كێ دوژمنی خەڵكی هەژاری كوردستانە؟

06-07-2019 08:32

 
با حیسابێك بكەین:

١- لە شۆڕشی ئەیلوول (ساڵی ١٩٦١ تا ساڵی ١٩٧٥) لە هەموو ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی شۆڕشدا بوون، خەڵك لە كولەمەرگی و مەمرە و مەژیدا ئەژیان. تەنەكەیەك نەوت بە ٦٠٠ فلس بوو. ڕۆژانەی كرێكارێك ئەگەر ئیشێك هەبووایە، ٣٥٠ فلس بوو. بەرپرسەكانی شۆڕشیش لە ئەندامی ڕێكخراوەوە تا سەرەوە، ژیانی پاشایانە دەژیان. ماڵمان لە ماوەت بوو. بیرمە چۆن ئەو كاتیش خەڵك باسی زوڵم و دزی و ڕاوڕووتی هەندێك لە بەرپرسەكانیان دەكرد.

٢- لە ساڵی ١٩٧٥ كە ئاشبەتاڵ كرا، تاوەكو ١٩٩١ كە لەژێر دەستی دوژمنی بەعسی فاشیدا بووین، سەرەڕای چەوسانەوەی نەتەوەیی، بەڵام هەرزانی و فەرحانی هات و كەس فەقیر و برسی نەما، جگە لە دیكتاتۆریەت و نەبوونی ئازادی، خەڵك لە هیچی كەم نەبوو، عەدالەتێكی كۆمەڵایەتی هەبوو، تا ڕادەیەك هەژاری و بێكاری نەما.

٣- لە ساڵی ١٩٩١ تا ساڵی ٢٠٠٣ كە دووبارە ڕزقی خەڵك كەوتەوە بەردەستی بازرگانانی كوردایەتی و شۆڕش، دووبارە خەڵك برسی بوونەوە و بە كوێرەوەری ژیانیان بەسەر دەبرد، چەندین كەس بە غازی خەڵووز خنكان. بەرپرس و ژن و منداڵەكانیشیان لەوپەڕی خۆشگوزەرانی و كەیف و سەفا و سەفەری وڵاتان بوون.

٤- لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٤ كە دووبارە مووچە و پارەمان لە بەغدای دوژمنەوە بۆ دەهات، جارێكی تر بووژاینەوە و هەرزانی ڕووی لە وڵات كرد و فەقیر ئاهێكی بەبەردا هاتەوە.

٥ - لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە كە دووبارە مووچە و قووتمان كەوتەوە ژێر دەستی پارێزەرانی مافی خەڵك و كوردایەتی، جارێكی تر قووتیان بڕیین، سووكایەتی نەما پێمان نەكەن، خۆیشیان لەوپەڕی سەڵتەنەت و عەنعەنەتدا دەژیان.

٦- لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە سەرەڕای ئەوەی جارێكی تر بەغدای دوژمن پارەی خەڵك و مووچەخۆران بە تەواوی دەنێرن، كەچی ئەوەندە چاوقایمن خیانەت و دزی هەم لە خەڵك و هەم لە بەغداش دەكەن و بە حەرامی بە قوڕگی خۆیان و كۆمپانیاكانیان و دەستە و تاقم و بنەماڵە و كوڕ و نەوەكانی خۆیانیدا دەكەن، ئەگەر یەكێكیش بچێ بە بەغدا بڵێ، تەخوینی دەكەن.

بەو حیسابەی سەرەوە، بۆمان دەردەكەوێت ئێمە، بە تایبەتی چینی زۆرینەی میللەت، هەر كاتێك لەژێر دەسەڵاتی بەناو خەباتگێڕانی مافی خەڵكی كوردستاندا بووبین، برسی كراوین و سووكایەتیمان پێ كراوە، هەر كاتێكیش لەژێر دەستی دوژمندا بووبین و قووتمان بەدەست ئەوان بووبێت تێر و پڕ بووین.

ئەوەی سەیریشە لە ساڵی ١٩٦١یشەوە بەوە هەڵمان دەخەڵەتێنن كە ئەوان بۆ مافەكانی ئێمە خەبات دەكەن.

ئەم نووسینە بۆ جوانكردنی ڕووی سەدام و ڕژێمەكەی نییە، بەڵكو بۆ پیشاندانی ڕووی ڕاستەقینەی ئەمانە.