بازگە دانان لە نێوان هەرێم‌و عێراق كوشتنی بازرگانیی هەرێمە

07-09-2018 04:22

 

بۆ سەركردایەتی سیاسی كورد؛ فریای پڕۆسەی بازرگانیی هەرێم بكەون، تا بەتەواوی دانەتەپێت:

هەرچەندە عەیامێكە لە چەند ناوچەیەكی جیاجیای عێراق‌و لەوشوێنانەی نزیكن لەناوچە سنورییەكانی هەرێم لەلایەن بازگەكانی عێراق‌و حەشدی شەعبی، بەبێ بوون‌و پێدانی هیچ پسوڵەیەكی فەرمیی‌و بیانوویەكی باوەڕپێكراو كە ئەوەش پێشێلكردنی تەواوی دەستورو یاسا كارپێكراوەكانە، هەر ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر كە كاڵاو شمەكی پێیەو لە هەرێمەوە دەچێتە شارەكانی ناوەڕاست‌و خواروی عێراق بڕێك پارە وەردەگیرێت كە زۆریی‌و كەمییەكەی پەیوەندی بە جۆری ئۆتۆمبێل‌و بڕی كاڵاو شمەكەكەوە هەیە، ئەم كارە نیگەرانیی زۆری لای بازرگانانی هەرێم دروستكردوەو بەهەوڵێكی تری دەزانن بۆ پوكانەوەی پڕۆسەی بازرگانیی هەرێم‌و كەمكردنەوەی كاڵاو شمەكی هاوردەكراو لە دەرەوە بۆناو هەرێم، بەتایبەت ئەو كاڵاو شمەكانەی كە ڕاستەوخۆ دەنێردرێن بۆ شارەكانی ناوەڕاست‌و خواروی عێراق .

 

ئەوەی كە لەئێستادا بۆتە خەمێكی گەورەتر لای بازرگانانی هەرێم هەوڵدان‌و كاركردنە لەلایەن حكومەتی عێراق بەگشتی‌و پارێزگاری كەركوك بەتایبەتی بۆ دانانی سێ بازگەی گومرگی لەنێوان شارەكانی( كەركوك ـ سلێمانی، كەركوك ـ هەولێر، موسڵ ـ دهۆك).

 

گەر ئەم هەوڵ‌و نیەتە سەربگرێت‌و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە ئەوا جگەلەوەی بەتەواوی بازرگانان بێهیوا دەكات، دەشبێتە هۆكارێك بۆ كوشتن‌و لەباربردنی پڕۆسەی بازرگانی‌و گۆڕینی ڕێڕەو و ئاڕاستەی بازرگانی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ خواروی عێراق، هێنانەوە ڕێچكەی خۆیشی دواتر دەبێتە كارێكی زۆر ئەستەم‌و گران.

 

بۆیە لەئێستادا كەباس لە پێكهێنانی حكومەت‌و پەرلەمانی نوێ دەكرێت ئەركی سەركردایەتی كوردو هەموو پارتە سیاسیەكانە كە نوێنەریان هەیە لەعێراقدا لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن بن یان یاسادانان، پێویستە پێش باسكردن‌و هەوڵدان بۆ وەرگرتنی پۆستێكی لاوەكی‌و تەشریفاتی كە هیچ دەستكەوتێكی لێوە بەدینایەت بۆ كوردو ئەزمونیش ئەوەی بۆسەلماندوین، باشترە جەخت لە جێبەجێكردنی ماددەو بڕگەكانی دەستوری عێراق بكەنەوە وەك خۆی، چونكە دانانی بازگەی گومرگی لەنێوان شارەكانی ناوخۆی عێراقدا كە هەرێمیش بەشێكە لە عێراق لەئێستادا، نەك پێشێلكردنی یاسایە بەڵكو یاریكردنیشە بەو دەستورەی كە بەقسەی هەموو بەرپرسانی عێراق بەهەرێمیشەوە چەترێكەو دەبێت كۆكەرەوەی هەموان بێت لەژێریدا.

 

بۆیە داوا لە بەرپرسان‌و نوێنەرانی هەرێم لەبەغداد، سەركردایەتی سیاسی كورد، لیژنەكانی دانوستانكار لەگەڵ حكومەتی عێراقی دەكەم كە؛ تكایە تكایە فریای پڕۆسەی بازرگانی لە هەرێم بكەون‌و ڕێگربن لە هەموو ئەو هەوڵە نهێنی‌و ئاشكرایانەی كە دەدرێن لەپێناو كوشتنی بازرگانیی‌و گۆڕینی ڕێڕەوەكانی بازرگانیكردن لەهەرێمەوە بۆناوچەكانی تری عێراق، چونكە لە ئەنجامدا جگەلەوەی هەرێم لەڕووی كۆكردنەوەی سەرچاوەی داهاتەوە لاوازترو بنكۆڵتر دەبێت‌و ڕووبەڕووی داتەپینێكی تری ئابوریش دەبێتەوە، لەكۆتایشدا هاوڵاتیانی بەشمەینەتی هەرێم سەرەڕای هەبوونی ئەو هەموو تەنگەژەو قەیرانانەی كە ئێستا پێوەی گیرۆدەن، باجدەری سەرەكی ئەم هەوڵەی تری حكومەتی ناوەند دەبن.