پارتی دەسەڵاتی ڕەها و ئێوەش هیچ بە دەستەوە!

19-06-2019 03:11


هەموو جارێ لایەنە سیاسییەكان و هەندێ لە لایەنگرانیان شكستی لایەنەكایان لە سەر شەماعەی لایەنی ترهەڵئەواسن، هەربۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شكست لە دوای شكست بە دەست دەهێنن لە هەموو بوارەكاندا، ئەمڕۆ پارتی نەك چوار سەرۆكایەتییەكەی كۆنتڕۆڵكردوە، بەڵكو هەموو دەسەڵاتەكانی لای خۆی كۆكردوەتەوە كەواتە ئەوان:

سەرۆكی هەرێم، سەرۆك وەزیران، سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكەی، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی دادوەری، ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، ناوخۆ، جگە لە وەزارەتەكانی دیكە بە مانایەكی تر هەموو فایلەكان لای خۆیانە هەر لە بڕیاری سیاسی، جێبەجێكار، دادوەری، ئاسایش و ئابووری و خزمەتگوزارییەكان، ئەی ئێوە چیتان لایە…؟

ئێوەی قەتیزماو لە سلێمانی وەك مارێكی سڕبوو هەر چوار وەرزی ساڵی زستانێكی سارد پڕ سەهۆڵ و بەستەڵەك، بەدەست كۆمەڵێ قیادەی برسیی، شكست‌و بێچارە، لە لایەكی تر بەدەست نەوەی بەرپرسە یەكەمەكان كە كۆمەڵێ هەرزەكاری بێ ئەزموونی مەغرورو خاوەن پارە‌و دەسەڵاتێكی ڕەها گەمارۆدراو بە كۆمەڵێ هەلپەرست‌و مشەخۆری ماستاوچی و بەرهەمەكانتان تەنها كەسانێكی كۆیلەن‌و كاریان تەنها سووكایەتی و جنێودانە بەوانەی كە ئامۆژگاری و ڕەخنەتان لێ دەگرن بۆ ئەوەی خۆتان چاك بكەن و بێنەوە هۆش خۆتان. ئەمە ئەوپەڕی شكستە ئەوەی كە ماوتانە تەنها دەمە، لە ڕێگای دەزگای ڕاگەیاندنە شكست خواردووەكەتان، ئەویش كورد وتەنی ''دەمە چیت لێ كەمە''.

فەترەیەك بوو بە پارتیتان دەگوت حیزبی بنەماڵەو دەرەبەگ و دواكەوتو، كەچی ئەو حیزبە دەرەبەگە گۆڕانكاری لە خۆیدا دەكات و توانی هەم ئێوەو بەشێكی باش لە بەناو نوخبەكان بكڕێ و كار بۆ سەركەوتنی بكەن، ئەمە شتێكم وەبیر ئەهێنێتەوە جارێك لە لەندەن لە ماڵی لەتیف ڕەشید ئاوەڵزاوای خوالێخۆشبو سكرتێری گشتی یەكێتی بە مام جەلالم وت: ئێوە كارتان بۆ دروستكردنی سەركردەی نوێتان كردوە بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامیی بدەن بە حیزبەكە؟ كەچی بەداخەوە بەهەڵە لە پرسارەكەم تێگەیشت زۆر پێی ناخۆش بوو هەرچەندە مەبەستی خۆمم بۆم ڕوونكردەوە، بەڵام وادیاربوو هەر قەناعەتی نەكرد، ئەوكات من خەمی ئەمڕۆم بوو چونكە دەمزانی لە دوای ئەو، پاشماوەكەی، ناڵێم هەمووی، بەڵام ئەوانی بە مەكتەب سیاسی ناسراون دڵنیابووم كەناتوانن بەردوامیی بە یەكێتی بدەن. وە كە گۆڕان دروست بو هەمان پرسیارم لە خوالێخۆشبوو كاك نەوشیروان كرد ئەویش دەمزانی كە پرسیارەكەی پێناخۆش بوو، بەڵام ئەمیان وەڵامێكی دیپلۆماسی دامەوە و وتی: كەس ئەم پرسیارەی لێنەكردووم بیری لێدەكەینەوە. بەڵام نە ئەمیان بیری لێكردەوەو نەئەویان بۆیە ئەوڕۆ دەبینین هەردوو حیزب چییان لێبەسەر هاتووە!

