چارەكە ملیۆنێك جیاوازی لەژمارەی دانیشتوان، بۆ؟

24-11-2018 03:46

 

لەوەڵامی پرسیارێكی ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بەژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی ناوەند دەڵێت: كۆی ژمارەی دانیشتوانی عێراق بریتیە لە 38 ملیۆن و 124 هەزارو 182 كەس.

 

لەناویدا كۆی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستانی دیاریكردووە كە بریتیە لە 5 ملیۆن و 309 هەزارو 592 كەس، هەرێمی كوردستانی بەسێ پارێزگا ناساندوەو پارێزگای هەڵەبجەش لەگەڵ سلێمانی هەژماركراوە نەك وەك پارێزگایەكی سەربەخۆ، بەم شێوەیەی خوارەوە؛

 

- پارێزگای هەولێر 1 ملیۆن‌و 854 هەزارو 778 كەس.

- پارێزگای سلێمانی 2 ملیۆن و 162 هەزارو 279 كەس.

- پارێزگای دهۆك 1 ملیۆن و 292 هەزارو 535 كەس.

كە دەكاتە ڕێژەی 13.972% كۆی دانیشتوانی عێراق.

 

بەڵام دەستەی ئاماری هەرێم سەربەوەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆهەمان ساڵی 2018 ژمارەیەكی ترمان پێ دەڵێت بۆ كۆی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم، جگە لەناوچە دابڕێنراوەكان‌و دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ژمارەكەی دەستەی ئاماری هەرێم نزیكەی 260 هەزاری زیاترە لەو ژمارەیەی كە وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشكرایكردوە.

 

ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بەپێی ئامارەكەی دەستەی ئاماری هەرێم بۆ ساڵی 2018 بریتیە لە 5 ملیۆن و 577 هەزارو 815 كەس.

 

ئەمە لەكاتێكدا كە هەربەپێی ئامارێكی تری دەستەی ئاماری هەرێم، ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بۆساڵی 2017 بریتی بووە لە 5 ملیۆن و 549 هەزارو 100 كەس.

 

بەكوردی و بەكورتی جیاوازی نێوان ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بەپێی ئەو دوو ئامارەی وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی ناوەندو دەستەی ئاماری سەربە وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم، زیاترە لە چارەكە ملیۆنێك هاوڵاتی، یاخود وردتر بڵێین جیاوازی هەردوو ئامارەكە بریتیە لە 268 هەزارو 223 كەس، ئەمەش جیاوازییەكی زۆرە لە نێوان ناوەندو هەرێم بۆ هەژماركردنی دانیشتوان.

 

بۆیە لێرەدا چەند پرسیارێك دروست دەبن كە مەحاڵە وەڵامێكی ڕاست و دروستمان چنگ بكەوێت لەوانە؛

ــ كام لەم دوو ئامارە ڕاستن بۆ دانیشتوانی هەرێم؟

ــ ئەم دوو ژمارە جیاوازە تاچەند كاریگەری دەبێت لەسەر بڕی بودجەی تەرخانكراو بۆهەرێم؟ چونكە ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بەپێی ئامارەكەی ناوەند كەمترە لە سەدا 14ی كۆی دانیشتوانی عێراق، بەڵام بە ئامارەكەی هەرێم زیاترە لە سەدا 14.5ی كۆی دانیشتوانی عێراق، ئەو جیاوازییەش بۆتەرخانكردنی بودجە چەردەیەك پارە دەكات.

ــ ئامانج چیە لە زیاد نوسینی دانیشتوانی هەرێم لەلایەن دەستەی ئاماری هەرێمەوە؟ ئەی لەكەم نوسینی دانیشتوانی هەرێم لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە؟

 

ماوەتەوە بوترێت لە وڵات‌و هەرێمێكدا دەیان ساڵ بێت سەرژمێرییەكی دانیشتوانەكەی نەكرابێت ئەوا نەك یاریكردن بە ژمارەی دانیشتوانەكەی ئاسانە، بەڵكو هیچ داتاو ئامارێكی وردت دەستناكەوێت لە هیچ بوارو سێكتەرێكداو ئەو داتاو ژمارانەش كە زۆر دەوترێن‌و دەبیسترێن زیاتر ڕێژەیی یان نزیككراوەیین‌و هیچی تر. بۆیە لێرەوە دەكرێت و دەشتوانین حكومەتی ناوەندو هەرێم بە دوو شوێنی یاریكردن‌و گۆڕینی ژمارەكان پێناسەو ناوزەند بكەین.

 

بەهیوای چڕكردنەوەی هەوڵەكان لە كەناڵە هەمەجۆرەكانەوە بۆ ئامادەسازی و كاركردن تاوەكو سەرژمێرییەكی ورد لە عێراق‌و هەرێم ئەنجامبدرێت و ڕزگارمان بێت لەم یاریكردنە بە داتاو ژمارەو دانیشتوانەكەشیەوە، چونكە عەیبەیەكی گەورەیە لەم سەردەمی جیهانگیری و پێشكەوتنەی بواری تەكنۆلۆژیادا نەزانیت و دڵنیا نەبیت لە ژمارەی دانیشتوانی وڵات و هەرێم و شارو شارۆچكەو گەڕەكەكانیشت، بەڵكو ئەوەی لێی دڵنیا بیت تەنها ژمارەی خێزانەكەی خۆت بێت و هیچی تر.