یەكێتی نیشتیمانی كوردستان: كام یەكێتیی؟ كام نیشتیمانیی؟

12-01-2019 04:49


تا سەرەتای ساڵانی نەوەد یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هێزێكی چەپگەر و ڕادیكاڵی ناو سیاسەتی كوردیی بوو. هەم لەڕووی بەرنامەی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەوە جۆرێك لە بەرچاوڕوونی تێدابوو، هەم لەڕووی ئۆرگان و پێكهاتی حیزبیشەوە. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەبوو ئەم هێزە موڵكی هەموو یەكێتییەكان بوو، هێزی هیچ خێزان و بنەماڵە و بەرەبابێكی ناو یەكێتی نەبوو. شتێك بە ناوی سوڵتانیزمی سیاسییەوە لەناو ئەو هێزەدا بوونی نەبوو. ئەگەر تاڵەبانی خۆشی وەك كەسی یەكەمی ناو ئەم هێزە، هەندێكجار وەك سوڵتانێك كاریكردبێت، ئەوا تا دوای كەوتنی ڕژێمەكەی سەدام حوسەینیش تاڵەبانی "سوڵتانێك بوو بێ سوڵتانیزم". ئەو لەشكرە لە كوڕ و كوڕەزا و برا و ئامۆزا و خزم و خێزان و هتد... لەناو یەكێتیدا و لە پێگەی دەسەڵاتدا بوونیان نەبوو.
 

ئەگەرچی یەكێتییەكان تاڵەبانی وەك كەسایەتیەكی پیرۆز و بێهەڵە مامەڵەدەكەن، بەڵام تاوانی دروستبوون و چەسپاندنی ئەو سوڵتانیزمە سیاسییەی لە ئێستادا بووە بە شوناسی هەرەسەرەكیی یەكێتی، لە ئەستۆی تاڵەبانی خۆیدایە. یەكێتی ئەمڕۆكە هێزێكی پارچەپارچەی پڕ ناكۆكیی و پڕ ململانێ و ڕق و تەماحی سەرمایەدارانەی زەبەلاحە كە هیچ شتێك هیچ یەكێكیان ناباتەوە ناو سیاسەت وەك چالاكییەك كە پەیوەندیی بە قازانجی گشتییەوە هەیە. یەكێتی بە كردەوە لەوە كەوتوە حیزبێكی سیاسیی بێت و تەواو گۆڕاوە بۆ كۆمپانیایەكی فرەپشك، پشك هەڵگرە سەرەكییەكانیشی بەو شێوەیە بەكاریدەهێنن كە لەگەڵ سود و قازانج و تەماحەكانیاندا دەگونجێت. ئەگەر لۆژیكی سیاسەت لۆژیكی دروستكردنی ژیانێكی هاوبەش و هێمن و ئازاد بێت لەڕێگای پاراستنی پلورالیزمی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و فەرهەنگییەوە، ئەوا لۆژیكی كۆمپانیا تەنها یەك پرنسیپی سادە، بەڵام ترسناك، ئاڕاستەی دەكات: پرنسیپی بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر و زیاتر بۆ خاوەنەكەی بەبێ گوێدان بە هیچ پرنسیپێكی ئەخلاقیی و ئینسانیی و سیاسیی.

پەلاماردانی پارتێكی پەراوێزیی وەك تەڤگەر و گرتنی كادر و چالاكەوانەكانیان، داخستنی سینەمای سالم و پەنابردن بۆ هێز لەهەر پێشهاتێكی چاوەڕوانكراو و چاوەڕواننەكراودا پەیوەستە بەو گۆڕانەوە كە باسمكرد: گۆڕانی یەكێتی لە پارتێكی سیاسییەوە بۆ كۆمپانیایەكی فرە پشك، كۆمپانیایەكی چەكدار. یەكێتی بەم دۆخەی ئێستایەوە ناتوانێت وەك هێزێكی سیاسیی ئامادەبێت و كاربكات. بەڵكو كۆمپانیایەكی فرەپشكی چەكدارە و قازانجی بەڕێوەبەران و بۆردی سەرەكیی كۆمپانیاكە و پشكهەڵگرەكانی، ئاڕاستەی دەكات.