كۆتایی زەردەواڵەكان‌و ئایندەی كوردستان

23-03-2019 03:20


لە كۆندا لەوكاتەی هێشتا داودەرمانی قەڵاچۆكردنی زەردەواڵە نەهاتبوو، لە سلێمانی هەنگەوانەكان بۆ ئەوەی زەردەواڵە هەنگەكانیان نەخوات، دەچوون سی و جگەرێكی گەنیویان دەكرد بەدارێكەوەو لە نزیك شانەكەیاندا دایاندەنا. زەردەواڵەكانیش وازیان لە هەنگەكان دەهێنا و دەئاڵانە سی و جگەرەكە. دواتر خاوەن هەنگەكان دەچوون تورەكەیەكیان دەكرد بە سەر سی و جگەر و زەردەواڵەكاندا و گڕیان تێبەردەدان و دەیانسوتاندن بەم شێوەیە مێش هەنگەكانی خۆیان دەپاراست.


لە سەرەتای هاتنی داعش كاك نەوشیروان ئەم باسەی بۆ كاك مەسعود بارزانی گێڕابووەو پێی وتبوو، نابێ كورد زۆر دڵی بەوە خۆش كات كە وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ لەناوبردنی داعش پشتیوانیمان لێ دەكەن و ئەم پشتیوانییە تا سەر نییە. وڵاتی ئێمە بە نسبەت ئەوانەوە سی و جگەرەكەیەو زەردەواڵەكانیش توندڕەوە ئیسلامیەكانی وڵاتی خۆیانن، ئەیانەوێ هەمویان بهێننەوە و لێرە بیانسوتێنن و ڕزگاریان بێت لێیان.. نابێ چاوەڕێی ئەوە بكەین كە ئەم هاوكارییانەیان بۆ هەتاهەتایە بەردەوام دەبێ.. دەبێ ئاگامان لەوەبێ ئێمەش بەوانەوە نەسوتێنن.


باشتر وایە كەڵك لەم پشتیوانییانە وەرگرین و خۆمانی پێ بەهێز بكەین، ئەو بەهێز بونەش بە یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەبێ.


وا لە باغۆز و لەسەر دەستی خوشك و براكانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان و پێشتریش لەسەردەستی پێشمەرگە، زەردەواڵەكان سوتان و لەگەڵ خۆیاندا بەشێكی زۆر لە خەڵك و وڵاتی ئێمەشی پێوە سوتا و بەهۆی یەكنەخستنی هێزی پێشمەرگەشەوە نیوەی باشوری كوردستانمان دۆڕان و كەسیش خۆی ناكات بە خاوەنی.


سەردەم سەردەمی هێزە، هێزی سەربازی‌و هێزی متمانەی خەڵك‌و هێزی دیپلۆماسی‌و هێزی ئابوری.. هەر میللەتێك خاوەن ئەو هێزانە بێت، یاری پێ ناكرێت.. بەڵام بەبێ ئەو هێزانە، دەبێتە یاری پێكراو و لە هەموو ململانێیەكدا بە دۆڕاوی لێی دەردەچێ.. سەرچاوەی ئەو هێزانەش یەكگرتوویی‌و ئیتیفاقە.. ئیتیفاقیش بە بوونی عەدالەت و شەفافیەت دێتە دی.