حیزب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بێ گومان بە كوردستانەوە حیزبی خودی سەركردەیە بە خۆیەوە دەستپێدەكات و لە خۆشیا دەكوژێتەوە، یا دەبێتە حیزبی بنەماڵە و ئیدی نەوەكانیان جێگرەوەیان دەبن. لەم خاڵەیاندا بنەماڵەی بارزانی لەوانیتر سەركەوتوترن لەبەرئەوەی ئەوان بنەماڵەكەیان دابەش كردوە بەشێوەیەك هەموو بوارەكان بگرنەوە، هەمووش یەك قاعیدە دەزانن ئەویش كەس لەمان گەورەتر نیە و هەموو كەسێك بۆئەوە دروست بوون تەنها بۆ خزمەتكاری و لە ژێر فەرمانیان دابن وەك دەیبینین، بەڵام یەكێتی و گۆڕان و لایەنەكانی تر كەم ئەزموون ترن لەم بوارەدا بەهۆی ئەوەی نەوەی دووەم زووتر جۆشنەدراون یا ئامادەنەكراون بۆ ئەم مەبەستە!

ئەگەر ئەحزابی سلێمانی بیانەوێت گۆڕانكاریی لە مەترسی دەسەڵاتی ڕەهای پارتی بپارێزن ئەوا دەبێ بیر لە چوونە ناو حكومەت وەلانێن و هەموویان وەك یەك كوتلەی ئۆپۆزسیۆن یەكبگرن و لە ئێستاوە خۆیان ئامادە بكەن بۆ هەڵبژاردنی ئایندە، من ناڵێم پارتی باشترە، نەخێر، بەڵام ئەوان پابەندن بە بڕیارەكانی سەرۆكەكەیانەوە، بەڵام ئێوە لە بری سەركردەیەك پەنجاتان هەیە و كەس گوێ لە كەس ناگرێ هەرچەندە خۆتان بە شۆڕشگێڕتر ئەزانی و بە مۆدرێن و سۆسیال دیموكرات یا خۆتان بە هەڵگری بەیداخی گۆڕانكاری یان…..هتد. ناكرێ بەم شێوەیە دژایەتی یەكتر بكەن و هەوڵی فەوتان و نەمانی یەكتر بدەن لە بری ئەوەی بە خۆتانا بچنەوە، دەبێ لەوەش تێبگەن تا هەڵگری ئەم جۆرە ڕەفتار و كردارە بن گەرەنتی ئەوەتان دەكەم كە هەڵبژاردنەكانی ئایندە زیاتر كورسی پەرلەمان لە دەست ئەدەن.

بۆ ئێوەی بێ ئاگا لە دونیای سیاسەت دەبێ ئەوە تێبگەن كە گەیشتن بە لووتكە پێویستی بە كاریزما و هەڵوێست و هەوڵدان و تێگەیشتن و پێشبینی هەیە و لە هەمانكاتدا پێویستی بە كەسانێكی خاوەن جورئەتی بڕیاری ڕاست و دروستی سیاسی هەیە، پێویستی بە سەركردەیەكە كە لێكدانەوەی هەبێ بۆ ئەگەرەكان و گوێ لە هەڤاڵەكانی و خەڵكانی پسپۆڕ بگرێ و تەنها ڕای خۆی فەرز نەكات و دەبێ هەمیشە پەیام و پلانی هەبێ، بەداخەوە ئێوە ئاستی بیركردنەوەتان زۆر تەسك بووەتەوە و هەموو ئومێد و ئاواتتان بووەتە كۆكردنەوەی زۆرترین سفری بەردەم ژمارەكانتان و بۆیە پارتی بۆ مانەوەی خۆی لە لوتكە زۆر هاوكاریكردون بۆئەوەی بەبەردەوامی لەشكستدا بن كەچی ئێوە بێ ئاگاو كاڵ فام و بێ پلانن.

ئەحزابەكانی سلێمانی بۆ ئەوەی ڕزگارتان بێ لەم گێژەڵوكە سیاسیە كە خۆتان تیایدا نقوم كردوە دەبێ دەست بكەن بە چاكسازییەكی بنەڕەتی لە ناوەوە و لە دەرەوەی حیزبەكانتان، بە شێوەیەكی واقعی هەوڵی بەرەنگاری كێشەكان ببنەوە و لە بوع بوعی ترس لە پارتی و دەرچوون لە سلێمانی نەجاتتان بێ و ڕووبكەنە (هەولێر)ی پایتەخت ئەمە ئەگەر بتانەوێ هەنگاو بنێن بەرەو دەسەڵات وەرگرتن نەك وەك پاشكۆ بمێننەوە، بۆ ئەوەی لوتكە نەگۆڕنەوە بە كورسی جارێكی تر. بۆیە پارتی ئەمجارەش گۆڵی خۆی كرد، ئەوان بە دەسەڵاتی ڕەهاو ئێوەش هــــــــــیچ بە دەستەوە…..!