بەهانەهێنانەوە بۆ بەشداری لەكابینەی نوێ، داخستنی ناڕاستەوخۆی دەرگاكەیە

14-11-2018 10:34

 

دوای ئەوەی ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە 6-11-2018 سوێندی یاساییان خواردو دەستبەكاربوون، لەئێستادا چ بەنهێنی و چ بە ئاشكرا باس‌و خواس لەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەو لەو نێوەندەشدا لێرەولەوێ گوێمان لە وتەو لێدوانی پڕ پڕ لە سەیرو سەمەرە دەبێت لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەو پارتانەی زۆرینەی كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە بۆپێكهێنانی حكومەتی نوێ.

 

ئەو وتانەش زیاتر ئاڕاستەكراون بۆ ئەو پارتانەی تر كە ئەگەر بەنیازبن بەشداری حكومەت‌و كابینەی تازە بكەن، لەو لێدوانە سەیرانە ئەوەیە كە دەوترێت هەرحیزبێك بیەوێت بەشدار بێت لە كابینەی حكومەت دەبێت گرەنتی ئەوەبدات كە كابینەكە جێنەهێڵێت تاكو كۆتایی بەكارەكانی دێت، واتا لەنیوەدا پاشەكشە نەكەن لەكابینەكە، بەڵام باسلەوە نەكراوە ئەگەر وەزیرەكانی ئەوحیزبە ملیان نەدا بۆ هەموو داواكارییەكی نابەجێ ئەوا ڕێگرییان لێنەكرێت و لەكارەكانیان دوور نەخرێنەوە تاكۆتایی بەكارەكانی كابینەكە دێت .

 

یاخود دەیانەوێت گەر هەرپارتێكی سیاسی كە بەشدارە لە حكومەتدا نابێت وەك ئۆپۆزسیۆن بیربكاتەوەو ڕەخنە لەكابینەی حكومەت بگرێت، ئەمەیان كورت‌و پوخت مەبەستیانە هەر پارتێك بەشداربێت لە كابینەی حكومەتدا دەبێت لە پەرلەمانیشدا بێدەنگ بێت، چونكە بەبڕوای ئەوان كە لە كابینەی حكومەت بەشداربویت ئیتر نابێت فراكسیۆنە پەرلەمانیەكە ڕەخنەو سەرنج‌و تێبینی هەبێت لەسەر ئەدائی كاری حكومەت‌و دامەزراوەكانی، ئەمە هەم بیركردنەوەیەكی زۆر نالۆژیكیی‌و ناسیاسی‌و بێ بەهایە، هەمیش بێ هەیبەتكردنی زیاتری دامەزراوەی پەرلەمان‌و فراكسیۆن‌و خودی ئەندامانی پەرلەمانیشەو نابێت تەنانەت ئەندامانی فراكسیۆنەكانی پارتی‌و یەكێتیش ئەوە قبوڵ بكەن، چونكە ئەوان بەدەنگی خەڵك بونەتە پەرلەمانتار كەچی لەئاستی قەیرانەكانیشدا كە ڕووبەڕووی خەڵك دەبنەوە بێدەنگی هەڵبژێرن، ئەوە بیركردنەوەیەكی نادروستەو كوشتنی هەوڵەكانی چاودێریكردن‌و بانگهێشتكردن و تەنانەت لێپرسینەوەو متمانە لێوەرگرتنەوەشە لە كابینەكەو وەزیرە بەشداربوەكانی، كە یەكێكە لەكارە سەرەكیەكانی پەرلەمانی كوردستان لەوسێ ئەركەی لەسەرشانیەتی .

 

لێدوانەكانی بەرپرسانی پارتی بەتایبەت زیاتر بۆنی ئەوەیان لێدێت كە بیانەوێت لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان حكومەتی نوێ پێكبهێنن، بەڵام لەجیاتی (50 بە 50) كەی جاران پێدەچێت( 60 بە 40) یان (65 بە 35) بێت .

 

بۆیە ئەوجۆرە لێدوانانە دەرگا داخستنێكی ناڕاستەوخۆیە بەسەر هێزو پارتە سیاسیەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی، قبوڵكردنی هەرهێزێكیش بەهەربیانوو مەرجێكی پێشوەختەو سەپاندنیان بەسەریدا ئەوا خۆكوشتنێكی گەورەی سیاسی پارتەكەیەو لادانیشە لەو پرەنسیپ‌و دروشمانەی كە هەڵیگرتوەو لەپێناویدا دامەزراوە .

 

ئاماژەكان پێماندەڵێن پارتی بەپلەی یەكەم‌و دواتریش یەكێتی نیشتیمانی گەرەكیانە یان كابینەیەكی دوو قۆڵی پێكبهێنن یان كابینەیەكی فراوان‌و گشتگیرو هەمەلایەنە، بەڵام بەمەرجی بێدەنگ بوون و قڕوقەپكردن لە ئاست هەموو قەیران، ڕووداو، پێشهات‌و گۆڕانكارییەكاندا لەناو حكومەت‌و پەرلەمانیشدا .

 

بۆیە بیانوو بەهانەی پێشوەختە بۆ بەشداریكردن لە حكومەت، داخستنی دەرگاكانە تاوەكو بەشداری كابینەت پێنەكرێت، ئیتر نابێت جارێكی تر لە پەنجەرەو كڵاوڕۆژنەوە هەوڵی چونە ژوورەوە بدەیتەوە بۆ ناو كابینەیەكی لەوشێوەیە، لەبەرئەوە بژاردەی تەندروست‌و سەركەوتوو، بوون بە ئۆپۆزسیۆنێكی كاریگەرە بەدروستكردنی بەرەیەكی تۆكمەو بەهێز لەگەڵ ئەولایەنانەی كە بڕیاری بوون بە ئۆپۆزسیۆنی دەدەن لەدواجاردا .