قسەیەك لە بارەی بارەگای بارزانی

02-04-2019 12:21


بارەگای بارزانی لەئەرزی واقیعدا مەكان و ئیمكانی لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم‌و پەرلەمان‌و حكومەت‌و نەوت‌و چەكدارو پەیوەندییەكانی دەرەوە زۆرترە، بارەگای بارزانی بڕیار بەدەستی ئاشتی‌و پێكەوە ژیان‌و بڕیاردەری یەكەم‌و ئەخیری پرسە سیاسیەكانی هەرێمە، گەڕانەوەی مۆدێلی بارەگا بۆ بارزانی گەڕانەوەیە بۆ شێوازی بەڕێوبردن لە قۆناغی شۆڕش كە بەرپرسی بارەگا دەتوانێ (ئیدارەو مەفرزەكانی شۆڕش) دەتوانێ (حاكمەكان‌و مامۆستاو مەلاو، دكتۆرەكانی شۆڕش) دیاری بكات.

میتۆدی بارەگای بارزانی جۆرە مۆدێلێكە كە دەسەڵاتەكانی لە شەرعیەتی شاخ‌و خەباتی چەكدارییەوە سەرچاوە دەگرێ‌و بارەگا بڕیاری شەڕو مفاوەزات، بارەگا دەتوانێ بڕیاری (دیل بە دیل)و تەسفیاتی(ناوخۆ و دەرەوە) بدات، لەڕاستیدا میتۆدی بارەگا شێوەی بەڕێوەبردنی بەرەی كوردستانییە گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سەرەتاو ئەو ڕۆژگارانەی كە فەرماندەی دۆڵێك دەیتوانی وەزارەتی تەندروستی بەڕێوەبەرێ، سەرلقێكی نە خوێنەوار توانای بەڕێوەبردنی (پەروەردەو ڕێگاوبان‌و شارەوانی) هەبوو.

كورت و كورمانجی مۆدێلی جارانی بەرەی ساڵانی نەوەدەكانە، كوردستانی عێراق ئێستا لەبەردەم دامەزراوەیەكی نوێدایە دامەزراوەیەك كە توانای بەسەر كۆی دامەزراوەی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا هەیە، مۆدێلی مەرجەعەو گەڕانەوەیە بۆ بڕیاردانی تاكەكەسی لە بڕیاردانی دەوڵەت و كاروباری دەوڵەتدا هاوشێوەی مۆدێلی ئیمام خومەینی ساڵانی هەشتاكانی ئێران‌و خامنەئیی ئێستای كۆماری ئیسلامی ئێران، دروستكردنی بارەگای بارزانی گەیاندنی خودی بارزانییە بە مەرجەعی سیاسی وڵات، لەڕووی لۆجیكیشەوە گەر تەماشای بارزانی بكەین لە كایەی سیاسی كورددا بێ ڕكابەر ماوەتەوە، تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، لە قۆناغی جیاجیادا وەك ڕكابەری بارزانی دەركەوتون، لە یەكتر گەیشتون ئاگایان لە هێڵ‌و جوڵە سیاسیەكانی یەكتربووە، لەدوای ئەوانەوە بارزانی كەس بە هاوشێوەو هاوشانی خۆی نابینێت لە كوردستاندا، لەڕووی كرداریشەوە وایە، مەسعود بارزانی كەس هاوشانی نیە، ئەگەر هاوشانی هەبوایە بارزانی چۆن دەیتوانی تاك‌و تەنها بڕیاری ڕیفراندۆم بدات؟ بەواتایاكی تر ڕیفراندۆمی بارزانی بۆ سەربەخۆیی لە غیابی دوو سەركردە مێژووییەكەی ڕكابەریدا بوون، بارزانی دوور لەوان پرسی سەربەخۆیی خستە ڕاپرسییەوە، ئەم پرسەی كردە گێژاوێكەوە كە بووەهۆی لەدەستدانی بەشی زۆری ئەوناوچانەی كە پێكەوە (مام جەلال، نەشیروان مستەفا، مەسعود بارزانی) بەدرێژایی ساڵانی تەمەنیان بە ناكۆكی‌و شەڕو پێكەوە بوون بەدەستیان هێنا، بارزانی لە غیابی ئەواندا بڕیاری دروستكردنی دەوڵەتیدا، بەڵام سەرئەنجام بارزانی لەجیاتی دەوڵەت، خۆی تاك و تەنها گەڕایەوە بۆ مۆدێلی پێش دروستكردنی دەوڵەت، كە دروستكردنی بارەگایە بەسەر دامەزراوە شەرعیەكانی هەرێمی كوردستانەوە.