ناچارتان كردین ڕاستی بڵێین

14-05-2019 11:33


بۆ كاك عەبدوڵڵای مەلا نووری

باوەڕم بە وەڵامدانەوەی هاوڕێكانم نەبووە. هەرگیز نەمویستووە بچمە ئەم دۆخی وەڵام و وەڵامكارییەوە.

حەوت مانگ زیاترە، كاك عەبدوڵڵا و هاوڕێكانی، قسەی ناڕەوا نەما بە ناوی من و هاوڕێكانمەوە نەیكەن. تۆمەت و بوختان دەكەن و ڕایگشتی بە لاڕێدا دەبەن. ئێمە لەبەر خاتری گۆڕان بێدەنگین.


ئەم تۆمەتانە زیاتر بوو، لەو كاتەوەی كە كاك عەبدوڵڵا نەكرا بە سەرۆكی لیستی گۆڕان و لە هەڵبژاردنی لیژنەی باڵای هەڵبژاردندا دۆڕا.


دوای ئەوەش ڕامانگەیاند، كە ڕێككەوتنمان كردووە و خانەنشینی شەش ملیۆنی پەرلەمانتار و پلە باڵا نامێنێت، ئەم هێرشی تۆمەتانە زیاتر بووە بۆ سەرم. بۆیە ئێمەش لەمەودوا ناچارین وەڵام بدەینەوە‌.

كام ڕێباز؟

- ئەو كاتەی كاك عەبدوڵڵا لە گردەگە ژوور بە ژوور لەگەڵ ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و دواتریش ئەندامانی جڤات دەگەڕاو دەیگوت: دەبێت بۆ ریفراندۆمەكە بڕۆین لەگەڵ پارتی رێكبكەوین و دەنگ بە بەڵێ بدەین وئەوانە دەربكەین كە دژی ریفراندۆمن، لەسەر رێبازی نەوشیروان مستەفا ئەو داوایەی دەكرد؟یان چۆن ؟


بۆ ئەو كات رێكەوتنی لەگەڵ پارتی پێ گرنگ بو ؟!


با پێمان بڵێ بۆ پێیوابو ئەوەی دەنگ نەدا بە ریفراندۆم خیانەت دەكات ، تەنانەت لە رووداوەكانی ۱٦ ی ئۆكتۆبەر بەهەمان نەفەسی پارتی تخوینی باڵێكی یەكێتی دەكرد هۆكار چی بو ؟

- بەپێی بەرنامەی گۆڕان، خانەنشینی پەرلەمانتارو پلەباڵا دەبێت بەپێی تەمەن و ساڵی خزمەت بێت، كاك عەبدوڵا هەر بەگەنجی خۆی بەشەش ملیۆن و ٤٠٠ هەزار خانەنشینكردو لە فەیسبوكیش وا بڵاودەكرایەوە مانگانەكەی دەدا بەنەخۆشخانەی هیوا، لە كاتێكدا جگە لە ٤٩ ملیۆنی ئیكرامیەكە، مانگانەی نەداوە بەنەخۆشخانەی هیوا؟ ( پێدانی ٤٩ ملیۆنەكە بە نەخۆشخانەی هیوا كارێكی باش بوو)

خولی پێشوو كاك عەبدوڵا خۆی لە سەهۆڵەكە بە منی وت: خانەنشینی كەمبكەوە بەس مەیبڕن، ئەمە ڕێبازی گۆڕانە، یان بەرنامەی گۆڕان دەڵێت: دەبێت پەرلەمانتار وەك فەرمانبەر بەپێی تەمەن و ساڵی خزمەت خانەنشین بێت.

یان وەك ٢٤ هاوڕێكەی دیكەت ئازایانە بڵێ خانەنشینەكە بە یاسایەو وەریدەگرم و موزایەدەبەسەریانەوە نەكات؟

نازانم كاك عەبدوڵا ئاوا باسی دادپەروەری دەكات چۆن دەتوانێت مانگانە لە بانك شەش ملیۆنی خانەنشینی وەربگرێت و فەرمانبەرێكیش دوای ئەو هەموو خزمەتە ٢٠٠ هەزاری هەبێت.

