دیوە شاراوەكەی ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی

11-03-2019 12:49


(1)

دوای نزیكەی 12 ساڵ لە ئیمزاكردنی ڕێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان بارزانی و تاڵەبانی، لە 4ی ئاداردا، یەكێتی و پارتی جارێكی دیكە ڕێككەوتنێكی سیاسی و دابەشكاریی پۆستەكانیان ئیمزا كرد. لە كاتێكدا كە وا چاوەڕوان دەكرا یەكێتی دوای ئەو ڕێككەوتنە ئیتر بتوانێ خۆی ساغ بكاتەوە، بەڵام هەنگاوەكانی دواتری دەریخست كە ئیمزاكردنی ئەو ڕێككەوتنەش بەشێكە لە هەوڵی سیستەماتیكی ئەو حیزبە بۆ درووستكردنی ئاستەنگ لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
یەكێتی لە 18ی شوباتدا، لەلایەن پارتی، گۆڕان و هێزە سیاسییەكانی دیكەی بەشدار لە پەرلەمان، سیحری كات كوشتنەكەی بەتاڵ كرایەوە، بۆیە كە دیتی كات لە دژی ئەو كار دەكات و هەڵەیەكی كوشندەی كردووە كە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی وەرنەگرتووە، كەوتەخۆ. ئەوانەی لە 17ی شوبات (لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی) دەیانویست لەبەر یەك خاڵ، 18 خاڵی ڕێككەوتنەكە ڕەت بكەنەوە، لە 18ی شوبات و دوای بینینی بێمنەتیی پارتی، ویستیان هەڵەكە ڕاست بكەنەوە؛ دیتیان خەریكە پارتی و گۆڕان بەبێ ئەوان نەك هەر یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم هەموار دەكەنەوە و سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێرن، بگرە بێ ئەوان حكومەتیش پێكدێنن. بۆیە كۆسرەت ڕەسوڵیان كردە واجیهەی ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی. لە ڕواڵەتدا ئێستا كۆسرەت ڕەسوڵ سەركەوتووە و ئیمزای خستووەتە سەر ڕێككەوتنێكی عادیلانە لەگەڵ پارتی، بەڵام پێچەوانەكەشی ڕاستە كە ئەگەر سەركردایەتی یەكێتی نەتوانێ ڕێز لەو ئیمزایە بگرێ و لەناوخۆی خۆیاندا نەتوانن ڕێكبكەون، سیحری ئەو ئیمزایەش بەتاڵ دەبێتەوە و بەهایەك بۆ مەكتەبی سیاسی و بڕیارەكانی نامێنێ.

ئەوانەی لە 18ی شوباتدا دۆڕاندیان، یارییەكی زیرەكانەی دیكەیان كرد و بە ڕێككەوتنی 4ی ئادار دیسان پارتییان بە بارمتە گرتەوە. ئەوان دەزانن پارتی ڕێز لە ئیمزای كۆسرەت ڕەسوڵ و نێچیرڤان بارزانی دەگرێت و، دوای ئیمزاكردنی ئەو ڕێككەوتنە ئیتر چاوەڕێی یەكێتی دەكات و لەگەڵ گۆڕاندا، هەنگاوی تاكلایەنە ناهاوێت. دیسان پارتی دەكەوێتەوە ناو هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوە ئەگەر یەكێتی بیەوێ بەهۆی ئەو ڕێككەوتنەوە یاری بە كات بكات، یان بیەوێ هەموو ململانێ ناوخۆییەكانی خۆی لەسەر حیسابی پارتی یەكلا بكاتەوە، دەبێ دیسان پارتی خۆی لەو تەڵەیەش ڕزگار بكات و چاوەڕێی یەكێتی نەكات، بگرە كەی هاتن ڕێككەوتنەكە جێبەجێ بكات.

ئەگەری بەریەككەوتنی گۆڕان و یەكێتی
(2)

