درامای سەمای سیاسەت

23-05-2019 11:02

 

- (من یاری دنیای ڕەنگاوڕەنگ و نەیاری دنیای ڕەشوسپیم) ڕەنگاوڕەنگییش جیاوازی دەخوازێ و ڕەشوسپیش سڕینەوە. من شاسوار و پرۆژەكەیم بەدڵ نییە، چونكە نەفەسێكی تری سڕینەوە و ڕەشوسپیكردنی دنیای ئێمەیە، بەڵام كاتێ خۆی بكەوێتە بەردەم حەملەی سڕێنەوە، من بەرگریی لێ دەكەم، چونكە ئەویش ڕەنگێكی ناو وێنەكەیە و فرەیی جێی ئەویشی تیا دەبێتەوە، ئەگەرچی خۆی فرەیی نافامێ و بە ڕەنگێك ڕازی نییە و كۆی وێنەكەی ئەوێ! بەهەرحاڵ، لێرەدا من بەرگری لە فرەیی و جیاوازی و ڕەنگاوڕەنگی دەكەم، نەك لەم و لەو.

- كاری ئێمە ئەوە نییە عاتفییانە تەبرییەی كابرا بكەین، یان ڕقاوییانە تاوانباری بكەین، وەك چۆن حوكمدان كاری ئاسایش نییە، كاری من و تۆش نییە و تەنیا كاری دادگایە. كاری دروست بەرگریكردنە لە سەروەریی یاسا و شكۆی دادگاكان، نەك بەرگریكردن لە كەسێك كە دەشێ تاوانبار بێت، نەك تۆڵەكردنەوە لە كەسێك كە دەشێ بێتاوان بێت.

- دادگاكان بە هەردوو دیودا بەكار دەهێنرێن و یاسا لە هەردوو لاوە پێشێل دەكرێ، ئەوە ڕاست نییە كە تەنیا دەسەڵاتدار بەكاریان بهێنێ! تۆ حەقێكی من دەخۆیت و موعارەزەیت، من هەركات داوای ئەم حەقە بكەم، تۆ دەڵێی ئەمە كەیسێكی سیاسییە و یاسایی نییە! دەی ئەمە دیوەكەی تری لاقەكردنی دادگایە. ئەسڵەن ئەوەی موعارەزە خراپتریشە، چونكە كاتێ دەسەڵاتدار، دەسەڵاتی خراپ بەكارهێنا، مەفروزە موعارەزە بۆ لابردنی ئەو بەكارهێنانە خراپە هاتبێ، نەك بۆ ئەوەی ئەویش بە شێوازی خۆی بەكاری بێنێ.

- (نیوعەدالەت) هەنگاوێك نییە بەرەو عەدالەت، بەڵكو هەر مانەوەیە لە ناعەدالەتیدا! كاتێ گەندەڵێك دەبرێتە بەردەم دادگا، ئەمە ڕەوایە، بەڵام كاتێ هاوشێوەكانی لە دەرەوە دەسوڕێنەوە، ئیتر ئێمە ناعەدالەتییەكمان خستووەتە سەر ناعەدالەتییەكانی تر. كاتێ گەندەڵی گەورە و دەسەڵاتدار، گێچەڵ بە گەندەڵی بچووك و بێدەسەڵات دەكات، ئەمە پرۆسەی چەسپاندنی ستەمكارییە نەك پرۆسەی چەسپاندنی یاسا.

- نە ئاڵای كوردستان پاساوی گەندەڵییەكانی نەجمەدینە، نە موعارەزەبوون پاساوی پۆخڵەواتیی پێشتری گۆڕان و ئێستای نەوەی نوێیە. ئاڵا بە داكشانی فەساد بەرز و شەكاوەیە، نەك بە نمایشی هەڵكردنی لەلایەن گەندەڵەكانەوە. موعارەزەبوونیش لە دۆخی فەساددا، ئەوەیە كە موعارەزە خۆی گەندەڵ نەبێت، نەك ئەوەی كە گەندەڵیی دەسەڵاتمان پیشان بدات. ئاخر گەندەڵیی پارتی و یەكێتی خۆی دیارە و دەیبینین، كەچی موعارەزە هاتووە ئەم شتە دیارەمان پیشان بدا! ئا لێرەدا موعارەزەی ئێمە تەواو زیادە و ناپێویستە.

- نە سیناریۆی ستەمكردن و غەدركردن لە كەسەكان لە پشتی دادگاوە، نە سیناریۆی فووتێكردن و بە پاڵەوان كردنی كەسەكان لەسەر حیسابی دادگا! بەڵكو پەڕینەوە لە درۆ و سیناریۆی شتەكانەوە، بۆ ڕاستەقینەی ئازادی و یاسا و سیاسەت و كۆی شتەكان. ئێمە لە هەموو كایەكانی تردا خەریكی نمایش و سیناریۆین، كەچی لە خودی نمایش و سیناریۆی درامادا فەشەلمان هێناوە، ئەوەش نوكتەیە ها.