مۆدێلی تەپوتۆز

11-05-2019 04:07


هەواكە خۆی پیسەو پارتی و یەكێتی پێشوەخت تەمومژێكی چڕیان تیا دروستكردوە، هێزی تازە نایەت بەقەت حەجمی خۆی پاك و ڕوونی بكاتەوە، دێ لەناو تەپوتۆزەكەدا ئەویش تەپوتۆزی خۆی بكات، ئیتر ژینگەی سیاسیشمان تابێ پیسترو تەڵختر ئەبێت!

ئیتر هێزی سیاسیی زیادئەكاو لەگەڵیا هۆشیاری سیاسی زیاد ناكات، چونكە ئەوەی دێ، بەرامبەر گەمژاندنەكەی پارتی و یەكێتی، جۆرێك لە هۆشیاریی تەرح ناكات، بەڵكو مۆدێلی گەمژاندنی خۆی ئەخاتە بازاڕەوە!

ئیتر هێزەكان زیادئەكەن و لەگەڵیا بەرچاوڕوونی زیادناكاو شتەكان هەر لێڵ ئەبن، چونكە شەڕی سەرەوەو "دەسەڵاتخوازی" لە لێڵیدا ئەكرێ و شەڕی خوارەوەو بیناكردنەوەی تاك و كۆمەڵگا لە ڕوونیدا! یەكەمیان بڕێك دەنگەدەنگ و شیعاراتی حەماسیی ئەوێ جەوەكەی پێ گرژكەیت، دووەمیان كەشێكی ئارامی ئەوێت فكرێكی ڕوونی تیا تەرحكەیت. (هێزەكانی ئێمەش بۆ شەڕەكەی یەكەمیان هاتوون)

سەیركە ئۆجەلان لەو خەڵوەتەی خۆیدا، چونكە گەیشتووە بە باڵایی عەقڵی و ڕۆحی، جگە لە ئاشتی و ئارامی پەیامێكی تری نیە، هەموو دەرفەتێك ئەقۆزێتەوە بۆ دووپاتكردنەوەی هەمان شت! بۆچی؟ چونكە (ئەو ئەیەوێت شتێك لەخوارەوە دروستبكاتەوە) كە ئەوەش پێویستی بە ڕەواندنەوەی لێڵیی ئاوەكەیە، بۆ ئەوەی ئەو ماسییەی كە ئەیخاتە ناوی دیاربێت!

بەپێچەوانەوە ئەردۆگان چونكە شەڕەكەی شەڕی دەسەڵاتخوازییە، كاری ئەو بە گرژكردن و لێڵكردن ئەڕوات، بۆیە ئەبینی لە ناو حیزبەكەی خۆی و وڵاتەكەی خۆیەوە تاكو دوورترین شوێنی دنیا هەر ڕۆژەی گرژی و لێڵییەكی تازە ئەخولقێنێ، بۆئەوەی شەڕی دەسەڵاتخوازیی خۆی لەناویدا بشارێتەوە!

ئۆجەلان لەناو فكرو ڕۆحی خۆیدا كۆتایی بە (دووانەی شەڕو ئاشتی) هێناوەو لەناو ئەودا تەنیا ئاشتی هەیە! باڵاییش هەرئەوەیە كە لەناو خۆتدا كۆتایی بەو دووانەیە بهێنیت و تەواوی مەساحەی ڕۆحت بۆ ئاشتی یەكلابكەیتەوە، چونكە شەڕەكانی دنیا، شەڕەكانی ناوەوەی ئێمەیە هاتونەتە دەرەوە، ئەگەر لەناوەوە كۆتایی پێبێنین، لە دەرەوە ئاشتی فەراهەم ئەبێت!

یەعنی لە باڵاییدا من تەنیا بەرپرس نیم لە شەڕەنگێزییەكانی خۆم، بەرپرسم لە شەڕەنگێزییەكانی تۆش! بۆیە نابێ دەرفەتی شەڕت بدەمێ و تا تۆ زیاتر بڵێی شەڕ، من ئەبێ "ئۆجەلان ئاسا" زیاتر بڵێم ئاشتی.

جا مۆدێلی تەپوتۆز خراپترین مۆدێلی موعارەزەیە كە هاتۆتە دنیای ئێمەوە، قازانجەكەی هەر ئەچێتەوە گیرفانی یەكێتی و پارتی، چونكە لە ئەساسا تەپوتۆزی سیاسی، پارتی ویەكێتی خۆیان دروسیانكردوەو تا چڕتریشبێت، ئەوان لەناویدا باشتر ئەمێننەوەو خۆی تیائەشارنەوە.

