو. لەلایەك نەجمەدین كەریم (ئێستاش مەلا بەختیار) بێ گەڕانەوە بۆ مەكتەبی سیاسی دەیگوت كاندیدە! ماڵی مام جەلال فوئاد مەعسوم و مەكتەبی سیاسییش پشتیوانییان لە دكتۆر بەرهەم دەكرد. ئێستاش هەمان تاس و حەمامە، ئەنجوومەنی سەركردایەتی دەمێكە ئاوەڵزاوایەكی مام جەلالی كاندید كردووە، مەلابەختیار كێشەی شەهادەكەی بە ئینتەرنێت چارەسەر كردووە و دەڵێ كاندیدە و، فوئاد مەعسوم حەزی لێیە بمێنێتەوە و دكتۆر بەرهەمیش وەكو جاری پێشوو لەجێگەی خۆیەتی، بەو جیاوازییەی كە ئەمجارە كوڕەكانی تاڵەبانی لەپشتین. پارتیش سەربار و بنبار!

 

بە هەموو پێوەرێك، دكتۆر بەرهەم لە هەموو ئەوانەی یەكێتی كە ناویان دێت و گوایە دانەبڕاوی رێبازی مامی گەورەن! بەتواناترە، بەڵام ئەگەر نەتوانێ بەبێ ركابەر بچێتە ناو ئەم یارییەی ئێستاوە، ئەوە دەبێتە كۆتایی ژیانی سیاسیی ئەو پیاوە. ماڵی تاڵەبانی ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیان بەو پیاوەیە، ئەگەر راست دەكەن، نابێ هیچ مونافیسێكی بۆ قوت بكەنەوە، وەك چۆن لە كاتەلۆگی رەئیسی جمهوری یەكێتیدا هاتبوو، دەبێ رەزامەندیی تەواوی برایانی پارتیشی بۆ وەرگرن.

 

كودەتای ناو یەكێتی

(2)

 

هەوڵەكانی دوو كوڕەكەی تاڵەبانی بۆ دەستگرتن بەسەر یەكێتیدا، چڕبووەتەوە. لەو پێناوەدا ئەوەی پێویست بێت لەگەڵیان بێت، تەشەبوسی پێدەكەن و ئەوەش كە رێگریان بێ رایدەماڵن و بەرتەرەفی دەكەن. ئێستا یەكێتی بەسەر سێ بەرەدا دابەش بووە، بەرەی یەكەم كوڕەكانی تاڵەبانی و (مەلا بەختیاری وەسی)، كۆسرەت رەسوڵ و بەشێكی مەكتەبی سیاسی و، لاهوری جەنگی و بەشێكی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی. كوڕەكانی تاڵەبانی لە یەك شت دڵنیان كە نە ماڵی بارزانی و نە كۆسرەت رەسوڵ و كوڕەكانی، زیانیان پێناگەیەنن و ئەگەر پشتیشیان نەگرن دژایەتییان ناكەن، بەڵام ئەوەی ئێستا بووەتە مەترسی لەسەر ئایندەی حوكمڕانیی ئەوان، زڕئامۆزاكانیانن و لەسەرووی هەمووشیانەوە لاهور كە لەسەردەمی غەفڵەتی ئەواندا زۆر بەهێز بووە. بە راددەیەك كە لە دەرەوەی یەكێتیش عەرزی عەزەڵات دەكات. لە جەژندا رێگەیان بە قوباد نەدا سەردانی مەزاری نەوشیروان مستەفا بكات، بافڵی برای وەك تەحەددایەك دوای چەند رۆژ چووە سەر مەزاری نەوشیروان مستەفا و فاتیحای دادا!

 

جموجۆڵەكانی لاهور بۆ دروستكردنی دەزگای مێدیایی گەورە و كۆكردنەوەی مەكینەی ئیرهابی فیكری لە دەوری یەكتری و، بە ئاراستەیەكی دیكەشدا لێدان لە هەموو ئەوانەی كە خزمەت بە پرۆژەی قوباد و بافڵ تاڵەبانی دەكەن، سەرەتایەكی مەترسیدارە.

 

تەنانەت تا ئەو راددەیەی كە دەمڕاستە فكرییەكەی لەناو سەركردایەتی یەكێتی (ئەسەرسەد) زەنگی دوو ئیدارەیی لێدەدات! بەدڵنیاییەوە ئەگەر بەو ئاراستەیەدا هەوڵێك هەبێ و بیانەوێ كوردستان بەرەو دوو ئیدارەیی ببەن، پارتی نەك هەر پێی ناخۆش نابێت، بگرە پیرۆزباییشیان لێ دەكات. وەڵامەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو پرسە لە كۆنگرە رۆژنامەنووسیییەكەی لەگەڵ دكتۆر بەرهەم ساڵح روون و ئاشكرا بوو. بۆیە هێزە رەشەكانی یەكێتی، یان سپی دەبنەوە، یانیش هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی یەكێتی دەدەن.

 

ئیعترافاتی بافڵ

(3)

 

لە چوارچێوەی جێگیركردنی پێگەی دوو كوڕەكانی تاڵەبانی بۆ داهاتوو، چەند جارێكە كە بە نهێنی ئەو ماڵباتە سەردانی سەرۆك بارزانی دەكەن. بەپێی زانیارییەكان لە دوایین سەرداندا كە بافڵ تاڵەبانی بە مەبەستی گوناه لەخۆ دەركردن سەردانی بارزانیی كردووە، ئیعترافی لەسەر ورد و درشتی رووداوی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كردووە، كە دوو زڕ ئامۆزاكەی و خۆی عەڕابی بوون.

 

ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە كە هەردوولا دەیانەوێ ئۆباڵی مێژوویی ئەو كارەساتە بخەنە ئەستۆی یەكتری. پێشتریش لاهور داوای لە پەرلەمان كردبوو لەوبارەیەوە لیژنە پێكبهێنێت بۆ دەرخستنی راستییەكان و ئێستاش بافڵ تاڵەبانی لە هەوڵی ئەوەدایە كە خۆی، دایك و براكەی لەو خیانەتە بێبەری نیشان بدات و بڵێ پێیانكردووە. هەر وەك چۆن لە دیمانەیەكی دوای 16ی ئۆكتۆبەردا ئیمزای ئەندامانی سەركردایەتیی یەكێتی لە پێش كامێرا بەرز كردەوە كە پەیوەست بوو بە رێككەوتن لەگەڵ حەشدی شیعی بۆ چۆڵكردنی بەرەكانی جەنگ!

 

هەقە مەحزەری ئەو دانیشتنانە بڵاوبكرێنەوە، بۆ ئەوەی مێژووی پڕ لە خیانەت و خەباتی كورد لە تاریكیدا نەمێنێتەوە و، ئەوانەی خیانەتیان كردووە، بەرەوڕووی دادگای گەل ببنەوە. بەڵام كوردستان بەهەشتی خائینانە!