نەوەی نوێش بو بە حیزبی بنەماڵە

16-04-2019 06:50


كاتێك مەلا مستەفا بارزانیی بەتەواوی پارتیی كۆنتڕۆڵ كرد، كاری بۆ بە بنەماڵەییكردنی حیزبەكەی كرد. ئێستا پارتیی هی بنەماڵەی بارزانییە. كاتێك جەلال تاڵەبانیی بوە سەرۆكی عێراق، هێدی هێدی بنەماڵەكەی خۆی خستە ناو حیزبایەتییەوە، دواتر خێزانەكەی بەتەواوی كۆنتڕۆڵیان كرد، بێگومان بنەماڵەی دیش هەن لەناو یەكێتیی لە ئاست پێگەی خۆیان كاریگەرییان هەیە، بە نمونە بنەماڵەی كۆسرەت ڕەسوڵ.

نەوشیروان مستەفا لە ژیانیدا بەتەواوی دژی بەبنەماڵەكردنی حیزبایەتیی بو، بەداخەوە كە كۆچی دوایی كرد حیزبەكە وا دەبێتە حیزبی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا. جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە سەرەتاوە حیزبی شاسوار عەبدولواحید بوە. خۆی لە سلێمانیی بەتەواوی حیزبەكەی كۆنتڕۆڵ كردوە، بەڵام لە بەغداد بە هۆی هەبونی ڕابون مەعروف و سەركەوت شەمسەدینەوە كە دو كەسایەتیی ناسراوی حیزبەكەن و لێهاتوییەكەیان لە شاسوار زۆر زیاترە، نەیدەتوانی بەتەواوی حیزبەكە لەوێ كۆنتڕۆڵ بكات. ئێستا خوشكی خۆی كردۆتە بەرپرسی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بەغداد و كۆنتڕۆڵی تەواوی كارەكانی كردوە. شاسوار ئامانجیەتی لە داهاتودا بچێتە ناو كۆمەڵێك گەمەی سیاسیی لەڕێی سروەوە كە زیاتر دابەشكاریی پشك و بزنس و پۆست دەبێت لە بەغداد.

شاسوار لە سلێمانیی و سروە لە بەغداد ئەو حیزبەیان كردۆتە حیزبی بنەماڵەی خۆیان. یەكێتیی و پارتیی و گۆڕان هێشتاش بەتەواوی مەكتەبی سیاسیی و خانەی ڕاپەڕاندنیان لەكارنەخستوە، كەچی شاسوار بۆ ئەوەی بەتەواوی حیزبەكە كۆنتڕۆڵ بكات، ئەنجومەنی باڵای ئەو جوڵانەوەیەی پەكخستوە و هیچ بڕیارێك لەو ئەنجومەنە نادرێت و یەك كەس بیردەكاتەوە، بڕیاردەدات و دونیابینیی پۆپیولیستی خۆی دەسەپێنێت. ئەو خۆسەپاندنەیە وای كردوە ئارام سەعید، یەكێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و كەسێكی كاریگەری جوڵانەوەكە، بەهێمنیی لە جوڵانەوەكە بكشێتەوە.

كێشەی سیاسیی هەرێمی كوردستان تەنها هەبونی حیزبی ترادسیۆنیی گەندەڵ و بنەماڵەیی‌و بێ مەعریفەو دونیابینیی‌و ئایندەبینیی نییە، بەڵكو كێشەیەكی قوڵتریش ئەوەیە ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەكەن ببنە ئەلتەرناتیڤ زۆر نابات دەبنە یەكێتی و پارتی. كە یەكێتی دەستیپێكرد لە سەرەتاوە دژی پارتی بو، دواتر بو بە پارتی. گۆڕان دژ بە یەكێتی بو، دواتر بو بە یەكێتی. نەوەی نوێ دژ بە گۆڕان بو، دواتر بو بە گۆڕان.