كەتنی گەورە چییە؟

16-12-2018 11:26

 

- كەتنی گەورە ئەوەیە: ماڵت لە بەرزترین شوێنی شارەكەت بێت و هەموو خەڵكت لە بەردەستدابێت و كەس نەبینیت!

 

- كەتنی گەورە ئەوەیە: دروشمت لە هەڵبژاردندا هەلی كار بێت و عەرەبانەی خەڵكی بشكێنی و هەلی كاری لێبسەنیتەوە؟

 

- كەتنی گەورە ئەوەیە: تەنانەت گۆڕی مردوەكانیشت لەگەڵ گۆڕی شەهیدەكانت جیاوازبێت!

 

- كەتنی گەورە ئەوەیە: بەردەوام خۆت كارەبات هەبێت و نەزانی كارەبابڕان چییە؟!

 

- كەتنی گەورە ئەوەیە: لەناو ئەو هەموو كەسە حیزبیانەی حیزب، كەست دەستنەكەوێت بیكەیتە سەرۆك و جێگر، كەسی بنەماڵەكەت نەبێ!

 

- كەتنی گەورە ئەوەیە: خۆت جێگر بیت، بەڵام بۆ هەموو لایەنێكی دەسەڵاتەكانت، ڕاوێژكاریشت هەبێ!

 

- كەتنی گەورە ئەوەیە: خۆت كەتنكەربیت، لەگەڵ كەتنكەری گەورەتر لەخۆت، شەریك بیت!

 

- كەتنی گەورە ئەوەیە: پێشبڕكێی كەتنكردن بكەیت لەگەڵ كەتنكەرانی دیكەدا!

 

- كەتنی گەورە ئەوەیە: چونكە خاوەنی كەتنن، پێشبینی و نوقڵانەی كەتنی دیكە لە كەڵكەڵەی مێشكتابێ!

 

- كەتنی گەورە ئەوەیە: گەورەترین دەسەڵاتی حكومیت هەبێت، لەزاری خۆتەوە بڵێیت: مافیاو ڕۆژنامەكوژ خاوەنی بیرەنەوت بوونی هەیە و هیچت پێنەكرێ لەگەڵی!

 

- كەتنی گەورە ئەوەیە: خۆت نەوت فرۆش بیت و هاووڵاتییەكانت نەوتیان نەبێت بۆ وەرزی سەرما!

 

كەتنی گەورە هێندە زۆرە، لە ژماردن نایەت، ڕۆژانە لە هاوڵاتیانەوە دەیبیستین، دەیبینین، جگەلەوەی خۆشتان جارجارە بۆ لێدان و شكاندنی یەكدیی باسی دەكەن.

 

دەی كەوایە ئێوە كە خاوەنی ئەم هەموو كەتنەبن لەزاری خۆتانەوە دەیبیستین، نیوهێندە بیر لە ژیان و داهاتووی نەوەكانی دوای خۆتان و هەرێمەكەتان بكەنەوە، با مێژوو وەك پڕۆگرامی خوێندن نەیخاتە بەردیدی نەوەكانی داهاتوو!