نۆ سەیروسەمەرەی تری ساڵی ٢٠١٩

27-04-2019 04:39


یەكەم: كەریم شەریف قەرەچەتانی: تەلەبەی خۆم كراوە بەسەرۆكی بەشەكەم! دەبو ئەم قسەیە بومەلەرزەیەك بوایە بۆ هەمو دامەزراوەی خوێندنی باڵاو زانكۆی سلێمانی، بەڵام وەك هەمو حەقیقە تاڵەكانی تر، بێ كاریگەری تێپەڕی! خۆسەپاندنی حیزب بەسەر زانكۆكاندا بەردەوامە.

دوەم: بارزانی لە كردنەوەی پێشانگای كتێبی هەولێر، لەڕۆژی ٢٠١٩/٤/٣، هەڕەشەی كرد كە یەك چركەی تر چاوەڕێ ناكەن! بەڵام ئەمڕۆ ٢٠١٩/٤/٢٧ یەو حكومەتیش پێكنەهاتوە! دەبێت چركە لای بارزانی چەند درێژ بێت؟ بەڕاست پێشانگای كتێب پێویستە ئەهلی كتێب بیكاتەوەو وتەی هەبێت یان سەرۆكی حیزبێك‌و لەم بۆنە كلتوریەدا، هەڕەشە بكات؟!

سێیەم: ئەرێ بەڕاست لیژنەی باڵای فەتوای هەرێم چ پەیوەندییەكی بە ڤیستیڤاڵی ڕەنگەكانەوە هەیە؟ ئایا ئەم لیژنەیە لە هەمو ئەو ناعەدالەتی و ئیهانەیەی بەرامبەر بەرژوەندی گشتی دەكرێت، لەكوێیە؟! یان لەوهەمو كوشتنە بەناهەق و قوربانیانەی كێشە كۆمەڵایەتیەكان بۆ هەڵوێستی نیە؟!

چوارەم: ئەندام پەرلەمان پارێزبەندی(حەسانە)ی هەیە، بەڵام عەقڵیەتی نوێی ئەمنیی لەسەرۆكایەتی پەرلەمان‌و حكومەت، بڕیاریانداوە لە شوێنی كارەكەی خۆیان بیانپشكنن! لەهەموی كارەساتتر، كاندیدە زۆر بڵێیەكانی كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن ورتەیان لێوەنایەت! لەم هەرێمەدا، تەنها ئەندامانی خێزانە سیاسییە حوكمڕانەكان حەسانەیان هەیە.

پێنجەم: یەكێتی لە ڕابردودا: تێبینی زۆرمان لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەیە، بەڵام ئێستا: تەنها بڕگەیەك بۆ یاسایەكە زیاد بكەن بۆئەوەی جێگرێكمان هەبێت. ئەوەی لەكوردستان دەگوزەرێ، یەك زنجیرە درۆی گەورە و ماكیاڤیلییەتێكی ساسیی بێمانایە.

شەشەم: كاندید بۆ سەرۆكی كابینەی داهاتوی حكومەتی هەرێم ئامۆژگاری بەرپرسانی عێراق دەكات كە داهات زۆرە، بەڵام خراپ ئیدارەدانی هەیە! ئەم جورئەتی لەخۆڕازیبون و غرورە وەهمییەش، نمونەی دەگمەنە! باشە ٢٨ ساڵە كێ ئیدارەی كوردستان ئەدات؟ ئەمان خۆیان یان كەسانێك لە مەریخەوە هاتوون؟

حەوتەم: كوێستان محەمەد: زیادكردنی جێگری دوەم بۆ سەرۆكی هەرێم، بارگرانییە بۆ بودجەی هەرێم! زەحمەت نەبێت سەرۆكی هەرێم و جێگری یەكەمی بۆ بارگرانی نین؟ ئەوە ساڵ‌و نیوێكە ئەم دامەزراوەیە نەماوەو دەسەڵاتەكانی دابەشكراوە، چ كاروبارێكی هەرێم پەكی كەوتوە؟! ئەمە لەكاتێكدایە گۆڕانی گردەكە خۆی داهێنانێكی هاوشێوەی كردوەو بەناوی چاكسازییەوە یاریدەدەرێكی بۆ سەرۆكی حكومەت زیادكردوزە، هەموشمان ئەو ڕاستییە دەزانین كە چاكسازی بەم یاریدەدەرە ناكرێ و جگە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی، ئەم پۆستەش هیچ جێگەیەك ناگرێت. هێزێك كە ستراتیژەكەی بووبە دۆزینەوەی پۆست بۆ كەسە نزیەكانی جەماعەتی سەرەوە، بەم دەردەی گۆڕانی گردەكە (نەك بزوتنەوەی گۆڕان) دەچێت.

هەشتەم: جوڵانەوەی نەوەی نوێ داهێنەرو ناتەقلیدی بو لە داهێنانی دزێوترین جۆری هەڕەشەكردن لە ئەندامەكانی. لەم فەزیحە سیاسیی و جێندەرییەدا، ڕێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتان و یەكێتی پەرلەمانتاران و داواكاری گشتی لەكوێن؟! ژەهرو ڤایرۆسی حیزبایەتی هەمو كایەكانی ناشرینكردوە!

نۆیەم: میللەتی سودان بە یەكێك لە میللەتە هەرە هەژارەكانی دونیا ئەژمار دەكرێت. بەڵام عومەر بەشیر خاوەنی ١٣٠ ملیۆن دۆلاربوە (یەك ملیۆن و سێسەد هەزار دەفتەر دۆلار)! سەیرلەوەدایە، ئیسلامی سیاسی بەگشتی نەسیحەتیان ئەوەیە كە ئەم ژیانە هیچ نییەو پێویستە گرنگی نەدەین بەلەزەتەكانی، بەڵام زۆربەی هەرەزۆریان ڕێك بە پێچەوانەی ئەم نەسیحەتە هەرزانەی خۆیانەوە ڕەفتار دەكەن!