بایكۆتی هەڵبژاردن، ئاو بە ئاشی پارتی‌و یەكێتی-دا دەكات

11-09-2018 03:54

 

كەتۆ ناچیت بۆ دەنگدان، ڕاستەوخۆ ژمارەی كورسییەكانی پارتی و یەكێتی زیاد دەكەیت. ئیتر لەبەرچی ناچیت و كێ توڕەو نائومێدی كردوویت ئەوەیان با هەر لە دڵی خۆتدا بێت.

 

ئەزانم ئەوانەی داوای بایكۆتكردنی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی ٣٠ی ٩ دەكەن، هۆكارو پاساوی دروست‌و واقعییان هەیە بۆ نائومێدی و نیگەرانیەكانیان، بەڵام هەڵوێستەكەیان هەڵەیەو دەرەنجامی خراپی دەبێت لەبەر ئەم هاوكێشە زۆر سادەیە.

 

كە ڕێژەی بەشداری دەنگدەران كەمبوو لە هەڵبژاردنەكەدا، ژمارەی ئەو دەنگانەی بۆ هەر كورسییەك پێویستە دائەبەزێت. بۆ نمونە؛ نرخی هەر كورسیەك لە ٢٠ هەزار دەنگەوە دێتەسەر ١٤ هەزار دەنگ.

 

لەم حاڵەتەدا دەنگەكانی پارتی و یەكێتی، كە زۆربەیان دەنگی معاشخۆر و كارمەند و بندیوارن و وەك دەنگدەری نەگۆڕی ئەوان دەمێننەوە. ‌ئەوان‌ هەر بە هەمان دەنگی نەگۆڕیانەوە ژمارەی كورسیەكانیان لە پەرلەمان زیاد دەكات.

 

لە بەرامبەردا دەنگە خۆڵەمێشیەكان، ئەوانەی كە بایكۆت دەكەن، دەنگی لایەنە ناڕازی و ئۆپۆزسیۆنەكانە.

 

كەواتە بەم بایكۆتە ئێوە دەنگی لایەنە ئۆپۆزسیۆن و ناڕازییەكان كەمتر دەكەنەوە، هاوكات نرخی بەدەستهێنانی كورسی بۆ لایەنە دەسەڵاتدارەكانیش هەرزان دەكەن.

 

بەكورتی بایكۆتەكەی تۆ خزمەتێكی بەلاشە بۆ پارتی و یەكێتی، ئەگەر هەر بەڕاستی بڕواو متمانەت بەم دوو حیزبە‌ هەیە، ئەوا بایكۆت مەكە، بڕۆ راستەوخۆ دەنگیان بۆ بدە. ئەگەر لێیان توڕەیت و ئەتەوێت سزایان بدەیت بڕۆ دەنگ بە ڕكابەرەكانیان بدە.

 

لە كوردستاندا لانیكەم ٥ لایەنی ئۆپۆزسیۆنی خاوەن پڕۆژەو بەرنامەی جیاواز ڕكابەری پارتی و یەكێتی دەكەن. ناكرێت كاندیدێك نەبێت لە ناو ئەمانەدا شایانی متانەی تۆ بێت.

 

هەڵبەتە گرنگە پارتی‌و یەكێتی-ش بەقەدەر ژمارەی دەنگدەرە ڕاستەقینەكانیان نوێنەریان لە پەرلەماندا هەبێت، بەڵام كە دەنگدەرە خۆڵەمێشیەكان بایكۆتیان كرد، پارتی و یەكێتی دەبن بە زۆرینەیەكی زیاتر و گەورەتر لە قەبارەی ڕاستەقینەی خۆیان، بەمەش ناهاوسەنگی دروست ئەبێت. هاوكات بەشێكی خەڵكی كوردستانیش بێ نوێنەرایەتیكردن دەمێننەوە. ئەمە مەترسیدارەو سەر ئەكێشێت بۆ توندوتیژی و بۆڵەبۆڵی بێ ئەنجامی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان.

 

ئەزانم‌ بایكۆتكردنیش مافی تۆیەو یەكێكە لە بژاردەكانت، وەك چۆن دەنگدان و بەشداریكردنیش بژاردەیەكە، بەڵام گرنگە بزانیت دەرەنجامی بژاردەو بڕیارەكەت چی دەبێت و لە بەرژەوەندی كێ دەبێت. لێرەدا ئەوەی گرنگە دەرەنجامی بایكۆتەكەی تۆیە نەك ئەوەی چۆن و لەبەر چی تۆ ئەم مافەی خۆت بەكاردەهێنیت. هاوكێشە سادەو سەرەتاییەكەی سەرەوە پێمان دەڵێت كە دەرەنجامی بایكۆتەكەی تۆ تەنها ژمارەی كورسیەكانی پارتی و یەكێتی زیاد دەكات.

 

سەرەڕای هەموو كەم‌و كوڕی و ناشیرینیەكانی، ئەم خولەی ئێستای پەرلەمان بەراورد بە خولی یەكەمی ساڵی١٩٩٢، زۆر جیاوازە‌. ڕاست نیە ئەگەر پێتوابێت پەرلەمان بون و نەبونی وەك یەك وایە و هیچ ڕۆڵێكی لە ژیانی سیاسی كوردستاندا نیە. بەڵام تەواو هاوڕاتم ئەگەر بڵێیت لە ئاستی چاوەڕوانیەكانی خەڵكی كوردستاندا نیە و بۆتە پەراوێزێكی پەل و پۆكراوی سیاسەتەكانی پارتی و یەكێتی.

 

تۆ بەدەنگەكەت لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بەهێزبكەو دواتریش بچۆ یەخەیان بگرە لەسەر ئەوەی بۆچی وەك پێویست بە ڕۆڵی خۆیان هەڵناسن.

 

پەرلەمان عاسای سحری نیەو چاوەڕێ مەكە دنیامان بۆ بكاتە بەهەشت، بەڵام پەرلەمانێكی چالاك و دوور لە ساختەكاری هەڵبژاردن دەشێت یارمەتیدەر بێت لە چارەسەركردنی زۆر لە كێشەكانی كوردستان.