وەڵامێكی كورت بۆ عەبدولڕەزاق شەریف

08-05-2019 10:46


لە ڕاستیدا من حیكایەت خوان نیم تا بتوانم قسە بهۆنمەوە، بە باشی نازانم لە ئێستادا وەڵامم هەبێت تایبەت بە خۆتان و كاركردنتان لەناو گۆڕان‌و دەرەوەی گۆڕان، چونكە تۆ دەركراویت، چاوەڕێی قسەی خێرت لێ ناكەین، نامەوێت قسە لەسەر كەسایەتی خۆت بكەم، بە كورتی و پوختی لە سەر چەند گێڕانەوەیەكی ناڕاستی ئێوە ڕونكردنەوە دەدەم، هەتا وا هەست نەكەیت حیكایەتەكانتان ڕاستی یە.

لە بەشی یەكەمی نوسینەكەتان دەڵێن كاك عومەری سەید عەلی پارەی بە گوێنی لە مام جەلال وەرگرتوە، ئەم قسەیە ئەوەندە بوختانێكی گەورەیە كە بە درێژای ئەو ناكۆكییە گەورەیەی كە هەمانبوە لەگەڵ یەكێتی، هەرگیز دەستیان بۆ بوختانی لەو چەشنە نەبردوە، ژیانی سادەی كاك عومەری سەید عەلی شاهیدی ئەوەن كە هەرگیز بڕوای بە دینار و دۆلار نەبوە، ئەگەر بەڵگەت هەیە بیخەرە ڕو و قسەی بێ بنەما مەكە.

یان دەڵێت مام جەلال بە فەردە پارەی پێ داوە تا بەكاری بهێنێت دژی كاك نەوشیروان.

ئێوە لە بەشێكی كەمی ڕوداوەكاندا هەن، بەڵام قسە هەڵدەبەستن، بۆ نمونە ڕاستە ئەو كۆبونەوەیەی مەكتەبی سیاسی كراوە و ئەو چەند خاڵە درا بە مام جەلال، بەڵام ئەوە قسە هەڵبەستنە كە فڵان لە كۆبونەوەكە وای بە كاك عومەر وتوە، ئەوەش درۆیە كە پارەی وەرگرتوە، ئەوەش قسە هەڵبەستنە كە دژی كاك نەوشیروان بوبێت.

ئەمەوێت ئەوە باس بكەم ئێوە بە هێندەی ئێمە لە ناو ڕوداوەكانی باڵی ڕیفۆرم و دروستبونی گۆڕاندا هەر نەبون، بۆ خۆ هەڵكێشان نییە گەر بڵێم یەكێك لە قیادەكانی باڵی ڕیفۆرم بەتایبەت لە ناو خوێندكاران و گەنجاندا ئێمە بوین، نەمبیستوە ئێوە ڕیفۆرم بوبێتن، ئەوانەی ئاگادارن شاهیدی ئەوە دەدەن كە كاك نەوشیروان و كاك عومەر بە درێژایی چل ساڵ خەبات، لە یەك بەرەدابون، نەك وەك ئێوە دەڵێن كە هەر یەك لەلایەك بوە و مام جەلال بە گونیە پارەی پێداوە دژ بە كاك نەوشیروان.

قسەیەكی ناڕاستی ترتان كە كاردانەوەی بڕیاری دورخستنەوەتانە، گوایە كاك عومەر لە نێوان مام جەلال و كاك نەوشیرواندا دو دڵ بوە كامیان هەڵبژێرێت؟

ڕوداوەكان دیارە كە كاك نەوشیروان كۆتای 2006 دەستی لە یەكێتی هەڵگرت، بەڵام برادەرانی باڵی ڕیفۆرم لە مەكتەبی سیاسی تا سەرەت1ای 2009 لە یەكێتیدا مانەوە، واتا بە درێژایی ئەو ساڵانە كاك نەوشیروان لە هاوكێشەكانی یەكێتیدا نەبوە تا كاك عومەر دودڵی هەڵبژاردنی یەكێكیان بوبێت.

ئێمە (كە دەڵێم ئێمە واتا هەمو ئەو هاوڕێیانەی لەو سەردەمەدا پێكەوە بوین) مانگی یەكی 2009 بڕیاردرا بە ناڕاسمی و بە ئاشكرا كار بۆ ڕاگایاندنی لیستی پارلەمان بكەین، ئەو سەردەمە برادەرانی باڵی ڕیفۆرمی مەكتەبی سیاسی كاركردنیان لە ناو یەكێتی هەڵپەسارد و چونە ماڵەوە، هیچ پەیوەندییان لەگەڵ ئێمە پەیوەست بە گۆڕان نەبو، بە واتایەكیتر ئەوان دەستبەرداری یەكێتی و مام جەلال بوبون، دوای چەند مانگێك لە واز هێنان هاتنەناو ئەو پڕۆژەیە كە دواتر بو بە لیستی گۆڕان.

