بەكارهێنانی دین‌و ناوی خوا، پەردەپۆش تاكو سەركەوێ‌و بخوا

06-03-2017 02:24

 

لە دادگاوە :
دەروازەی دووەم :


بە بۆچونی زاناو پێشەوا ئاینیەكان، باوەڕداری یەكێكە لەو بنەمایانەی كە كۆمەڵگای تێك‌و پێكشكاوی شلۆق‌و لە شیرازە دەرچوی پێڕێكدەخرێت دواتر سەرلەنوێ لە هەناوی پڕ لە باوەڕبونەوە كۆمەڵگا دادەڕێژرێتەوەو بونیاد دەنرێت. ئەمە لە كاتێكدا ئەگەر پیادەكەرانی وەكو ئەوەی كە دەخوازێت بیخەنە زەمینەی كردەییەوە نەك هەر بە گوتن بێت‌و بە بینینیش هیچ بەدی نەكرێت .


بە واتایەكی دی گشت ئاینە ئاسمانیەكان ڕەهەندی ڕێكخستنی ناو كۆمەڵگایان هەیەو سەرەتا چەمك‌و ئاڕاستە كۆمەڵایەتیەكەی وەردەگرێت، ئینجا پەلدەهاوێت بۆ كایە جۆراوجۆرەكانی تر، ئەگەر ڕاستبینانەو دروستتر قسە لەسەر ئەمە بكەین دەبێت مافی خۆی پێبدەین تا بە لێكدانەوەكانمان دەرئەنجامێكی سەد لە سەد تەواوی لەسەر گەڵاڵە بكەین .


قسەكە ئەمەیە باوەڕداری بە ئاین هێندە پەیوەندی بە لایەنی ناخ‌و(رۆح)ەوە هەیە، هێندە گرێدراوی باری ڕوخسارو دەرەوە نیە. پێویستە ئەندامانی ناو هەر كۆمەڵگایەك ئەوانەی خاوەن پەیامێكی ئاینین بەر لە هەرشتێك ناخی خۆیان پاك بكەنەوەو خۆیان بەدوور بگرن لەهەموو كردەیەكی خراپ‌و ناشیرین‌و ناشیاو كە لەناو كۆمەڵگادا هەیەو خوێندنەوەی ناپەسەندو قێزەونانەیان بۆ دەكرێت هەر لە(درۆ، دووڕویی، ناپاكی‌و دەست پیسی) تا دەگاتە (ئیرەیی، خۆ بەزلزانی، لوت بەرزی‌و هەلپەرستی)، بەڵام ئەگەر مرۆڤ ئەمانەی كرد؟ ئینجا هەركەسێكبێت‌ولە هەركوێ بێت؟ گومان لەوەدا نیە جگە لە دووڕوویەكی درۆزن‌و سەرشۆڕ هیچی تر نیەو نەك هەر شایەنی ڕێز لێگرتن نیە، بەڵكو دەبێت سەرزەنشت بكرێت‌و لەناو كۆمەڵگادا ببوغزێنرێت .


ئەمەی لەسەرەوە باسم كرد بۆ سەرجەم تاكەكانی كۆمەڵگایە بەگشتی بەخوێندەوارو نەخوێندەوار، دەوڵەمەندو هەژار ، دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات، بەشێوەیەكی بەتایبەتی لای خوێندەوارێك ئەگەر یاسایی بێت لە (دادوەرو پارێزەرو مافپەروەر) ، چونكە ئەم توێژە بەرپرسیارێتی هەرە مەزنی ناو كۆمەڵگایان لە ئەستۆدایە. كۆمەڵگا چاوەڕێی هاتنە دەستی ئەم توێژەن، بەڵام ئەوە جێگای داخە كە دەیڵێم لەم توێژەدا بە گشتی ئاین بۆ مەرام‌و بەرژەوەندی بەكاردێت‌و كراوەتە ئامراز بۆ پەردەپۆشی ڕووە ناشرینەكانی پەیام هەڵگرانی‌و هەلپەرستی زۆری تیادا دەبینرێت تا ئەوپەڕی .


تۆیەك كە ڕۆژانە نوێژ دەكەیت، دەبێت بزانیت بەرلە ڕووكردنە ماڵی خودا دەبێت ناخت بشۆیتەوە لە گشت گەردو پەڵەیەكی لەكەدارو پیسی، چونكە ئاین‌و ئیسلامەتی بە بەكارهێنانی ناوی خوا نیەو چەند وشەیەكی وەكو : ( یاالله، الحمد لله، امین ، أستغفر الله، سبحان الله‌و لاحول و لا قوە ... ) یان لە مانگی رەمەزاندا بەڕۆژوو بیت یان بچیتە ماڵی خودا، چونكە ئەمە جگە لە ڕوكەش‌و پەردەپۆشیی ناخێكی پوچەڵ هیچی تر ناگەیەنێت .


