هێڵە سورەكانی پارتی

29-01-2019 01:38


سەرەتا هەقە بپرسین بۆچی هەمیشە پارتی هێڵی سوری هەیە و باس لە هێڵی سور بۆ ئەوانی تر دەكات؟ ئاخۆ هیچ كاتێك هێڵی سوری ئەوانی تری قبوڵكردوە، یان هیچ نەبێت خۆی ئەو هێڵە سورانەی بەزاندوە كە باسی دەكات. فازڵ میرانی لەدواهەمین دیداریدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا هەرچەندە دەڵێت"بەس ئێمەو یەكێتی خاوەنی ئەم وڵاتەین"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باسی هێَڵی سور دەكات بۆ یەكێتی و هێزەكانی تر.

هەر لەو چاوپێكەوتنەیدا كاك فازڵ كە بەرپرسێكی باڵای پارتییە سەبارەت بەهێڵە سورەكانی پارتی دەڵێت" لای ئێمە دوو ئیدارەیی و خۆهاویشتنە باوەشی عێراق و ڕێكنەكەوتن و پشتكردن لەیەكتری و سەنگەر لەیەكگرتن هێڵی سورە"، بەڵام ئەگەر بەڕێزیان چاوێك بە چواردەوری خۆیدا بگێڕێت و بەویژدانەوە بدوێت، دەزانێت كە پارتی لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆككۆمار هەموو ئەو هێڵانەی بەزاندن، سەنگەر گرتن هەر ئەوەنییە تۆ بەچەك ئەنجامی بدەیت و لولەی چەكەكەت بكەیتە بەرامبەرەكەت، بەڵكو سەنگەر گرتن ئەوەشە، لەسەر ئاستی باڵا تا دەگاتە لوتكەی حیزب، لەدژی هاوپەیمانەكەت دەستی ئەوانە بگوشیت كە تادوێنی تۆ بەدوژمن و نەیارت دەزانین، خۆزگە كاك فازڵ میرانی تەنها یەك شتی بۆ ئەندامانی پارتەكەی و خەڵكیش ڕۆشن ئەكردەوە، ئەو دوژمنایەتیەی دكتۆر بەرهەم بەوڕادەیە بۆچی بوو، لەكوێدا بەقازانجی خەڵك و لەكوێدا بووە مایەی دروستكردنی تەبایی و یەكخستن؟ ئایا دەتوانێت پێمان بڵێت بۆچی بە شوێنپێكانی سەرۆككۆماردا، شاندە باڵاكانی پارتی سەردانی ئەملاولا دەكات، ئێوە باس لە چونە باوەشی عێراق دەكەن وەك هێڵی سور، بەڵام شاندەكانی پارتی لەدەرگای ماڵەكانی ئەوانەشیاندا كە تادوێنێ پارتی بەدوژمن‌و نەیاری دەدانە قەڵەم، ئەی ئاخر گەر ئەوە سەنگەر گرتن و پاشقول گرتن نییە، پارتی چ تەفسیرێكی بۆ ئەو هەموو ڕق و كینە هەیە، بە قەولی خۆیان بۆ پۆستێك كە(تەشریفاتییە).

پارتی لەسەروبەندی یەكلایكردنەوەی پۆستی سەرۆككۆمار، هەمو توانای خۆی خستەگەڕ، بۆ ئەوەی بۆ جاری دووەم پشتی بەرهەم ساڵح بدات لەزەوی، هەڕەشەنەما نەیكات، دەرگا نەما بە ئێران و توركیاو ئەمەریكاشەوە لێینەدا، كە دواجار ویستەكەشی بۆ نەهاتەدی، ئێستا دەزگا سێبەرو ڕەسمیەكانی خستۆتەكار بۆ ناشرینكردنی و پووچكردنەوەی كارەكانی، ئێستا كە كاك فازڵ باسی بەزاندنی خەتی سور ئەكات، ئەبێت ئەرك بكێشێت، پارتی لەكوێی ئەو هێڵە سورانەدا وەستاوە كە خۆیان ڕەنگ ڕێژیان كردوە؟ ئاخۆ پارتی قازانجی چی بە كورد و بە توانای كورد لە بەغداد دەبەخشێت، ئەگەر هەوڵی ئەوە بدات لە توركیا پێشوازییەكی شایستە لە سەرۆككۆمارە كوردەكە نەكەن. ڕەنگە كاك فازڵ و زۆر لە سەركردەو ئەندامانی پارتی پێش هەركەسێك ئەوە بسەلمێنن، كە لەنێوان كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، دكتۆر بەرهەم شایستە تر بوو، كەواتە كاك فازڵ تەنها تەبریرێكی قانعكەر بخەنەڕوو بۆ ئەوەی دژایەتیەكەی ئێوە بۆ سەرۆككۆمار، وەك عینادییەكی سیاسی و خۆفەرزكردنی پارتی سەیر نەكرێت.

بەپێچەوانەوە دەكرا لەبری دروستكردنی ئەو پاڵە پەستۆ و دەستشكاندنەوەیە، لەبری ئەو پشتكردنە یەكتری و سەنگەر لەیەكتر گرتنە، بارزانی خاوەن موبادەرە بوایە و وەك عورفی سیاسی پیرۆزبایی بكردایەو داوای لە بەرهەم ساڵح بكردایە، تاپێكەوە كاری هاوبەش و پڕۆژەی نیشتمانی بەرهەمبهێنن. ئێستا كە پارتی خاوەن ئەو فەزڵە نییە هەق نییە ئێوەش سەنگەر لەیەكتر گرتن و خۆهەڵدانە باوەشی ئەموئەوەوە بكەنە هێڵی سور، چونكە پێش هەر كەس و لایەنێك ئێوە وەك پارتی هێڵە سورەكانتان بەزاندو دۆخەكەتان گەیاند بەو قۆناغەی كە خۆشتان نازانن ئێستا چۆن پینەی بكەن.