لە هەناوی دیدگای نیشتیمانیدا هاوپەیمانی لە دایك بوو

28-10-2018 02:07

 

هاوپەیمانی بەوشێوەیەی كە ناسراو كە ناسێنرا، بەو گوتارەی كەپێی ناسرا ئومێدێكی گەورەی خولقاند، ئومێدی تێپەڕاندنی فۆڕمی حیزبی و حیزبایەتی سەقەت، ئومێدی سەرەتای هێنانەكایەی سیستمێكی حوكمڕانی باش و دروست و تێپەڕاندنی سیستمێكی حوكمڕانی سەقەت و چەقبەستوو، ئەگەر بەهەر هۆكارێك نەگەیشتە دەسەڵاتیش، دیدگای نیشتیمانی لەهەناویدا فۆڕمێكی نوێی ئۆپۆزسیۆنی لەخۆی گرتبوو كە هەموو فۆڕمە كۆنەكان تێپەڕێنێت‌و چیتر ئۆپۆزسیۆن نە دەستەمۆ بكرێت و نە شەریكی دەسەڵات بێت و نە بەجنێودان و شكۆشكاندن هەوڵی گۆڕان و گۆڕانكاریی و چاكسازی بدات، بەڵكو خەباتێكی مەدەنی پشوودرێژ بە كۆكردنەوەی هەموو هێزو كەسایەتیە چاكەخوازەكان، دیدگای نیشتیمانی دەیویست و دەیەوێت بۆ ماوەیەكی درێژخایەن پەرلەمانی كوردستان تەنها دوو فراكسیۆن بێت، فراكسیۆنی دەسەڵات و فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن، ئەگەر دەسەڵات بەدەستی خۆشیەوەبێت هەموو فرسەتەكانی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاست و دروست بخولقێنێت، چونكە دەسەڵات بەبێ ئۆپۆزسیۆن بەدەست هەركەس و حیزب و گروپێكەوە بێت ئەگەر چاودێر و ڕەقیبی نەبێت دواجار هەرتووشی فەساد و گەندەڵی دەبێت و بەرەو هەڵدێر و تەپین دەڕوات.

 

ڕاستە بێئومێدییەكی گەورەو قووڵ سەریهەڵداوە لەدوای ١٢-٥ وە لەپاش ١-١٠ كە ئۆپۆزسیۆن توشی قەیرانی گەورە بووە، لانیكەم متمانەی لەسەدا پەنجای خەڵكی لەدەست داوە ئەوەش بێ ئومێدییەكەی قوڵكردەوەو بوو بەدیاردە، لەهەمووی خراپتر ئەوەیە كە بێ متمانەییەكە نەچوەتە سەرحسابی دەسەڵات، بەڵكو خەڵكی كوردستان متمانەیان لەهەمووی وەرگرتووەتەوە بەڕێژەی جیاواز، ئەم حاڵەت و واقیعە مایەی دڵخۆشی نیە بۆ كەس، بۆیە پێویستە دیدگای نیشتیمانی دوور لەجیاوازی و جیاكاری و شەڕی ئایدۆلۆژیاو حیزب پەسەندی و پەرستی، وەك فۆڕمێكی زیندوو كارو خەباتی بەردەوامی بۆبكرێت و هەموو هێزو گروپ و كەسایەتیە چاكەخوازەكانی لێكۆببێتەوە.

 

دڵشكان و تۆران و بێ ئومێدی چارەسەر نیەو كۆمەڵگەو دەسەڵات پێكەوە بەرەوقەیرانی قوڵتر و مەرگ و مەرگەساتی زیاتر دەبات و منداڵ و گەنجان تووشی خەمۆكی و نوخبەش تووشی نەخۆشی دەستەپاچەیی دەكات دواجار چارەسەر دەبێتە سەراب.

 

بۆیە ڕۆحی هاوپەیمانی زیندووە و نابێت بمرێت و لەناخی سەدان هەزار گەنج و پیر و ژن و پیاوی ئەم نیشتیمانەدا خۆی مەڵاسداوە، چونكە هیچ چارەسەرێك نییە جگە لەودیدگایەی هاوپەیمانی هێنایە كایەوە و ڕەنگەكانی تێكەڵكرد شكۆی مرۆڤی كردە سەنتەر، عەدالەت و حوكمڕانی باشی كردە ئامانج و هاوڵاتی كردە خاوەن بڕیارو دەسەڵات و هەموو ئایدیا و ئاین و ئاینزاكانی پێكەوە كۆكردەوە، فەرموون باپێكەوە بەردەوام بین، چونكە دیدگای نیشتیمانی تەنها موڵكو تاپۆی هاوپەیمانی نیە بەڵكو بەری ڕەنجی دەیان ساڵی هەموو ماندوو نەناس‌و خەباتگێڕێكی ئەم نیشتیمانەیە، چوارساڵمان لەبەردەستەو هەموو پڕۆژەیەكی جوان گەورەو پڕئومێدی تێدا دێتەبەر.