گرێبەستەكەی پارتی و یەكێتی

05-02-2019 09:43


ئێمە دەبێت باوەڕ بەوە بێنین، كە پارتی و یەكێتی بە ئاسانی دەستبەرداری یەكتر نابن، پارتی و یەكێتی هەموویان نا، دوو گروپی هاوبەش و تێكەڵ، كە هەندێجار لایەكیان وا قسە دەكەن وەك ئەوەی لایەكەی دیكە قسە بكات، بەرژەوەندیی هاوبەش، حساب بانكی هاوبەش، بیرە نەوتی هاوبەش و زۆر شتی دیكەی هاوبەشیان هەیە، بۆیە لاتان سەیر نەبێت كە مەكتەب سیاسیەكی یەكێتی هەندێجار وەك فازڵ میرانی قسە بكات، یان مەكتەب سیاسیەكی پارتی وەك هێرۆخان قسە بكات، ئەوەشتان بەلاوە سەیر نەبێت كە لە ئاستی مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی لە یەكێتیەوە خەڵك بڕۆنە ناوپارتیەوە نمونەی ئازاد جوندیانی یان كەسانی تر، خۆ ڕەنگە ئەگەر مام جەلال لە ژیاندا بوایە و كاك مەسعود لە ژیاندا نەبا ئێستا شتەكە پێچەوانەبا.

پارتی و یەكێتی گرێبەستی گەورە لە نێوانیاندا هەیە كە لە ڕێكەوتنی ستراتیژی گرنگترە، ئەوە بۆیە دەسبەرداری یەكتر نابن لەوە گەڕێ‌ كە یەكتر بە خائین و خۆفرۆش و خاكفرۆش تۆمەتبار دەكەن و هەندێك خەڵكی بەدبەختیش لەخوارەوە لە هەردوولا بە پارەیەكی كەم وتاری توند لەسەر یەكتر دەنووسن.

من دەزانم گرێبەستەكە لە نێوان گروپێكی زۆر كەم و دیاریكراودایەو زۆربەی ئەندام و لایەنگری هەردوولا لە شیرینی ئەو گرێبەستە بێبەشن و بەشێكیش لەو زۆربەیە سەرەڕای خزمەتی حیزبەكانیان لە دۆخێكی زۆر خراپی ئابوریدان، لەنێو گروپە بچوكەكەدا كە هاوبەشی گرێیداون بەیەكەوە تیایاندا هەیە لایوایە ئەوی پارەی نەبێت هیچ نیەو هیچی بۆ ناكرێت، ئەو لای دۆستێك وتبووی پیاوەتی و پیاو بوون واتە پارەو هێز منیش ئەو دوانەم هەیەو نامەوێ‌ بە هیچ جۆرێك دەسبەرداریان بم.

من وەك خۆم هیچ كێشەیەكم لە تەك ئەو گرێبەستەدا نیە، تەنها ئەوە نەبێت لەسەر حسابی ئەوانی تر نەبێت و نەبێتە هۆكارێك بۆ دزی و گەندەڵی و مافیاكاری و ستەم لەوانی دیكە، كە ئێستا ئاوایە بە داخەوە، لێرەوە ئەو گرێبەستە لە تەك دروشم و پەیڕەوو بەرنامەی ئەو دو حیزبەدا نایەتەوە و دروشمەكان دەبنە درۆی زل لە دۆخی ئاوادا، بۆیە یان دەبێت دروشمەكان بگۆڕن یان دەبێت شێوازی ئەم گرێبەستە نائاكارییە چارەسەر بكەن.

ڕاستیەكەی ئەو گرێبەستە نەك ڕێگرە لەوەی دیموكراسی و پێكەوە ژیانی ئاكارییانەو ئۆپۆزسیۆن گەشە بكات، ڕێگرە لەوەش كە تەنانەت لە ناو پارتی و یەكێتی خۆیاندا جیاوازی و گۆڕانكاری و دیموكراتی گەشە بكات، یانی ئەو گروپەو گرێبەستەكە لە ناو خودی حیزبەكەشدا ڕێگرن لە ڕیفۆرم و چاكسازی و كۆنگرە، بە تایبەت ئەمە بۆ یەكێتی زەقتر دیارە، چونكە پارتی یەكلابوەتەوە كە تا هەبێت تاپۆكەی هەر بەناو ماڵباتی بارزانیەوە دەبێت و ئەوانی تر پەروانەی دەوری ئەو ماڵباتەن و ناتوانن وەچەكانی ئەو ماڵباتە تێپەڕێنن.