ڕۆژێك بە كاك نەوشیروانم وت، ئەگەر بەرێزتان ڕازی ببن دەچمە ماڵی كاك عومەری سەید عەلی بەڵكو بێن‌و هاوكاریمان بكەن بۆ سەرخستنی پڕۆسەكە، فەرمویان بچم، كاك عومەر ئەو كات وەڵامەكەی ئەوەبو كە لەگەڵ برادەران(باڵی ڕیفۆرم) مشاوەرە دەكات، دواتر زانیم كە چەند كەسیتر بۆ ئەو بابەتە قسەیان لەگەڵ كردوە لە ناویاندا خوا لێخۆشبو شوعلەخان.

بە كورتی هەرگیز كاك عومەر و هاوڕێكانی نەكەوتونەتە دۆخێكەوە كە لە نێوان كاك نەوشیروان و مام جەلال یەكێكیان هەڵبژێرن، بەڵكو یەكلابون.

دەرهێنانی قسەیەك و ڕستەیەك لە قسەی ڕۆژانە(ئەگەر واشبێت)، دەچێتە چوارچێوەی دوفاقی و پلانگێڕییەوە كە كاری خەڵكی كاڵفام و بەكارهێنراوە.

سەبارەت بە بەخاكسپاردنی كاك نەوشیروان، ئاگاداری ئەو حیكایەتە نیم كە كاك عومەر و كوڕەكانی كاكە هاتونەتە(كەی ئێن ئێن)، بەڵام ئەو ڕۆژەی كاك نەوشیروان كۆچی دوایی كرد، دوا كەسی گردەكە كە لە خەو هەستا تۆبویت، هەق نیە خۆتان لیببێتە پاڵاوان و هەر خۆتان ببینن.

هەرچی پەیوەندی بە مەراسیمی بە خاك سپاردنەوە هەیە، لە یادمە سێ سیناریۆ هەبو، یەكەم تەرمی پاكی كاك نەوشیروان لە ماڵەكەی بمێنێتەوە لە ساردكەرەوەدا هەتا ڕۆژی دواتر بە خاك بسپێررێت، سیناریۆی دوەم ئەوەبو كە تەرمی پیرۆزی كاك نەشیروان ڕۆژی دواتر لە نەخۆشخانەوە بە مەراسیم بهێنرێتەوە بۆ گردەكە، سیناریۆی سێهەم كە ئەساسی فكرەكە ئێمە بوین وەك مەكۆی سلێمانی، بەندە بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ كاك قادری حاجی عەلی كرد، بۆم باسكرد كە لە دوای مردنی شێخ مەحمودەوە هەر سەركردەیەك لە سلێمانی كۆچی دوایی كردبێت، تەرمەكەی لە مزگەوتی گەورەوە بەڕێكراوە بۆ گۆڕستان. بۆیە وەك مەكۆی سلێمانی پێشنیار دەكەین تەرمی پاكی كاك نەوشیروان لە نەخۆشخانەی فاروقەوە بگوازرێتەوە بۆ مزگەوتی گەورە و بەیانی نوێژی لەسەر بكرێت و بە ڕێپێوان بەڕێ بكرێت بۆ گردی زەرگەتە.

كاك قادر وتی ئەوە پێشنیارێكی بەجێ یەو ئێستا ئەچمە كۆبونەوەو پێشنیاری دەكەم.

پاش كاتژمێرێك تێلی كردەوەو وتی ئەوەی ئێوە پەسەند كرا بڕۆن ئەو قەرەباڵغییەی بەردەم نەخۆشخانەی فاروق كەمبكەنەوەو بە خەڵك بڵێن بەیانی تەرمی كاك نەوشیروان دەبرێتە مزگەوتی گەورە.

ئیتر ئەوەی كاك ڕەزاق باسی دەكات دروستكراوی خەیاڵی خۆیەتی.

ماوەتەوە پرسیارێك بۆ ئێستا لە كاك ڕەزاق بكەین، ئەرێ ئەوە بۆچی پێش ئەوەی نوسینەكانت لە ئەكاونتی خۆت بڵاو بكەیتەوە، پەیج و سایتە سێبەرەكانی یەكێتی بۆت دەكەنە سەوت و سورە و دەبنە سپۆنسەرت؟