بێلایەنیی ئۆجەلان لە هەڵبژاردنی ئیستەنبوڵ

22-06-2019 02:28


بەڕێز ئۆجەلان سەركردەیە؛ سەركردە دەبێت عەقڵانییەت پێش سۆزەكانی بخات، هەرگیز كەسێكی تۆڵەسێن نابێت، هەمیشە بیر لە نیشتیمان و گەل دەكاتەوە بەر لەوەی بیر لە خۆی بكاتەوە. سەركردەی ڕاستەقینە بەدوای چارەسەرییە ڕیشەییەكان دەچێت نەك چارەسەرییە كورت-مەودواكان. سەركردە سازشكەر نییە بەڵام بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی گەورە هەمیشە ئامادەیی دانوستانە، سازشیش ئەگەر ئامانج نەكاتە قوربانیی پێویستییەكی شۆڕش و سەركردایەتییە. ئۆجەلان بیر لە ڕۆژئاڤا دەكاتەوە هێندەی بیری لای باكورە.

ئۆجەلان ناسراوە بە ستراتیجی 'ڕێگای سێیەم'، ئێستاش بەردەوامیی دەدات بە ڕێگای سێیەمی خۆیی و هیچ شتێك نەگۆڕاوە. هەر بۆیە، بەڵێ ئۆجەلان لە پەیام و نامەكانیەوە وەك مانگی چواردە دیارە داوای بێلایەنیی دەكات. ئۆجەلان ئاشتیی دەوێت، پڕۆژەیەكی دیموكراتیكی هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتیی و پڕۆژە دیموكراتیكەكە و چارەسەریی پرسی كورد و پرسی دیموكراسیی لە توركیا، هەموان پێویستن، ئەكەپە و جەهەپەش. ڕاستە بێلایەنیی ئۆجەلان خزمەت بە ئەكەپە دەكات، بەڵام ئۆجەلان دەزانێت ئەردۆغان و ئەكەپە جارێ حوكمڕانی توركیان، هێشتاش زۆر لە گەلی توركیا ئەردۆغان و ئەكەپەیان دەوێت. ئۆجەلان لە سەردەمی حوكمڕانیی ئەكەپەدا پڕۆسەی ئاشتیی دەستپێكردوە، ئەوە خەباتی ئازادیخوازیی كوردە دەوڵەتی توركیا و ئەكەپە و هەموانی ناچاركردوە كە ڕاستیی خەباتی كورد و گەلی كورد ببینن و ناتوانن بەردەوامیی بە چەوساندنەوە و سڕینەوەی كورد بدەن نەك ئەكەپە و دەوڵەت گۆڕا بن.

ئۆجەلان پێویستی بەوەیە ڕۆژئاڤا سەركەوێت، بۆ سەركەوتنی ڕۆژئاڤا لەو دۆخەدا لایەنگریی باش نییە، بۆیە ئۆجەلان وەك قسەكەری یەكەمی پرسی كورد لە توركیا داوای بێلایەنیی كردوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك داوای نەكردوە دەنگ بۆ ئەكەپە بدرێت. ئۆجەلان نایەوێت نە ئەكەپە و نە جەهەپە ئەو بە نەیار ببینن لەو دۆخەدا كە تەواوی ناوچەكە دەكوڵێت.

نامەكانی ئۆجەلان ئازادیی بە هەموان بەخشیوە چۆن تەرجەمەی پەیامەكانی بكەن، هەموانیش ئازادن لە وەرگرتنی هەر هەڵوێستێك و ئۆجەلان داوای هەڵوێستی نەكردوە بۆ پشتیوانییكردنی هیچ لایەك، بەڵام بەدڵنیایی ئۆجەلان بێلایەنە.