پیاوی سپی لە ڕۆژی ڕەش دا

08-11-2018 02:40

 

ڕۆژگاری دوای ڕاپەڕین كاتێك «جەماعەتی بەناو كوردایەتی» لە شاخەكانەوە هاتنە خوارەوە بۆ شارەكان، خەڵك لە لادێ و لە شاخەكان خاوەن خوان و شەهامەت بوون، كەچی بە ئەزمونی (٢٧) ساڵ حوكمڕانی هەموو بەرپرسەكان بونە خاوەن كۆشك و تەلار، بونە ملیاردێر لەسەر سكی خەڵكی كوردستان، گەیشتنە پارەی مەرزەكان خستیانە گیرفانیان، گەیشتنە نەوت تاڵانیان كرد، نەمامەكانیان هەڵكێشاو زەوییەكانیان تەلبەند كردو دەستی سوكایەتی و بەدڕەوشتییان گەیشتە هەموو گیانلەبەرێكی كوردستان.

 

ڕۆژگارێكی ڕەشیان لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و سەروەر نەكردنی دادگاكان خوڵقاند.

 

زۆر نین ئەو پیاو و كەس و بنەماڵانەی كاری خێرخوازیی ئەكەن، بەشێكیش لە وانە زۆر كەم دیارن لە ناو كۆمەڵگا و تیڤی و سۆشیال میدیا، كە باسی پیاوە سپیەكە دەكەین هەندێك كەس لایان سەیرە و پێشتر ناوێكی وایان نەبیستووە...‌!

 

لەم ئان و ساتانەدا، خەڵكی كوردستان پێی سەیرە پیاوێكی سپی و نەجیب و ئەسڵزادەی وەك «جەلالی عومەری سام ئاغا» لەناو كایەی حوكمڕانیدا بووبێت‌و بە ڕووسووری ناوی دەركردبێت.

 

جەلالی سام ئاغا، لەسەرەتای شەستەكانی سەدەی ڕابردوو كۆلێژی ئابوری و بازرگانی لە زانكۆی بەغدا تەواو ئەكات، لەسەرەتای شۆڕشی ئەیلولەوە دەست بەكارو چالاكی ئەكات و، لەسەر بزێوی و خزمەتی كاروباری پێشمەرگە دەستگیر ئەكرێت.

 

ئەم پیاوە سپیەی نیشتمان، تەنها ڕۆڵەیەكی سلێمانی و دارولمولكی بابان نییە، بەڵكو لە هەموو حیزب و لایەنەكانی چوار پارچەی كوردستان و كوردانی هەندەرانەوە وەك چاكەخواز و نێوبژیوان و بەخشندەیی و دەستپاكی ناوی ئەهێنرێت‌و هیوای لەسەر هەڵدەچنرێت.

 

ئەزمون و خزمەتی نیوسەدە كاروباری ئیداریی هەیە، مەسەلەكە ڕەنگە هەر ئەمە نەبێت، زیاتر وەك خوێنەرێك دەمێكە دیققەت لەوانە ئەدەم كە لەسەر ئەم پیاوە قسە ئەكەن، ئەبێت نهێنیەك هەبێت كەسێك نزیكەی هەشت ساڵە خانەنشین بووەو لەماڵەوە دانیشتووە، كەچی لە زیهنیەتی خەڵكدا، لە هەناوی كۆمەڵگەدا هەموو ساتێك ئەو لە دایك ئەبێتەوە. ئەمەش هۆیەكەی ئەمانەی لای خوارەوەیە:

 

یەكەم: بەخشین لەماڵی خۆی بۆ ماڵی گشتی و خەڵكی بەشمەینەت، لەكاتێكدا بەرپرسەكانی كوردستان ڕۆژ ئەبێتەوە ماڵی خەڵك ئەدزن و داگیر ئەكەن، جەلالی سام ئاغا خانووەكەی خۆی لە گردی سەرچنار لە شاری سلێمانی كە نزیك (٤٠) ساڵ بەر لە ئێستا دروستی كردوە ئەبەخشێت بە وەزارەتی تەندروستی، كە بێگومان ئەم خانووە یەكێكە لە شوێنە گرانبەهاكانی شار، دوای كۆچی دوایی خۆی ڕادەستی وەزارەتی تەندروستی ئەكرێت.