گۆڕان یەكەم لایەن بوو كە پیرۆزبایی لە ڕێككەوتنی چواری ئاداری نێوان پارتی و یەكێتی كرد، بەوەش ویستی بڵێ كە ڕێككەوتنی نێوان گۆڕان و پارتی لەسەر حیسابی یەكێتی نەبووە تا ئێستا پێی نیگەران بێت. پارتی هەر لە ڕۆژی یەكەمەوە پێداگریی لەسەر بەشداریی گۆڕان لە حوكمڕانیدا كردووەو وا بە ئاسانیش گۆڕان نافرۆشێت. پارتی گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی كە گۆڕانی ڕیشەیی لەسەر كەلاكی ڕێككەوتنی ستراتیژی كە هەموو شتێك پەنجا بە پەنجا بووە، لەگەڵ یەكێتیدا ناكرێت. ئەمڕۆ بەرنامەی چاكسازیی پارتی و گۆڕان بۆ ئاییندەی كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر لێكنزیكن و تەنانەت لە كابینەی هەشتەمیشدا، نێچیرڤان بارزانی نەك هەر وەزیرەكانی گۆڕان، بگرە هەموو وەزارەتەكانی سەرپشك كرد بۆ ئەوەی بێ گەڕانەوە بۆ ئەو چاكسازی بكەن. یەكێتی، ئەندازیاری تێكدانی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و گۆڕان و بە پلەی سەرەكیش نەوشیروان مستەفا و بارزانی بوو (لە كاتێكدا كە ئەوان لەسەرەتادا پێداگر بوون لەسەر ئەوەی دەبێ حەتمەن گۆڕان لە حكومەتدا بەشدار بێت.!)

ئێستا پەرلەمانتارانی پارتی، بە هەمان نەفەسی پەرلەمانتارەكانی گۆڕان لە 2009 كار دەكەن، تەنانەت هەندێكیان بە ڕەتكردنەوەی مووچە و خانەنشینی و، ئیمتیازاتی پەرلەمانتاری ئەو نەفەسەشیان تێپەڕاندووە. بۆیە یەكێتی كە لەسەر كەلاكی ڕێككەوتننامەی ستراتیژی نووستووە و هەموو جۆرە چاكسازییەك لە مووچە و خانەنشینیی كادیرەكانی بە هێڵی سوور دەبینێ بۆ سەر پێگە جەماوەرییەكەی، زۆر نابات تووشی بەركەوتن لەگەڵ شەپۆلی ئەو ئاڕاستە چاكسازییە دەبێت كە لە داهاتوودا بەڕێوەیە.

ئەگەر یەكێتی نیەتی ئەوەی هەبووبێت كە بە هێشتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی حوكمڕانیدا، بزووتنەوەكە بخنكێنێ، ئەوا گۆڕانیش بە بەشداریی لە حكومەت و جومگە گرنگەكانی دەسەڵات، دەست لە بینەقاقای یەكێتی دەنێت. هەر بۆیە لە ئێستاوەڕا یەكێتی كەوتووەتەخۆ تا پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ڕێككەوتنی سیاسی لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی ئیمزا بكات. ڕێككەوتنی پارتی و گۆڕان بنچینەی چاكسازی و بە دامەزراوەییكردنی حوكمە لە كوردستان، بۆیە دەبێ هەردوولا دەستی پێوە بگرن، ئەوەی یەكێتی و پارتیش بە هەموو بگرە و بەردەكانیەوە، ئەخیرەن بۆ دابەشكاریی پۆست و گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی حوكمی ڕێككەوتننامەی ستراتیژی.

یەكێتی ئاوا دەبێتە حزبی یەكەم
(3)

پاڤڵ یان (بافێڵ) تاڵەبانی، لەم ڕۆژانە گوتبووی كە یەكێتی دەكەنەوە بە حزبی یەكەمی كوردستان!

دەڵێن: كوڕ هات و بە باوكی گوت: بابە لە ماراسۆن سێیەم بووم. باوكی گوتی دەك داوەشێی! جەماعەت گوتیان: بۆ سێیەمییش باشە! باوكی گوتی: ئاخر هەموو ماراسۆنەكە هەر سێ كەس بوون.

زۆر بە كورتی، لە دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلولەوە، یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كە بە حیسابی خۆی پڕۆژەی ئەڵتەرناتیڤی پارتی بووە، لە 1983 نەیانتوانی لە حوكمی زاتییەكەی 1970 زیاتریان دەستبكەوێ، لە 1987 دوای هەرەسی شۆڕشی نوێیان هاتنەوە باوەشی پارتی، لە 1992 هەڵبژاردنیان دۆڕاند و پارتی كردنی بە شەریكی حوكم، لە 1996 شەڕی ناوخۆیان دۆڕاند، لە 1998 بە ڕێككەوتنی واشنتن و دواتر لە 2007 جارێكی دیكە هەستانەوە، هەڵبژاردنەكانی 2009، 2013 و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییان بە گۆڕان دۆڕاند. پوختەی كەلام حزبی یەكەمی كوردستان خاوەنی نەك 45 بگرە 58 كورسییە و یەكێتیش كە خۆی بە سەركەوتوو دەزانێ، خاوەنی 21 كورسییە! مەگەر ئەوەی كە لە ماراسۆنەكەدا تەنها یەكێتی بەشدار بووبێت، وەك 16ی ئۆكتۆبەر.