یان بە فعلی وەك من بڵێ: بڕیارمداوە خانەنشینی ڕەتبكەمەوە؟

- تەنیا جارێك لە گۆڕاندا سەرۆكی لیست بە هەڵبژاردن دانرابێت من بووم، كاك عەبدوڵا كردی بەهەرا، كەباوەڕت بە هەڵبژاردن نەبوو بۆ هاتیتە نێو كێبركێی هەڵبژاردنی سەرۆك لیست، كە لە دەنگدانیش دۆڕای بۆ قبوڵت نەكرد؟ دەیگوت: من پێشتر دانرابووم، لە كاتێكدا لەهیچ كۆبونەوەی جڤات و هیچ بڕیارێكدا كاك عەبدوڵا دانەنراوە . ئەگەر لە مانگی ١١ی ٢٠١٧ش هەڵبژاردنی پەرلەمان بكرایە ئەندامێكی خانەی ڕاپەڕاندن سەرۆك لیست بوو، كاك بەڵێن ئیسماعیل لیستەكەی تەسلیمی كۆمسیۆن كرد، بەهیچ شێوەیەك ناوی كاك عەبدوڵا لە لیستەكە نەبووە.

لام سەیر بوو كاك عەبدوڵا لە هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن خۆی بۆ ئەو بەڕێزانە كشاندەوەو هیچی نەگوت، بەڵام لە هەڵبژاردنی سەرۆكی لیست بە دەنگدانێكی نهێنی دۆڕا ئەم بەزمەی خولقاند.

دوای ئەوەی من دەرچوم بە هەڵبژاردن وەك سەرۆك لیست، نامەم بۆ كاك عەبدوڵا ناردو وتم: بادانیشین و چیت پێباش بوو وادەكەین، بەڵام ئەو بڕیاری دژایەتی دابوو.
نامەم بۆ ڕێكخەری گشتیش ناردو وتم: من نامەوێت ئەم گرفتە هەبێت و بەڕێزێكی دیكە دابنێن ، بەڵام وتی: لە هەڵبژاردن دەرچویت و كاری خۆت بكە.
ئایا ئەگەر ئەم بەڕێزە بكرایە بە سەرۆك لیست و دواتر سەرۆكی فراكسیۆن ئەم دوژمنایەتیەی ئێستای گۆڕانی دەكرد یان نا ؟!

پێش یەكلابونەوەی سەرۆكی لیست كاك عەبدوڵا زۆرجار لەماڵی كاك نەوشیروان بووە، هیچ گرفتێك نەبوو دۆستی چیاو نما بوو، بەڵام دوای یەكلابونەوەی سەرۆك لیست و پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پرۆژەیەكیان نووسی و وتیان" گردو تەلەفزیۆن داگیركراوەو كوڕانی كاك نەوشیروان دەستیان بەسەر هەموو شتێكدا گرتووە!" ئەی بۆ دوو ڕۆژ پێش یەكلابونەوەی سەرۆك لیست ئەم پرۆژەتان نەنوسی؟ بۆ گرد داگیرنەكرابوو؟

ئەم پرۆژەو جەماعەتی بایكۆت زیانی گەورەیان بە گۆڕان گەیاند لە هەڵبژاردن.

- بۆ سیستمی پەرلەمانی ئەوەی لە ڕابردودا وتومە ئێستاش باوەڕم پێیەتی، بەڵام دانوسان هەموو شت بە دڵی تۆ نیە؟ زۆر بەرنامەی گۆڕان جێگیركراوە لە ڕێككەوتن و هەندێكیشی نەكراوەو دەبێت بەردەوام كاری بۆ بكەین.
كاك نەوشیروان مابوو لە ساڵی ٢٠١٥ لە دوا كۆبونەوەی چوارحیزبەكەو پارتی لە هوتێلی شاری جوان، هەر چوار حیزبەكە ڕازی بوون سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی هەبێت بەمەرجێك لە پەرلەمان بێت پارتی ڕازی نەبوو، ئەندامانی وەفدو هەموو بەڵگەكانیش ماون؟
كاك عەبدوڵا بۆ ئەو كات هیچی نەوت! .
ئەوەی من تائێستا كردومە جێیەجێكردنی بڕیاری سیاسی گۆڕانە لە پەرلەمان، هەموو مرۆڤێكی تێگەشتوو دەزانێت لە هیچ فەرهەنگێكی سیاسیدا نیە؛ سەرۆك فراكسیۆن پەیوەست نەبێت بە بڕیاری سەركردایەتی .
ئایا دەكرێت من سەرۆكی فراكسیۆن
گۆڕان بم و پەیوەست نەبم بە بڕیاری جڤات.