 

سام ئاغا لەگەڕەكی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایكبوە، بەرلە خانەشین بونی زەوییەكی خۆیان ئەفرۆشرێت‌و پارەكەی ئەخاتە بانقەوە، ساڵانە قازانجی ئەو پارەیە كە لە بانق دانراوە ئەدرێت بە ژمارەیەك خانمی سەلار و كارمەندی سەركەوتوی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی.

 

جەلالی سام ئاغا و خانەوادەكەی، بەمەشەوە ناوەستن، لەكاتێكدا قەیرانەو كوردستان پێویستی بە سەدان خوێندنگە هەیە، خۆیان و كەسوكارەكەی پەیوەندی بە حكومەتەوە ئەكەن و دیزاینێكی نمونەیی وەها پێشكەش بە پەروەردەی هەرێم ئەكەن بۆ دروستكردنی خوێندنگەیەك، كە لە ڕۆژی مەراسیمی كردنەوەی خوێندنگەكەدا، بەرێوەبەرایەتی پەروەردە دانیان بەوەدانا لەمەولا هەمان دیزاینی ڕێكوپێك بەكار ئەهێنن بۆ دروستكردنی خوێندنگە لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تر.

 

لە تازەترین كاری خێرخوازی خۆی و بنەماڵەكەی، كردنەوەی قوتابخانەی زەكیەی سام ئاغای 12 پۆلی بوو لە شاری سلێمانی لە گەڕەكی ئیبراهیم ئەحمەد، كە چەندین كوڕ و كچی خوێندكاری لە تەواوی قۆناغەكانی خوێندن لە ماڵێكدا گواستە‌وە ناو قوتابخانەیەكی مۆدێرن.

 

دووەم: بە گژاچونەوەی گەندەڵی، خاڵ‌و وێستگەی گەورەی ژیانی جەلالی سام ئاغا بریتیە لەوەی كە ئەو یەكەم فیشەكی دژی گەندەڵی تەقاندووە، ئەم پیاوە ئەوەندە «بە سام» بووە كە گەندەڵكاران لە دەستی هەڵهاتوون، لە كاتێكدا (9) ساڵ جەلالی سام ئاغا سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی ئەبێت، نزیكەی (٢٥٦٠) ڕاپۆرت لە دژی گەندەڵكاران ئامادە ئەكەن‌و وردبینی بۆ ئەكەن، كە ئەبینێت لە گەندەڵكاران ناپرسنەوە، چەندین جار داوا لە جەلال تاڵەبانی هاوڕێی خۆی ئەكا ئەگەر لێپرسینەوە نەكەن دەستلەكارئەكێشێتەوە، لەنامەی دەستلەكاركێشانەوەكەدا ئەنوسێت "من جسمێكی غەریبم لەناوتانا، شەرەفمەند نیم بە وەزیفەكەتان."

 

بەم كارانەی لە ڕابردوو و ئێستاو داهاتوو، نەوەیەك فێری ئەوە ئەكات كە وەك خۆی بن و هەزاران كوڕ و كچی لاو فێری نیشتیمان پەروەری ئەكات.

 

دواجار، پێگەو جێگەی جەلالی سام ئاغا لەناو دڵی خەڵكی كوردستاندا گەورەیە، لەبەرئەوەی لە وەزیفەدا بوو دژی گەندەڵكاران‌و لە بەرەی خەڵك و هەژاران و نیشتیمانەكەی لای نەدا و ماڵەكەی بوو بە ماڵی هەموان.

 

ئەوەی پێویستە بگوترێت لەم كاتەدا زیاتر هاندانی تەواوی سەرمایەدارەكانی هەرێمی كوردستان و بناماڵەكانی ترە‌ كە چاو لە بنەماڵەی سام ئاغا بكەن لە ئەنجامدانی كاری خێرخوازی لە هەرێمی كوردستان، چونكە ڕۆژی ڕۆژگاری ڕەش پیاوی سپی پێویستە.
وەك لە كوردەواریدا دەوترێت: (ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەشە).