گرێی ڕێككەوتن درۆی بوێریی

18-02-2019 05:28


بەعس دڕندەترین دوژمنی ئێمەبوو، كاتێ مفاوەزات و ڕێكەوتنێكمان لەگەڵ ئەكرد، خەڵكی ئێمە حەوت شەوو حەوت ڕۆژ هەڵئەپەڕین!

نەورۆزی ئەو ساڵەی ئامەد، سێ ملیۆن كەس بەشداری تیاكردو قەرەباڵغترین نەورۆزبوو لە مێژوودا، چونكە نەورۆزی ئاشتیبوو!

ئەمەوێ بڵێم، هاوڵاتی بە تەبیعەت ئەیەوێ بژی و مەیلی ئاشتی كۆمەڵایەتی و ئیستقراری سیاسی هەیە.. تەنانەت لەگەڵ سەرسەختترین دوژمنیشدا حاڵەتە ئاساییەكە ئەوەیە كە (ڕێكەوتن مەبدەئییەن پەسەندە) بەڵام ئەشێ لەسەر تەفاسیلەكەی قسە هەبێت.

(لای ئێمە شتەكە عەكسبۆتەوە، ئێستا ئێمە كێشەمان لەگەڵ خودی "ڕێككەوتن" هەیە، بەبێ ئەوەی تەفاسیلەكەیمان بۆ گرنگ بێت، هەر لەڕێوە ڕەتمانكردۆتەوە!)

دنیاكە خراپتر ئەبێ یان باشتر، ئەسڵەن ئەوەمان بۆ مەوزوع نیە، گرنگ ئەوەیە ڕێكنەكەوین!

فەوزایەك ڕێكنەكەوتن بیهێنێ، زۆرمان لا باشترە لە ئارامییەك كە ڕێكەوتن بیهێنێ! بەجۆرێك كە ئەو ساڵە، جوملەی (چوارساڵ ئارامیی) بووبە عەیبە بۆ هێزێكی سیاسی، وەك ئەوەی هێزی سیاسی، ئیشی دروستكردنی نائارامیی بێت!!

جا ئەم حاڵەتە زۆر نائاسایی و ترسناكەش، ئەشهەدو بەرهەمی پۆپۆلزمی سیاسی و موعارەزەی هاشوهوش بوو. ئاخر پارتی و یەكێتی شەیتاندنیان تا ئاستی شەڕ برد، بەڵام تاكی ئێمە، هێشتا نەگەیشتە ئەوەی كە كێشەی لەگەڵ خودی "ڕێكەوتن" هەبێ و لای نائاسیی و خراپ بێت. وەلێ موعارەزەیەك هات، باڵانسی شەیتاندنی بەجۆرێك بەرزكردەوە، كە ئیتر لای ئێمە، ڕێكنەكەوتن بووە حاڵەتە ئاساییەكەو ڕێكەوتن بووە شتێكی قبوڵ نەكراو!

بە من بێ هەڵەی گۆڕان ئەمەی ئێستای نیە، نەفەسی ڕاماڵین و شەیتاندنەكەی پێشترە. باجێكیش كە ئێستا ئەیدا، هی ئەو هەڵە كۆنەیە، نەك ئەوەی ئێستای كە ئەسڵەن جاری دیارنیە ڕاستە یان هەڵە. یەعنی بە تەعبیرە شەعبییەكە، گۆڕان قاچی لە گووی خۆیایەتی.

جا كێشەی من ئەوەنیە، كێ ڕێكئەكەوێ و كێ ڕێكناكەوێ، كێشەی من لەگەڵ عەقڵیەتێكە كە ڕێكەوتنی دوو هێزی سیاسی بە كفری سیاسیی ئەزانێ، لەكاتێكا ئەوە حاڵەتە ئاساییەكەیەو لە "فرەیی سیاسیدا" حیزبی سیاسی كاریان هەر ئەوەیە كە كۆببنەوەو ڕێكبكەون. یان ئەگەر ڕێنەكەون، لانیكەم یەكتری بەشەیتان و دنیا ڕەشوسپی نەكەن، بۆئەوەی "سڕینەوەی سیاسی" نەیەتە گۆڕێ، چونكە سڕینەوە شتەكان عەكس ئەكاتەوە.

