لە جەنگدا تەنها مرۆڤەكان نامرن، ژینگەش دەمرێت

16-03-2019 04:56


بە درێژایی مێژوو، ئێمەی كورد لەكاتی بەرپابونی شەڕ و مەینەتییەكان كە بەرامبەر میللەتەكەمان ئەنجام دراوە زیاتر هەست‌و سۆزمان تەنها بۆ لایەنە مرۆییەكەی جوڵاوە، یاخود ئەو زەرەرو زیانانەی كردوومانە.

كەمتر بیرمان لەوە كردووەتەوە ئاخۆ جەنگ چ دەرهاویشتەیەكی دەبێت لەسەر تێكدان و وێرانكردنی ژینگەی وڵاتەكەمان، بە تایبەتی لە هەرێمی كوردستان، بە درێژایی شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكانی كورد، هەمیشە دووژمنان بە چەك دژایەتییان كردووە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی پێش ڕاپەرین، ئەوا لە مێژووی ڕەشی بەعسدا چەندین جار گەلی كورد بە دڕندانەترین شێوە بە چەكی جۆراوجۆر دژایەتی كراوە.

تا كار گەیشتە ئەوەی بە بەرچاوی پارێزەران و بانگەشەكارانی مافی مرۆڤ، دڕندەترین ڕژێم بە چەكی قەدەغەكراوی كیمیایی گەلەكەی خۆی كۆمەڵكوژ بكات، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكانیش كە ئەوان بانگەشەی بۆدەكەن، بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە.

جەنگەكان تەنها ماڵوێرانی و كاولكردنی وڵات و نیشتیمانی لێنەكەوتووەتەوە، ئەگەر بە كورتی سەیرێكی ڕابردوو بكەین، لە ئەنجامی شەڕ و ماڵوێرانییەكاندا، بە هەزاران گوند لە هەرێمی كوردستانی وێران و خاپوور كران، ئەمە لە كاتێكدایە ئەو گوندانە پێشتر هەر یەكەیان لە یەك سەرچاوە زیاتر كانی و بیری ئاویان هەبووە‌و ئەمانە وێران بوون، هەر لە گوندەكاندا زۆرینەی خەڵك سەرقاڵی ئاژەڵداری و بەخێوكردنی ڕەز و باخ بوون، ئەمانەش وێران بوون، كەواتە شەڕەكان لە كوردستان تەنها زیانی گیانی و مادییان نەبوو، ئەم ماڵوێرانییە بووەهۆكاری ڕووخاندنی ژێرخانی ئابووری وڵات و تێكدانی ژینگە و سروشتەكەشی.

ئەگەر ئێمە باسێكی پارێزگای هەڵەبجە بكەین دوای ئەو مەرگەساتەی بەسەریدا هات، زۆرترین زیان بەر ژینگە و سروشتەكەی كەوت، لەبەرئەوەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی ئەگەر یەكەمجار لەو شارەدا بوبێتە هۆكاری گیان لە دەستدانی زیاد لە 5 هەزار هاوڵاتی بێتاوانی شارەكە، ئەوا لە دوای ئەو مەرگەساتەوە تا ئەمڕۆ كاریگەری لەسەر ژینگەی شارەكە ماوەتەوە، دەبوو یەكەم كارێك كە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار بیان كردایە ئەوەبوایە دڵنیاییان بە دانیشتوانەكەی بدایە ئاخۆ ئەو چەكە تا چەند ساڵی تر مەترسی نامێنێ‌ت لەسەر تەندروستییان كە هیوادارم ئەمە كرابێت و من پێم نەزانیبێت‌، لایەنێكی تر فەرمانگە حكومی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كە خۆشبەختانە هەڵەبجە یەكێكە لەو شارانەی چالاكترین و تۆكمەترین تۆڕی ڕێكخراوەكانی تێدایە، دەبوو لەگەڵ هەر چالاكییەكدا نەمامێكیان بڕواندایە، كە دڵنیام تا ڕادەیەك كردوویانە، بۆ ئەوەی ئەو مەترسییانەی لەسەر خاك‌و هەواو ئاوی شارەكە ماون لایەنی كەم ئەگەر بنبڕیش نەبن كەمبكرێنەوە.

بەشێكی تر هەوڵبدرایە زۆرترین ڕێكخراوی بیانیی بە تایبەتی لە بوارەكانی تەندروستی و جوگرافیا و ژینگە بهێنرایەتە سنورەكە، بۆئەوەی بە شێوەی زانستی سەرجەم ئەو مەترسییانەیان دەستنیشان بكردایە كە لە سنورەكەدا هێشتا گومان دەكرێت مابێتن بە تایبەتی ئەو خانوانەی كە هێشتا بە شێكی بە شێوەی كەلاوەیی ماونەتەوە.

ئەمانەی كە باسمان كرد تەنها چەند هەنگاوێكی سەرەتایین بۆ ئەوەی بزانین جەنگ و ئاڵۆزییەكان تەنها مرۆڤەكان ناكەنە ئامانج، هەمیشە دیكاتۆر و داگیركەرەكان ئامانجیان ئەوەبووە كە كۆتایی بە ژیان لەو خاكەدا بهێنن كە بونەتە مەترسی لەسەر مانەوەیان لە دەسەڵاتدا، كە باشووری كوردستانیش هەمیشە شۆڕش و بەرخوودانی تێدا كراوە بەرامبەر داگیركەران.

بۆیە ئوێدەوارین ساڵانە لە 3/16 دا هێندەی ژمارەی قوربانییەكان نەمام بنێژرێت بۆ ئەوەی گیانی قوربانییان ئاسوودە بێت‌و دواتریش دڵنیایی بدەینە ئەو كەسانەی لەو مەرگەساتە ڕزگاریان بووە كە چیتر چەكی كیمیایی نابێتە هۆی مردن و گیان لە دەستدانی ئازیزەكانیان.