ڕیفۆرمی دنیای فەیسبوك

12-02-2019 09:17


گەلان ئەبێ ئاسایی لە حاڵەتی جوڵەو هەستكردن بە شتەكاندابن، نەك ئەوەی لە جموددابن و شۆك بیانجوڵێنێت. یەعنی ئەوە خراپە كە بگەیتە ئەوەی شۆك بتجوڵێنێ، بەڵام لەوە خراپتر ئەوەیە كە تەنانەت شۆكیش نەتجوڵێنێت!

جا ئێمە ڕێك لەو دۆخە زۆر خراپەداین، چونكە ئەم ساڵانەی كە ڕۆشتووە، بایی دەیان هەڵوەستەو بیركردنەوەی قووڵ شۆكی تیابووە، كەچی ئێمە جگە لە قسە هیچمان لەسەر بینا نەكردن.

شتەكان دێن و لەباشترین حاڵدا، لای ئێمە تەنها كاردانەوە دروستئەكەن، كاردانەوەش كەمەو بەس نیە، چونكە بەرامبەر كار، كاردانەوە تاكە شتێكە كە بیركردنەوەی ناوێ!

ئاخر كاردانەوە یەكێ لەو چركەساتانەیە كە عەقڵ تیای میوان نیە، ئێمەش زۆرترین قسەكانمان ڕێك لەو ساتەدا ئەكەین، بۆیە ناچنەوە سەر باشكردن و هەر دنیاكەی پێ ئاڵۆزو خراپتر ئەكەین.

ئەگەر ساتێك هەبێ بۆ بێدەنگی، بێ شك ئەبێ ساتی كاردانەوەبێت. تا ئەم ساتە لە زمان وەرنەگرینەوەو نەیدەین بە عەقڵ، تا لە ساتی قسەوە نەیكەین بە ساتی بیركردنەوە، تا لە ساتی بڕیاری سەریع و هەڵچوونەوە نەیكەین بە ساتی ئارامگرتن و تێڕامان، ناتوانین (ڕەخنەو هەڵوێست) بەرهەم بهێنین!

ئاخر ڕەخنە ئەبێ لە تەواوی ئاگاییەوەبێت، نەك لە ساتی كاردانەوەدا كە ئەگەر هەمووشی لە دەست نەدەیت، زۆرینەی هۆشت تیا لە دەستداوە.

ئاخر هەڵوێست ئەبێ لە ئیرادەیەكی دامەزراوەوەبێت، نەك لە كەفوكوڵێكەوە كە دواتر دامركێتەوە.

یەكێ لە هۆكارەكانی ڕەشبینی و نائومێدیمان، ئەم تێكەڵكردنەی ڕەخنەو هەڵوێستە بە كاردانەوە!

ئاخر ڕەخنەو هەڵوێست بنیاتنەرن، كەچی ئێمە هیچی لێ سەوز ناكەین! چونكە ئەوەی ئێمە ئەیكەین و وائەزانین ڕەخنەو هەڵوێستە، تەنیا كاردانەوەیەو هیچی تر.

كاتێكیش شتەكە هەمان نەتیجەو بەرهەمی ڕەخنەو هەڵوێستمان ناداتێ، ئیتر نائومێد ئەبین.

كاردانەوە نائومێدكەرە، چونكە ڕێك نیوەكەی تری ئەو دنیایەیە كە گیرمان تیای خواردوە، نەك كەرەستەی پەڕینەوە بۆ دنیایەكی تر!

سەیركە ڕۆژانە هەر شتێك دێ، یەكسەر دابەشی دوومان ئەكاو ئەمانكا بە دوو لەتەوە. بۆچی؟

یان مەسەلەن "نەوەی نوێ" بەردەوام ئەیەوێ پێمان بڵێ، ئەوانیتر هەموویان لەتێكن و من بە تەنیا لەتەكەی ترم. بۆچی؟

چونكە ئێمە هێشتا سەربە سەقافەتی سڕینەوەو دنیای ڕەش و سپین و هەڵنەكشاوین بۆ دنیابینی ڕەنگاوڕەنگ و فرەیی.

بۆ ئەوەشی بگەین بە سەقافەتی فرەیی، ئەبێ ئیتر نەیەڵین كاردانەوەی شتەكان و شەپۆلەكانی سڕینەوە دابەشی دوومان بكەن.

شتە خراپەكان ئەوانەنین كە بەشێكن لە ئاگاییمان، ئەوانەن كە بوون بە بەشێك لە نائاگاییمان، ئاخر ژیان ڕاهاتن ئەیگێڕێ نەك عەقڵ، ئێمەش ئەبێ كاردانەوە بگۆڕین بە بیركردنەوە، بۆئەوەی لەم ڕاهاتنەی ئێستاوە بپەڕینەوە بۆ ڕاهاتنێكی تر!

مەسەلەن ئێمە وا ڕاهاتووین، بۆ هەرشتێك یەكسەر قسەی خۆمان بكەین و هەر ئەو ڕۆژە ببین بە دوو لەتی یارو نەیارەوە. جا ئێمەی كورد بە تەبیعەت عینادیشین، ئیتر ئەم قسەیە كە لە ساتێكی هەڵچووندا ئەیكەین و بنەمایەكی پتەوی نیە، بەرگرییەكی پتەوی لێئەكەین و تا مریشكە ڕەشەی ئەبەین!

(وەرن با ئەم نەریتە بگۆڕین بەوەی، چیتر شتەكان دوای سێ ڕۆژ قسەیان لەسەر بكەین.)

سێ ڕۆژ لە زمانت بگرەوەو بۆ عەقڵت، یەكەم دەسكەوت ئەوەیە كە كاردانەوەت تێپەڕاندوەو هەنگاوی دروستت ناوە بەرەو ڕەخنەو هەڵوێست!

دوای سێ ڕۆژ بیركردنەوە، بێگومان ئەگەیتە قسەیەك كە جێ ئەگرێ، یان ئەگەیتە ئەوەی كە ئەسڵەن شتەكە ناهێنێ قسەی لەسەر بكەیت و بێدەنگییەكەت جێیەكی باشتر ئەگرێ.