یاریكردن بە ئاگرێكی ترسناك

16-01-2019 08:05


سەرۆكی ئەمەریكا، دوا بەدوای ئەو وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، لە ماوەیەكی زۆركەمدا سەردانی بەغداو ئەوەی دواتر سەردانی هەولێریشی كرد، بەر لەم سەردانانەو دوای ئەو سەردانانەش گۆڕانكاری گەورەو مەترسیدار لە ناوچەكە هەستی پێدەكرێت، بەرلە هاتنیان (ترەمپ) لە ڕێگەی تویتێكەوە بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی دا لە سوریا، بەمە هەموو جیهانی پەشۆكاندو سەرقاڵكرد، دوای هاتنیشیان، خەریكە لەسەر زەمین، ئاڵوگۆڕكێ بەهێزەكانی ئەمەریكا دەكرێت لە عێراق و هێزی زیاتر بەرەو ئەو ناوچەیە دەهێنرێت، ئەمانە هەمووی ئاماژەی مەترسیدارن بۆ دۆخی ناوچەكە، بەڵام ئەوەی دۆخەكە گوماناوی تر دەكات، هاتنی وەزیری دەرەوەی ئێرانە بڕیاریشە لە ئایندەیەكی نزیكدا سەرۆكی ئێران (حەسەن ڕوحانی) یش سەردانی بەغدا بكات، سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بە غداو باشوور(هەولێرو سلێمانی)و مامەڵەكردنی بە شێوازێك كە گومان لە هەموو جووڵەیەكی بكرێت! جێگای هەڵوەستە كردنە!!!

وا پێدەچێت ستراتیژیەتی نوێی ئەمەریكا ئەوەبێت لە عێراقەوە دەستی ئێران لە ناوچەكە ببڕێت و باڵی بكات، ئێرانیش دەیەوێت تا بۆی بكرێت گۆڕەپانی شەڕو ململانێكە لە خاكی خۆی دوور بخاتەوە، دیارە دوا خەندەقیش بۆ ئەو، لە دەرەوەی سنورەكانی هەرێمی كوردستانە!

سەرۆكی ئەمەریكا دەڵێت، پێمان ناخۆشە كورد نەوت بفرۆشێتە ئێران، دوای ئەوە ئێران لە پایتەختی هەرێم بەشداری لە كۆڕبەندی ئابوری دەكات و داوای پتەوكردن‌و فراوانكردنی پەیوەندیەكانی وڵاتەكەی و هەرێم دەكات لە هەموو بوارەكانەوە، هەواڵەكان دەڵێن، ئەمەریكا ناوی ژمارەیەكی زۆر لە گرووپەكانی (حەشدی شەعبی) بۆ حكومەت ناردوەو داوای چەك كردن و هەڵوەشانەوەیان دەكات، بێگومان زۆرینەی ئەو هێزانەش سەرە ڕمی ئێرانن لە عێراق و بەو ئاسانیە چەك دانانێن، كەواتە دەبێت چاوەڕوانی جەولەیەكی نوێی شەڕ بكەین لە عێراق، هەڵوێستی سیاسی هەرێم لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو بەرامبەر ئێران، لەگەڵ هێزەكانی (حەشدی شەعبی) دەیخاتە یەك سەنگەرەوە، سەنگەری ئێران! لێرەدا پرسیارێك دێتە ئارا، ئایا ئەو هێزانەی هەرێم ناتوانن لە مەداری ئێران دەربچن؟، ئەگەر ئەوە بۆ یەكێتی ڕاست بوو بێت، ئەوا پارتی لە ژێر هەژموونی توركیادا بووە، ئایا ئەو وەرچەرخانەی پارتی بە لای ئێران تۆڵەكردنەوەیە لە ئەمەریكاو لە هەڵوێستی بەرامبەر ڕیفراندۆم، ئەگەر وابێت ئێران و ئەمەریكا هاوبەش بوون لە هەڵوێستیان بەرامبەر ڕیفرادۆم، كەوابێت بەهۆی هەنگاوێكی نا ئەقڵانیەوە هەموو كوردستان دووچاری مەترسی دەكەنە‌وە، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكا لەو ناوچە هەستیارەو پشت بەستن بەو هێزە هەرێمایەتیانەی كە ئەگەر لەسەر هەموو شتێك ناكۆك بن، لە لێدان و لەناوبردنی كورد كۆكن، تەنانەت ئەگەر تەنیا بە مەبەستی دروستكردنی فشاریش بێت، (یاریكردنە بە ئاگر)، تێنەگەیشتنە لە ئاڵۆزیی ململانێ جیهانی و هەرێمیەكانی ناوچەكەو هەڵسەنگاندنێكی نا واقعیانەیە بۆ دۆخەكە، كە زۆر ڕێی تێدەچێت ئاگرەكە ڕاستەوخۆ بهێنرێتە ناو ماڵی كورد لە باشووریش، بەم چەشنە، ئەو پانتاییەی لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە سنوورەكانی ئێران لە ڕۆژهەڵات، واتە ڕۆژئاواو باشوری كوردستان دەكرێتە گۆڕەپانی شەڕێكی خوێناوی، بۆیە باشتر وایە سەرانی كورد یاری بەو ئاگرە ترسناكە نەكەن!