دیسانەوە مادەی ١٤٠

01-12-2018 06:00

 

كەركوك ئەوشارەی لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەردەم جێگای ململانێ و خاڵی ناكۆكی نێوان حكومەتی عێراق و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد بووە، گرنگییە ئابووریەكەی كە خۆی دەبینێتەوە لە بوونی یەدەگێكی زۆری نەوت هۆكارێكی سەرەكیی ئەم ململانێ بەردەوامە بووە.

 

هەرئەمەش وایكردوە ئەم شارە خۆی و دانیشوانە ڕەسەنەكەی بە هەموو پێكهاتەكانیەوە كە نیشتەجێی شارەكەن هەردەم زۆرترین قوربانییان داوە، بەتایبەت لەسەردەمی حكومڕانی حیزبی بەعسی ڕووخاودا كە هەموو جۆرەكانی ڕاگواستن و تەبعیس‌و تەعریبی بەرامبەر بەكارهێنرا و پشكی شێریش بەرنەتەوەی كورد كەوت.

 

حیزبی بەعس ڕوخاو دەسەڵاتی كوردی گەیشتە كەركوك و بەشێكی زۆری ناوچەكانی چواردەوری، بەڵام دەسەڵاتی كوردی بەهۆی هەڵپەی پلەو پۆستی بەغداد و دەست كەوتنی زۆرترین پارە و سامان نەیتوانی شارەكە بگەڕێنتەوە سەر هەرێمی كوردستان، بەڵكو ئایندەی شارەكەی سپارد بە مادەی ٥٨ و دواتر ١٤٠ی دەستوری عێراق!

 

ئاخر لەكوێی دونیادا بووە نەتەوەیەك دڵنیابێت لەوەی خاكەكە هی خۆیەتی بیخاتە چوارچێوەی ماددە‌و بڵێ دوای ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە با ڕاپرسی یاخود سەرژمێری بكرێت، هەموان دەڵێن نیشتیمان دایكە، كەس هەیە دایكی بنێریت بۆ پشكنینی (DNA)یان خۆی بچێت بۆ تاقیگە تاوەكو دڵنیابێتەوە كە دایكییەتی یان نا؟

 

هەروەها دەسەڵاتی كوردی لەجیاتی بەكارهێنانی ناوی كەركوك وەك بەشێك لە نیشتیمان، وشەی ناوچە جێ ناكۆكەكانی لە ڕاگەیاندنەكانەوە ناساند بە هەمووان وەك بڵێت كە گومانیان لە كوردستانی بوونی هەبێت!(دواتر كرا بە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.)

 

بەشێك لە هاوڵاتیانیش هۆكارن بۆ ئەم دۆخەی كەركوك، چونكە پارەی قەرەبووی مادەی ١٤٠یان وەرگرت، لەجیاتی ئەوەی بچنەوە لە شارو شوێنەكانی خۆیان نیشتەجێ ببن، بەڵام هەر لە ناوچەكانی پێشتریان لە هەرێم مانەوە، كەسێك ئامادە نەبێت بچێتەوە شارەكەی خۆی ئەی بۆ لۆمەی عەرەبی هاوردە بكرێت كە بۆ ئەوانیش پارەی قەرەبوویان وەرگرت‌و نەگەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان، بەڵكو تەنها گەڕەكەكەیان گۆڕی، ئەوان جێگایەكی پڕ خێریان دەستكەوتووە بە بێبەرامبەر چۆن جێی دەهێڵن؟

 

لە دوای بەعس زیاتر لە ١٢ ساڵ كورد حاكم‌و دەسەڵاتداری ئەو ناوچانە بووە، نەك هەرنەیتوانی كەركوك بگەڕێنێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، بەڵكو نەشیتوانی تەبایی‌و ڕۆحی پێكەوە ژیان لە نێوان پێكهاتەكانی شارەكە دروست بكات لە پێناو ئەوەی ئەوانیش تێگەیشتنیان بگۆڕێت بۆ كوردو حكومڕانی كورد‌و حەز بكەن لەچوارچێوەی هەرێمدا بژین نەك عێراق.

 

لەدوای هاتنی داعش‌و كۆنتڕۆڵكردنی شارەكە و سەرجەم ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم بە خوێنی پێشمەرگەو هاوكاری خەڵكی ناوچەكە، لەجیاتی ئەوەی لەسەرئاستی ناوخۆو بە یەكڕیزی هەوڵی گفتوگۆبدەن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەو عێراق بۆ گێڕانەوەی كەركوك بە پلانی وردەوە، وتیان سیاسەتی ئەمری واقیع جێبەجێ ئەكەین و مادەی ١٤٠ كۆتایی هات و كەركوك گەڕاوەتەوە سەر هەرێمی كوردستان!

 

بە بۆچوونی من خراپترین جۆری سیاسەت كردن بوو، چونكە لە عێراق سنورەكان لە نێوان هەرێم‌و بەغداد ناجێگیرن‌و سیاسەتی ئەمری واقیعیش واتە كێ دەسەڵات داربوو ئەوە حوكمی ڕەها دەكات، ڕیفراندۆم كراو دوای كەمتر لە دوو مانگ لەشەو و ڕۆژێكدا كەركوك‌و هەموو ناوچەكانی تر كەوتەوە دەست حكومەتی عێراق، ئێستا ئەوانیش بە سیاسەتی ئەمری واقیع حوكم دەكەن، ڕۆژێك ڕێگا لە چوونی كتێب دەگرن بۆ كەركوك و ڕۆژێك عەرەب دەنێرنە سەر گوندە كوردییەكان و دەریان دەكەن و جیاوازی لە خزمەتكردنی گەڕەكەكان و دابەشكردنی پڕۆژەكان دەكەن.

 

ئێستاش حیزبە كوردییەكان پۆل پۆل بەرەو بەغداد ڕۆیشتوون، هەر لەسەر ئاستی شەخسی‌و پەرلەمانتار تا سەرۆكی حیزب، بە سەرۆكی ئەو حیزبەشەوە كە پێشڕەوی ڕیفراندۆم بوو، بڕیاریاندابوو بە هاوڵاتیان بە پاسپۆرتی دەوڵەتی كوردی‌و دراوی كوردییەوە سەردانی بەغداد بكەن، لەپێناو پۆست‌و پارە‌و دەسەڵاتدا لە دەرگای هەموو حیزبە عێراقیەكان دەدەن‌و بەڵێنی ڕاستكردنەوەی هەڵەكان دەدەن.

 

بەڵام كەركوك و مادەی ١٤٠ لە ئەجێندای هیچ كام لە سەردانەكاندا نیە‌و ئامادەشن بۆچەندین ماوەی تر پارێزگارێكی عەرەب حوكم بكات‌و كوردێك نەبێت كە سەربە حیزبەكەیان نەبێت، هەموانیش خۆیان بێدەنگ كردووە بەرامبەر ئەو شارەی ڕووبارێك خوێنی لە پێناودا ڕژاوەو ئەوشارەی دانیشوانەكەی ئازار نەماوە نەیچێژن.