بۆچی بایكۆت بژاردەیەكی دروست نییە؟

13-09-2018 01:52

 

بەهەر ئاڕاستەیەكدا بیری لێبكەیتەوە، بایكۆتی هەڵبژاردنەكەی 30ی ئەیلول دەچێتە خزمەتی پارتی و یەكێتییەوە، بەتایبەت پارتی. بە نزیكەیی هەموو ئەوانەی بایكۆتیش دەكەن، دەنگی ناڕازین و بە پلەی یەكەم دژی ئەو دوو حزبەن، بەڵام بەو میكانیزمی دەربڕینی ناڕەزایەتییە، خزمەتێكی زۆر بە دوو حزبە دەسەڵاتدارەكە دەكەن، هەر هەنگاوێكیش بەرەو چاكسازی و ژیانێكی باشتر لە كوردستاندا بنرێت، بەهیچ ڕێگایەكدا ناڕوات جگە لە ڕێگای بچووككردنەوە و سنورداركردنی دەسەڵاتەكانی یەكێتی و پارتی.

 

بەشی زۆری ئەوانەی بڕیارە بایكۆت بكەن، تا ڕادەیەكی زۆر بەهانەكانیان لەجێی خۆیدایە، ڕاستە حزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات لەماوەی ڕابردوودا لە ڕووی سیاسیی و ئیدارییەوە زۆر خراپ بوون، نەیانتوانی باش و بوێرانە مامەڵە لەگەڵ واقعی كوردستاندا بكەن و لە زۆر دۆخدا زۆر بە شەرمنی سیاسەتیان كردووە و لەبەر كێشە ناوخۆییەكانی خۆیان نەپەرژاونەتە سەر كێشە سیاسییەكان، بەڵام زۆر گرنگە بزانین بە چ میكانزمێك سزای ئەو هێزانە دەدەین، گەر سزایەك بۆ ئەمان، بە ملئەستووركردنی یەكێتی و پارتی كۆتایی بێت، تا چەند لە بەرژەوەندی شەپۆلی ناڕازیی و ئازادیخوازییدا دەبێت؟

 

ڕەنگە هیچ حزبێك نەبێت تەواو لەگەڵیدا كۆكبین و هەنگاوە سیاسییەكانی لە ڕابردوودا بەدڵی ئێمە بووبێت، بەڵام گرنگە بۆ دانانی سنوورێك بۆ یەكێتی و پارتی، دەنگ بدرێت بە هەر كاندیدێك لەدەرەوەی ئەو دوو حزبە، هەموو ئەو لیستانەی دیكە دەكرێت چەند كاندیدێكی تێدابن كە تاڕادەیەك شیاوی ئەوەبن دەنگیان پێ بدرێت.

 

ئەو وتە سواوەی دەوترێت "بەدەنگی تۆ چەند كەسێكی دیكە دەوڵەمەند دەبن" گەر بەشێك لە ڕاستیشی تێدا بێت، ئەوا بێگومان بەبێ دەنگی تۆش ئەو 111 كورسییە هەر پڕ دەبێتەوە، بۆیە گرنگە تۆش بەشداربیت لە هەڵبژاردنی كەسێكدا كە خۆت بە شایستەتری دەزانیت نەك ئەوانی دیكە بۆت هەڵبژێرن.

 

بەپێی سیستمی هەڵبژاردن، هەموو هەرێمی كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردنە، بەوەش مەترسییەكی زۆر هەیە ئەو بۆشاییەی دەنگی ناڕازیی لە سلێمانی دروستی دەكات، "دەنگی ڕازیی زەردباو" لە دهۆك پڕی بكاتەوە.

 

ژمارەی دەنگدەرانی هەموو پارێزگای سلێمانی كە زۆرینەی دەنگی دەرەوەی یەكێتی و پارتییە دەكاتە 39 كورسیی، لەبەرامبەردا دهۆك بایی 23 كورسیی پەرلەمان دەنگدەری تێدایە كە زۆرینەی بۆ پارتییە. گەر لە سلێمانی ڕێژەی دەنگدان لەسەدا 40 بێت و لە دهۆكیش بگاتە لەسەدا 70، ئەوا ژمارەی كورسییەكان بەشێوەیەكی لێدێت دهۆك 31 كورسی یەكلادەكاتەوە و سلێمانیش تەنها 28، بەوەش بایكۆت بژاردە دڵخوازەكەی پارتی دەبێت و دیارییەك دەبێت لەسەر سینییەكی زێڕ لە جەماوەری ناڕازیی سلێمانیەوە بۆ مەترسیدارترین حزبی كوردستان!