تۆ كە دادوەریت، دەبێت خۆت بپارێزیت لە درۆو دووڕویی كار بۆ دادپەرەوەرییەكی ڕاستەقینە بكەیت، نەك دەسەڵاتەكانت خراپ بەكاربهێنیت بۆ بەرژەوەندی خۆت یان لایەنگیری لایەنی كێشەو داواكان بكەیت كە دێنە بەردەستت. یاخود بە فەرمانی حزب یان دادوەرانی سەرو خۆت جموجۆڵ بكەیت. پێویستە خۆت لابدەیت لە هەڵەو بڕیاری ئەنقەست .


ئاخر تۆ، كە كەسێكی یاساییت پێش بوون بە دادوەر سوێندت خواردوە كە (بێلایەن بیت‌و كارەكانت لە پێناو سەروەركردنی یاسا بێت) چۆن دەتوانیت بێلایەن بیت كە سەرەتا یاسات شكاندوەو بە حزبی بوون‌و واستەو بەردەرگاو دیوان گرتنی بەرپرسان‌و ئەملاوئەولاكردن‌و مامە حەمەیی بویت بە دادوەر، كامەیە بێ لایەنیت؟ لە كوێیە دادپەروەریت؟ ئەوە بزانە پێش ئەوەی درۆ لەگەڵ خەڵكدا بكەیت، ئەوا درۆ لەگەڵ خۆت‌و خوا دەكەیت.


تۆ كە پارێزەریت، ئەگەر باوەڕدارێكی ڕاستیت‌و ئاین لە ناختایە بەڕاستی؟ دەبێت پارێزەری مافی خۆت‌و خەڵكی بیت لەو ستەمانەی كە هەیەو داكۆكیكار بیت لەسەر هەموو ڕەوا بونێك نەك هەر چەلەحانێ بكەیت‌و ببیتە دەربارو سەرنەویكەر لەبەردەم ئەو كەسانەی لە ناو دادگادا كارت تێیان دەكەوێت، یان سیخوڕیكردن بۆ ئەو دادوەرانەی كە كارت پێیانە، بە جۆرێك پاڵپشتی‌و ماستاو بۆ دادوەر بكەیت‌و لە پشتی هاوپیشەو خێزانی دادوەر بدەیت بۆ بەرژەوەندییەكی خۆت، تەنانەت لەئاست ئەو هەموو ستەمەی ناو دادگادا بێدەنگ بیت و لە دژی هاوەڵانت بوەستیتەوەو كەسێتی خۆت بشكێنی!! یان ببیتە (ژنی سەر تەنور) و هەموو قسەیەك بكەیت‌و بڵێیت كە لە دژی خەڵكانی ڕاستیخوازەو لەبەردەم ئەو دادوەرانەی كاربەدەستی حزب‌و بەرپرسانن سەربلەقێنیت‌و دەم پانبكەیتەوەو پێبكەنیت، چونكە هەمیشە گەورەیی مرۆڤ لەوەدایە كە خۆی چییە؟ نەوەكو بەچ ڕێگایەك گەیشتوە بە چی؟!.


ئەوەی باوەڕی بە ئاین‌و موسڵمان بونی خۆی هەیە دەبێت كار بەو پەیامە بكات كە دەڵێت: وتەی هەق‌و داد لە لای دەسەڵاتدارێكی ستەمكار، جا ئەو دەسەڵاتدارە دادوەرێك بێت لە ناو دادگای یان فەرمانڕەوایەك لە وڵات. نەك بێدەنگ‌و سەركز و هەلپەرست لە دەرفەتێك بگەڕێت تا بۆبەرژەوەندی خۆی‌و پارە كێشانەوەو گیرفان گەرمكردنەوە بیقۆزێتەوە، ئەم دیاردەیە هێندە بڵاوبۆتەوە وەكو نەخۆشییەكی كوشندە تەشەنەی سەندووە .


لە كۆتایدا دەڵێم: خەڵكی نەفام‌و بێ ئاست ئەوانەن كە كاسەی سەریان بە قەبارەی دێوێكەو بیركردنەوەیان وەكو چۆلەكەیەكە .