لە سڕینەوەدا ئیتر پەرتبوون و یەكبوون شوێنەكانیان ئەگۆڕنەوەو پەرتبوون ئەبێتە حاڵەتە ئاساییەكە، چونكە لەگەڵ شەیتاندا هەرچۆنێ یەك بیت، خۆشت ئەبیتە شەیتان! لە دنیای ڕەشوسپیدا ئیتر قەت ناگەینەوە یەك، چونكە بگەینەوە یەك، سپییەكە ڕەش ئەبێت!
كیشەكە ئەوەیە، ئێمە هەموومان سەربە سەقافەتی منین، سەقافەتی منیش ئەوانیتر ئەسڕێتەوەو قبوڵیان ناكات.

ئێستا گرنگ نیە كێ ئەچێتە حكومەت و كێ ناچێ، گرنگ ئەوەیە چۆن لە منی سیاسییەوە، بپەڕینەوە بۆ ئێمەی سیاسیی!

ئاخر هەموومان لەو منەدا تەقلیدین، هێزی ناتەقلیدی ئەوەیە كە ئەخلاقی "ئێمەی سیاسی" دائەهێنێت، نەك ئەوەی كە بە دەنگێكی بەرزتر بڵێ من.

سیاسەت لە مانا نوێیەكەیدا یەعنی ئێمە، سیاسەت تەنیا لە فاشیزمدا یەعنی من، ئێمەش تەنیا فاشیزمی هێزە گەورەكانمان نیە، بەڵكو بچوكەكانیش، تەنیا پارتی و یەكێتی یەكترو ئەوانیتر ڕەتناكەنەوە، بەڵكو ئەوانیتریش پارتی و یەكێتی و یەكتریش ڕەتئەكەنەوە.

ئێمە نائومێدین، لەبەرئەوەی خۆمان لە خۆمان نائومێدكرد. گۆڕان هات نائومێدمانكا لە پارتی و یەكێتی، نەوەی نوێ هات نائومێدمانكا لە گۆڕان، هێزێكی تریش دێت نائومێدمانكا لە نەوەی نوێ.. ئیتر هێزی ئێمە بۆ ئەوە نایەت ئومێدێكی تازەمان لادروستبكات، بۆئەوە دێ ئومێدێكی كۆنمان بكوژێ.

كە ئەڵێم "ئێمەی سیاسی" بێگومان بە پارتی و یەكێتیشەوە! ڕاستە سەتا هەشتای نائومێدیمان لە پارتی و یەكێتی، پەیوەندی بە كارە گڵاوەكانی خۆیانەوە هەیەو ئەوان خۆیان نائومێدیان كردین لە خۆیان. بەڵام موعارەزەیەكیش هات موبالەغەی لەم ڕێژەیەدا كردو هەشتاكەی بەرزیكردەوە بۆ لەسەتا سەت، كە ئەمە وانییە!

وانیە چونكە دەسەڵاتی خراپی ڕەها بوونی نیە، خراپترین دەسەڵات لە شوێنێكدا هەر باشە یان ئەكرێ باشبێت، لەبەر چاوی كاڵی شەعب نیە، لەبەر مانەوەی دەسەڵاتەكە خۆی.

جا لەگەڵ پارتی و یەكێتی، كاری گەورە ناكرێ، چونكە ئەوان ماڵی خۆیان وا بیناكردوە، بە چاكسازیی ڕیشەیی ئەڕوخێ بەسەریاندا.

بەڵام لەگەڵ پارتی و یەكێتی كاری بچوك و مامناوەندیش ئەكرێ، كاری هێزەكانی تریش چ لە حكومەتبن یان لە موعارەزە، هەر ئەوەیە كە پارتی و یەكێتی و یەكتری بەو ئاقارەدا بەرن، نەك ئەوەی هێزەكان كورتان بە یەكتر فڕێدەن و جووتە وەشێنراوەكانیش بەر خەڵك بكەوێ.

ئێمە لای دەسەڵات و موعارەزەشەوە، چیتر پێویستمان بە بڕێك عەقڵانیەتە، نەك ئەو بێتامییەی كە پێی ئەوترێ "بوێریی".

ئێمە ئەو بوێرییەمان تاقیكردەوە كە زەڕب لە یەكتربدەین، ئێستا كاتی ئەو بوێرییەیە گەورەو بچوك و دەسەڵات و معارەزە.. یەكتر بخوێنینەوە.