كۆتایی داعش

17-02-2019 11:48


ئەمەریكای ترەمپ زۆر پەرۆش و پەلەیەتی بۆ ڕاگەیاندنی كۆتایی داعش لە سوریا، بەڵام شارەزایانی ڕەوتە جیهادییەكان بەگومانن لەدروستیی ئەم ڕاگەیەنراوە چاوەڕوانكراوە كە زیاتر وادیارە بۆ پاڵپشتی كشاندنەوەی لەشكری ویلایەتە یەكگرتووەكانە لە ڕۆژهەڵاتی فورات كە ڕەخنەی زۆری لەسەرە.

هەندێك پێیانوایە داعش قەدو پەل‌و پۆی كەرت و پەرت بووە، بەڵام ڕەگ و ڕیشەو هۆكارەكانی سەرهەڵدانی هەروەك خۆیانن، هەندێكیش باس لەوە دەكەن داخستنی دۆسیەی داعش لەسوریا، بەواتای سەرلەنوێ كردنەوەیەتی لە عێراق بەتایبەت كە شانەكانی ئەم ڕێكخراوە هێشتا چالاكن و توانای شەڕی پارتیزانییان هەیە وەك ئەوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە پارێزگای سەلاحەدین ڕوویداو كوژراو و بریندارێكی زۆری لەڕیزی هێزە ئەمنییەكان لێ كەوتەوە.

عێراق یەكێكە لەو لایەنانەی ڕاستەوخۆ بەچارەنووسی داعش پەیوەندیدارە، كەچی بەرپرسەكانی بێدەنگن لەئاست ئەو پێشبڕكێ ئەمەریكییەی باسی نزیكبونەوەی ڕاگەیاندنی سەركەوتنی كۆتایی دەكەن بەسەر "دەوڵەتی ئیسلامی". لای خۆشییەوە عادل عەبدولمەهدی ئامادەیی حكومەتەكەی ڕاگەیاندووە بۆ گێڕانەوەی 8_10 هەزار لەخاوخێزانەكانی چەكدارانی داعش لەسوریاوە بۆ ڕۆژئاوای عێراق لەسەر شێوازی ئەو كەمپی دەستبەسەركردنانەی ئێستا لە نەینەوا هەن، ئەمەش جۆرێكە لەكارئاسانی بۆ ئەركی ترەمپ كە دەیەوێت پاش ڕاگەیاندنی سەركەوتن، عەیبدار نەبێت.

عێراق لەلای خۆیەوە لە كۆتاییەكانی 2017 سەركەوتنی بەسەر ڕێكخراوی داعشدا ڕاگەیاند، بەڵام هێشتا چەند گیرفانێك لە كەركوك و دیالەو ڕۆژئاوای ئەنبار، بەتەواوی لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزە ئەمنییەكانی عێراقدا نین و جموجوڵی زۆری پاشماوەكانی داعشیان تێدایە.

ترس و نیگەرانیی زۆریش هەیە لەپاش شكستی چاوەڕوانكراوی داعش لە ڕۆژهەڵاتی فورات و لە بەری سوریا ڕوو لەم ناوچە شڵۆقانەی عێراق بكەن و بۆ بەرگرتن لەم ئەگەرەش زیاتر لە 20 هەزار هێزی ئەمنیی عێراقی لە سنورەكانی ئەنبار لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.

ئەوانەی بەگومانن لە ڕاگەیاندنی كۆتایی داعش نمونەی ئەفغانستان دەكەنە پاڵپشت كە پاش چەندین ساڵ لە ڕاگەیاندنی سەركەوتن، تازە ئیدارەی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە بۆ دانوستان لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان. ئەو سەركەوتنەشی مایەی شانازییە لای ئەمەریكییەكان و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، لای سوری و عێراقییەكان باجەكەی قورسەو تاڵاوی جەنگیان بەبیر دێنێتەوە بەتایبەت كە بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراق نزیكەی 20 هەزار خەڵكی مەدەنی لە بۆمببارانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەماوەی چوار ساڵدا لە هەردوو وڵاتی سوریاو عێراق كوژراون یان بریندار بوون كە بەشێكی بەرچاویان ژن و منداڵ بوون.

ڕەنگە سنوری دەسەڵاتی داعش بەم نزیكانە لەسەر نەخشە نەمێنێت، بەڵام هێشتا لە ئیدلیب و زۆر جێگەیتری سوریا بەرەی نوسرەی دەستە خوشكی ئەم ڕێكخراوە باڵا دەستن و بۆ چەكدارەكانی داعش هیچی تێ ناچێت بەیعەتی خۆیان بۆ محەمەد جۆلانی بگۆڕن یان لە دەوڵەتی خەلافەتەوە بچنە سەر بیروباوەڕی بەرپاكردنی ئەمارەتی ئیسلامی وەك ئەلقاعیدە كاری لەسەر دەكات بەمەبەستی ڕێگرتن لەدروستبوونی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی وەك ئەوەی كە لەگەڵ داعش ئێستا ڕوو دەدات.