- دەیەوێت بڵێت: هۆكاری تێكدانی پەیوەندی ئێمەو یەكێتی لەسەر سەرۆكایەتی هەرێم منم، ئەمە جگە لە بوختانێكی ناڕەوا هیچی دیكە نیەو ئەوەی ئەو هۆنیویەتیەوە من لێی بێ ئاگام، ئەو لە پەرلەمان نەبووەو نازانێت تا دوا هەنگاو لەگەڵ یەكێتی پێكەوە بوین.

لای هەموان ڕونە كە تێكچونی ئەو دۆخە بەهۆی ئەوەوە بوو كە سەرۆكی پەرلەمان ڕێگری لێكراو یەكێتی مەوقیفی نەبو، تاوەكو كاتی ڕێگریەكەش باشترین پەیوەندیمان هەبوو.
تێكچونی ئەو پەیوەندیە بەهۆی هەڵوێستی یەكێتی بوو بۆ ڕێگری لەسەرۆكی پەرلەمان كە لەسەر یاسایەك بووە پێكەوە پێشكەشمان كردو ئەوان بەرگریان لێنەكرد.
وەك موجامەلەیەكی یەكێتیش دەیەوێت بڵێت: تێكچونی ئەو هەماهەنگیە بەهۆی من بووە نەك هەڵوێستی یەكێتی.
(من باوەڕم بە باشكردنی پەیوەندی گۆڕان و یەكێتی هەیەو زۆریش ‌هەوڵمان بۆداوە).

ماوەیەكە هەرچی لە گۆڕاندا ڕوودەدات ئەم بەڕێزانە دەیخەنە ئەستۆی من و هاوڕێكانم، واتە: نەچڤات و نەخانەو نە ڕێكخەر بڕیار نادەن! ڕۆژێك دەیان گوت: چیاو نمای كاك نەوشیروان و ئێستاش ناوی ئێمە دێنن.

ئێمەش سەرنج و رەخنەمان زۆرە، بەڵام هەرگیز سەنگەر لە گۆڕان ناگرین و هەوڵی باشكردنی ئەدەین و قسەو ڕەخنەی خۆم دەبەمە كۆبونەوەكان. ڕوونیش دەبێتە تاكۆتایی ڕێگا كێ خزمەتكاری گۆڕانە، ئەم تۆمەت و بوختانانەش بۆ خەڵك ڕوندەبێتەوە.
- كاری پەرلەمانی بەدواداچون و لێكۆڵینەوەو چاودێری و كاركردنە لە لیژنەكان، نەك تەنیا قسەكردن، دەوام نەكردن لە لیژنەو وەرگرتنی ٥٠٠ هەزاری مانگانەی لیژنهش‌.
نزیكەی ١٠٠ دۆسیەم لە سەر تاڵانكردنی پارەی كوردستان داوە بەدادگا لە سەرۆكی حكومەتەوە بۆ خوار ، دەیان بەدواداچونم كردووەو ئەنجامی هەبووە، تەنها لە دوو بەدواداچونی ساڵی ڕابردوو ڕێگەم لە بەفیڕۆدانی ٧٥٠ ملیۆن دۆلاری ئەم وڵاتەگرتووە ( حكومەت بڕیاریدا بۆ ٧١٤ ملیۆن دۆلاری قەرزی بازرگانەكان بەچەكی بازاڕ وەربگرێت بەهۆی بەدواداچونی ئێمە ڕاگیراو دەبێت بەكاش وەربگیرێتەوە.
٥٠ ملیۆن دۆلاری پرۆژەكانی كەركوك كە لە بانكی كوردستان بوو گەڕاندمانەوە)

جگە لە دەیان گەندەڵی و تاوان كە ڕێگریمان لێكردوە، ئەمە ئیشی پەرلەمانتارە، نەك ئەوەی لە چوار ساڵی پەرلەمانیدا بەڵگەنامەی چوار بەدواداچونت نەبێت.

پلانێكی تۆكمەمان داناوە بۆ چاكسازی و دژایەتی گەندەڵی و پشت بەخوا ئەنجامی دەبێت. ناچم مانگانە بەم گەنجیە شەش ملیۆنی خانەنیشینی لە پارەی خەڵك وەربگرم و جگە لە قسە هیچی دیكەم نەبێت.