گەندەڵی‌و مافی مرۆڤ

10-12-2018 05:43

 

دوێنێ 9-12 و ئەمڕۆ 10-12 وەك دوو ڕۆژی جیهانی دیاریكروان، یەكەمیان بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی‌و دووەمیشیان بۆ مافی مرۆڤ.

 

بەبڕوای من هیچیان پێویستی بەدیاریكردنی ڕۆژێكی تایبەت نیە، چونكە گەندەڵی هێندە بەربڵاوو فروانە هەموو ڕۆژەكانی ساڵ دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە.

 

مرۆڤەكانیش پێویستیان بەوەیە هەموو كات مافپارێزراوبن‌و لە ژیانێكی شەرەفمەندانە بژین.

 

گەندەڵی مرۆڤەكان دەیكەن‌و مرۆڤەكانیش سەرچاوەی دروستبوونی گەندەڵین.

 

مەترسیەكانی گەندەڵی بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتیەكان لە دوای تیرۆرەوە دێت لە ڕووی هەڕەشەوە بۆسەر كۆمەڵگاو مرۆڤایەتی.

 

مرۆڤیش گەورەترین‌و زیرەكترین بونەوەری سەرزەوییە لە ڕووی ژیریی و مەعریفەوە، بۆیە بۆ بەگژاچونەوەی مەترسیەكی زەبەلاح‌و ترسناكی وەك گەندەڵی ئەوە پێویستی بەعەقڵی بونەوەرە گەورەو ژیرەكانە لەسەر زەمینی واقیعدا.

 

بەداخەوە لەساڵانی ڕابردوودا ئەگەر گەندەڵی‌و مشەخۆریی حاڵەت بوبێت، لەئێستادا تەشەنەیكردوەو بووەتە دیاردەیەكی ترسناك‌و مەترسیدار لەنێو كۆمەڵگەی كوردیدا، لەوەش خراپتر، هێندە خراپ ئەو پەتایە تەشەنەی كردوەو مرۆڤەكانی تێوەئاڵاو و گلاوە، خەریكە گەندەڵی دەبێت یان دەكرێتە بەرژەوەندیی گشتی.

 

بۆیە مرۆڤەكان پێویست دەكات لە چەند ئاستێكدا لەڕێی دامەزراوە فەرمی‌و نافەرمیەكانەوە ڕووبەڕووی گەندەڵی‌و گەندەڵكاران ببنەوە.

 

لە دونیادا مرۆڤە گەندەڵەكان شەرمەزارو ڕیسوا دەكرێن، بەڵام لەم مەملەكەتەی ئێمەدا پۆست‌و پایەی زیاتریان پێ دەدرێت، لە وڵاتانی تر هەركەس گەندەڵكارێك ئاشكرا بكات جگە لە ڕێزلێنانی تایبەت، خەڵاتی ئازایەتیشی دەكرێت، كەچی لەم هەرێم‌و وڵاتەدا ئەوەی گەندەڵی ئاشكرا دەكات لەلایەن گەندەڵكارەكەوە ژیانی دەخرێتە مەترسیەوە.

 

لەم هەرێمەی لەمەڕخۆماندا هەموو شتەكان پێچەوانە دەبنەوە، گەندەڵكاری ڕۆژ، گاڵتە بە مشەخۆری شەو دەكات و مشەخۆرەكانیش پێكەنینیان بە مشورخۆرەكان دێت.

 

بۆیە هێندە بەسە بوترێت ئەگەر ڕووبەڕوو بونەوەی گەندەڵی‌و شەرمەزاركردنی گەندەڵكاران نەكرێتە كلتورێكی هەمیشەیی‌و بەتەواوی نەچەسپێنرێت لەناخ‌و هزرماندا، ئەوا دوورنیە لەچەند ساڵی داهاتوی نزیكدا گەندەڵكاران ڕۆحمان بەشێنەیی‌و دەستە جەمعی بكێشن .
گرنگ نیە ڕۆژێك بۆ دژەگەندەڵی و ڕۆژێك بۆمافەكانمان هەبێت، گرنگتر لەوە سازو ئامادەبونمانە بۆ چاكسازی و پاراستنی شكۆی مرۆڤبونمان.