كوردستان، هەرێمێك تێیدا بڕیاری حیزب تەقلە بەیاسا لێدەدات

06-02-2019 12:41


لە ماددەی ٥٦ لە یاسای ژمارە ۱ی ساڵی ۱۹۹۲ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا بەدەق هاتووە كە "پەرلەمان شوێنی یەكلاكردنەوەی پرسە چارەنوس سازەكان دەبێت و هەرئەویش بڕیار لەسەر ڕێككەوتنەكان دەدات، هەروەها پەرلەمان پەیوەندییە یاسایی و دەستورییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد دیاری دەكات."


كەچی لەكۆبونەوەی ڕۆژی سێ شەممە ٥-۲-۲۰۱۹ی نێوان پارتی‌و یەكێتی لە شاری هەولێر، هەردوو حیزب چەند بڕیارێكیانداوەو لەسەرچەند خاڵێك ڕێككەوتون لەوانە؛
بڕیاڕیانداوە كە ۱۸ی شوباتی ۲۰۱۹ پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەهەولێر كۆبونەوە ئەنجامبدەن‌و هەردوولاو حكومەتی بەغداش ڕێگەچارەیەك بدۆزنەوە بۆ چارەسەركردنی پرسی كەركوك. ئەمانەوچەند پرسێكی تر ، بەڵام بەلای منەوە ئەوەی كە پێویستە ئاماژەی بۆ بكرێت ئەوەیە كە هێشتا لەهەرێمی كوردستاندا هێندەی بڕیارو ڕاسپاردەكانی حیزب زاڵەو لەسەرزەمینی واقیعدا كاری پێدەكرێت چارەكە هێندەی ئەوە یاساكانی پەرلەمانی كوردستان و یاسا كارپێكراوەكان لە هەرێم كاریان پێناكرێت كە ئەوەش جگەلە بێڕێزیكردن بەپەرلەمان بێهەیبەتكردنی یاساكانیشە كە لەو پەرلەمانەوە دەرچوێنراون.

هەرچەندە من بەگومانم كە بتوانرێت لەو كاتەی دیاریكراوە چ پەرلەمان و چ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش بتوانن كۆبونەوەكانی كە بڕیاریان لێداوە ئەنجامبدرێن، چونكە ئەزمونمان لەگەڵ ئەوجۆرە بڕیارانەی كە لەكۆبونەوەكانەوە دەدرێن هەیە، بەڵام ئەوەی كەمایەی تێڕامان‌و هەڵوەستە لەسەركردنە ئەوەیە كە چ خێرەو لەكوێی دونیادا هەبوە لەبارەگاكانی مەكتەبی سیاسی دووحیزبدا بڕیار لەسەر كۆبونەوەكردن‌و نەكردنی پەرلەمان بدرێت كە بەحساب لەئێستادا گەورەترین دامەزراوەی هەرێم و هەڵبژێردراوی خەڵكی كوردستانە.

بەداخەوە بڕیاردان لەسەر دەسپێكردنەوەی كۆبونەوەی پەرلەمان كارێكی تازەنیەو دوای دوو ساڵ لەپەكخستنی پەرلەمان دواجار لەمانگی ئەیلولی ۲۰۱۷دا هەرلەكۆبونەوەی نێوان هەردوو حیزب بڕیار لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەماندرا و لەوەش كارەساتتر ئەوەبوو كە كارنامەی یەكەم دانیشتنیش كە ۱٥-۹-۲۰۱۷بوو هەرلە بارەگای حیزبەوە دانران.

لێرەدا چەند پرسیارێك دێتەئاراوە بۆ هەموو حیزبەكان و پێویستیان بە وەڵامدانەوە هەیەو ناكرێت بێوەڵام بمێننەوەو هەروا بەسادەیی لێیان بڕوانرێت لەوانەش:

ــ یەكێتی و پارتی كە زۆرباسلە سەروەری یاسا دەكەن و هەرخۆشیان یاسای ژمارە ۱ی ساڵی ۱۹۹۲یان دەرچونداوەو دەنگیشیان بۆداوە، بۆپشتگوێی دەخەن و بڕیاری نێو بارەگاكانی خۆیانیان لە یاسا كارپێكراوەكانی هەرێم لەلا گرنگترو پیرۆزترە؟

ــ ئەوحیزبانە بەگشتی و بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی كە لە دانوستاندان بۆبەشداریكردن و نەكردن لەحكومەت، لەدوای ئەوەی یەكێتی و پارتی لەسەر هەموو بابەتەكان ڕێككەوتن و تەنانەت ڕۆژیشیان دیاریكرد بۆ دانیشتنی پەرلەمان، پێمان بڵێن محەلی ئێوە لەئیعرابدا چیەو لەكوێدایە؟

ـ بۆهەموو پارتەسیاسیەكانی هەرێم كە خاوەنی كورسی پەرلەمانین لە تاكە كورسیەكەوە بۆ زۆرترین كورسی، ئایا پێتانوانییە كە هەموو دامەزراوەكانی هەرێم و لەنێویشیاندا پەرلەمانی كوردستان كە گەورەترین دامەزراوەی یاسادانانە لەهەرێم بونەتە ئامێرێكی خنجیلانە بەدەست حیزبەوەو كەی ویسترا كاری پێدەكرێت و گەر بەپێویستیش نەزانرا ئەوا كڵۆم لەدەرگاكەی دەدرێت یان ڕاست و چەپێك بەسەریدا دەهێنرێت.

بۆیە ئەو ڕووداوو پێشهاتانەی كە لەم هەرێمەی زیاتر لەچارەكە سەدەیەكە كورد خۆی تێیدا حوكمڕانی دەكات‌و بەرپرسەكانیشی زوو زوو دەم وەردەدەن لە سەروەری یاساو حوكمڕانی ڕەشید جگەلە گەوجاندنی ڕایگشتی، گەڕانەوەشە بۆدواوە بەهەزاران میل. یەكێك لە سەیروسەمەرەكانی تری دەسەڵاتدارانی مەملەكەت ئەوەیە كە لێرە بڕیاری حیزب زۆر بەئاسانی بۆڕ بەیاسا لێدەدات‌و زۆرجار بڕیاری تاكەكەسیش بۆڕ بە بڕیاری حیزب‌و یاسا كارپێكراوەكانی هەرێم لێدەدات.