لە توركیا شەڕ دۆڕا

01-04-2019 06:32


- سەیركە شەرناخمان دۆڕاندووە، چونكە گەریلا كردوێتی بە مەیدانی چالاكی و دەوڵەتیش كردوێتی بە معەسكەر.

(لەناو ماڵی خۆتا شەڕبكەیت، ئازادی ناكەیت، كاولی ئەكەیت)

سەیركە ئاكەپە براوەی شەڕە لە عەفرین، پەكەكەش براوەی شەڕە لە باغۆز، كەچی دەنگی هەردوكیان پاشەكشێی كردو سەركەوتنی هیچیان تەرجەمە نەبوو بۆ دەنگی زیاتر!
(دەنگدەری عاقڵ ئیلهام لە شەڕ وەرناگرێ)

- سەیركە هەڵبژاردنەكە ململانێی هاوپەیمانەكان بوو نەك ململانێی ئەحزاب، هاوپەیمانییەكانیش لە نێوان نەیارە تەقلیدییەكاندابوو!
(سیاسەتی دروست كاری پێكەوەییە، نەك كەلی شەیتان و خۆ تەنیاكردن لەپێناو پاڵەوانبوون)

- ئاكەپە یەكەمبوو، بەڵام پاشەكشێی كرد، جەهەپە هەڵكشا بەڵام یەكەم نەبوو، هەدەپە كەمیكرد بەڵام قیاسەن بەو ستەمەی كە لەسەریەتی، سەركەوتووەو زۆریش.
(لە دیموكراسیدا بردنەوەو دۆڕان ڕێژەییە، هەمووان هەم بردنەوەو هەم دۆڕانیشیان بەرئەكەوێ، براوەی هەموو شتێك و دۆڕاوی هەموو شتێك لە دیموكراسیدا نیە)

- سەیركە هەدەپە دەسكاری معادەلەی ئەنقەرەو ئەستەنبوڵ ئەكاو ئاكەپەش پارێزگاكانی باكور ئەباتەوە!
یەعنی یەكجار لەوە تێبگە، لە توركیا شتەكە وەكو عێراق نیە، كورد دەنگبدا بە كوردو شیعە بە شیعەو سوننە بە سوننە!
كە لەوە تێگەیشتیت، ئیتر لەوەش تێئەگەیت، كە ئەو كوردەی دەنگی داوە بە ئاكەپە، كوردێكی جاش نیە! وەكچۆن ئەو توركەی كە هاوسەرۆكی هەدەپەیە توركێكی خائین نیە.
هەدەپە بە "ئایدۆلۆژیاو هاوپەیمانی" تا ناو ماڵی ئاكەپە ڕۆیشتووەو ئاكەپەش بە "ئایدۆلۆژیاو خزمەت و عەسكەر" تا ناو ماڵی پەكەكە هاتووە.
(بە مەتری ئێرە ئەوێ مەپێوە)

- سەیركە وەكچۆن توركێكی چەپ هاوسۆزی هەدەپەیە، كوردێكی ئیخوانییش ئاساییە هاوسۆزی ئاكەپەبێت.
لای من‌و تۆ كوردبوون خەمە ئەساسییەكەیە بۆیە لێرەوە دڵمان لای پەكەكەو باكورە، لای ئەو ئیسلامییبوون خەمە ئەساسییەكەیە بۆیە دڵی لای ئاكەپەو توركیایە.
ئێمە ئەپرسین ئەو بۆ هاوسۆزی خەڵكی خۆمان نییە؟ دەی خەلەلەكە لەم پرسیارەی ئێمەدایە! چونكە "خەڵكی خۆمان" لای ئەو هاوئایدۆلۆژیاكەیەتی نەك هاوشتەكانی تر.
(لە ئایدۆلۆژیای خۆیەوە بڕیار لەسەر بەرامبەر بدە، نەك لە ئایدۆلۆژیای خۆتەوە)

- من لە كۆرس چوار كرمانجم لەگەڵبوو، سیانیان دەنگدەری ئاكەپەبوون، تەنیا یەكێكیان دەنگدەری هەدەپەبوو! ئەوان خۆیان كێشەیەكیان نەبوو، كەچی من لەگەڵ سیانەكەدا تێگیرام لەسەرئەوەی كە دەنگ بە هەدەپە نادەن!!
خۆ ئەگەر ئاشتییەكەی ئەو ساڵە دوو هەنگاوی تر بچوایەتە پێش، ئێستا هەدەپەو ئاكەپە هاوپەیمانبوون ئەزانی؟!
هەدەپەكان خۆیان بەچاوی جاش و خائین سەیری كوردە ئاكەپەكان ناكەن‌و كوردە ئاكەپەكانیش بەچاوی كافرو زندیق سەیری هەدەپەكان ناكەن، چونكە ئەوان ڕەنگە خزم یان دراوسێبن، یان ڕەنگە براو ئەندامی یەك خێزانبن و ئا ئێستا دانیشتبن پێكەوە نان‌و ماست بخۆن! بەڵام ئێمە لەباشورەوە پێمانوایە ئەمیان جاشەو ئەویان كافرە!!
(دنیا ڕەش و سپی نیەو ڕق و دەمارگیریش هەڵوێست نیە)

- شتێكی گرنگ كە ڕووبدا، ئەوەیە كە (ئەم سەرنەكەوتنەی شەڕ، ببێتە سەركەوتنی ئاشتی.) جگە لەمە هیچ ڕووداوێكی ئایندەی توركیا گەورەو گرنگ نیە.