مۆدێلی تەپوتۆز ئەوەیە كە گۆڕان هاتە ناو هەوا تۆزاوییەكەوەو وتی یەكگرتوو ترسنۆكە یەك قاچ ئەدا بە ئەرزا، من هەردوكی ئەدەم بە ئەرزاو تەپوتۆزی زیاتر ئەكەم.

نەوەی نوێ هات وتی گۆڕان تەپوتۆزی كەمە، لەبری دوو قاچ من هەر چوار پەل ئەدەم بە ئەرزاو تەپوتۆز زیاترئەكەم.

ئێستا دەنگۆی دروستبوونی هێزی تر هەیەو دڵنیاشم ئەوانەی كە دێن، دیسان سەربە مۆدێلی موزایەدەی تەپوتۆزن و دیسان دۆخەكە لێڵتر ئەكەن!

سەیركە ئێمە پێویستمان بە ئارامییەكە بۆئەوەی تەرحێكی عەقڵانیی بۆ تاك و كۆمەڵگای تێدا بكەین، نەك ئەوەی دیسان لە گرژییدا تەرحێكی حەماسی بۆ قەرەباڵغی و دەسەڵاتخوازی بكەین.

ئێمە پێوستمان بە هێزی تری دەنگەدەنگ و دروشمبازو حەماسەتباز نیە بۆ داڕشتنەوەی دەسەڵات، ئێمە پێویستمان بە هێزی عەقڵە بۆ بیناكردنەوەی ئینسان!

مەیدانی عەقڵیش ئارامییەو مەیدانی دەسەڵاتخوازیش گرژیی.

بۆ تێپەڕاندنی پارتی و یەكێتی، هێزەكانی تر نەك پێویست نین، بەڵكو زیادەشن! چونكە لە غیابی ئەواندا ئێمە بەرچاومان ڕوونترەو تەنیا لەبەردەم دوو وەحشی بێ ماسكداین، بەڵام لە وجودی ئەواندا، ئیتر ئێمە جگە لە دوو وەحشی بێماسك، لەبەردەم دنیایەك وەحشی ماسكداریشداین، كە هەموویان هەر هەمان شتیان ئەوێ، بەڵام جادووی ویستنەكەیان جیاوازەو جادووەكەش لە ئێمە ئەكرێ!

دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی بەرهەمی دوو شتە، عەقڵیەتی كۆمەڵگاو جەبری ئیقلیمی.

جەبرەكە بە ئێمە ناگۆڕێ و ئەبێ چاوەڕێی گۆڕانكارییەكانی دنیابین، باشترین كاریش لەماوەی ئەو چاوەڕوانییەدا بكرێ، دەسكاریكردنی عەقڵیەتی كۆمەڵگایە، نەك ئەوەی لە پشتی وەهمی دەسكاریكردنی دەسەڵاتەوە، خەریكی دروستكردنی نوسخەكانی تری پارتی و یەكێتی و تۆخكردنەوەی هەمان عەقڵیەت بین!!

هەربۆیە باشترین (نا) كە بە پارتی و یەكێتی بوترێ، نایەكە كە لەپێشا بەوانیتر بوترێ! چونكە ئەوانن لێناگەڕێن ئێمە بگەین بە دۆخە عەقڵییە كولتورییە ئاسۆییەكەی (نا)و هەر لە دۆخە حیزبییە دەسەڵاتخوازە ستونییەكەی (نا)دا ئەمانهێڵنەوە.

ئێمە سەدساڵە ئەمانەوێ ببین بە دەوڵەت هەر نەبووین، دە ساڵیشە ئەمانەوێ پارتی و یەكێتی بڕوخێنین هەر نەڕوخان.

چونكە بەرامبەر هەردوو ستەمكاری دەرەكی و ناوخۆ، خاڵی لاوازی ئێمە عەقڵە، خەتی چەك و دەسەڵاتخوازیش كاری بە عەقڵ نیە، كاری بە حەماسەتە، یەعنی ئەم خەتە نەك ڕزگارمان ناكا بەڵكو كۆڵەوارترمان ئەكاو دۆخی ناعەقڵیی قوڵترئەكاتەوە، كە ئەوەش هەر ستەمكارییەو هەر ستەمكارییش بەرهەمئەهێنێتەوە!

تا خەتی ڕەقی دەسەڵاتخوازی نەگۆڕین بە خەتی نەرمی كولتوری، هەمان یاریی بەردەوام دووبارەئەبێتەوە، ئاخر پرسیارە گەورەكە ئەوەنیە كە دەسەڵاتی ئێمە بۆ وایە، پرسیارە گەورەكە ئەوەیە كە عەقڵی ئێمە بۆ وایە، كۆی ئەوەشی لەپشتی دەسكاریكردنی دەسەڵاتەوە ئەگوزەرێ، دوورخستنەوەی ئێمەیە لە پرسیارە گەورەكە كە دەسكاریكردنی عەقڵە.