كۆنفرانسی قامیشلۆو بازگەو سنوری شەرم

13-07-2019 02:03


ڕۆژی 5-7-2019، سەعات دەی بەیانی، دەكەس، بەدو سەیارە لەسلێمانیەوە بۆ فیشخاپور. سەڕەڕای ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتی پارتیەوە، ھەمومان ڕەفزممان بۆ ھاتبویەوە كەناتوانین لەسنور بپەڕینەوە بۆ قامیشلۆ، بەڵام ھەربەڕێكەوتین و وتمان دەچین بزانین بۆ قبوڵیان نەكردوەو بالەوێ بمانگێڕنەوە. لەڕێگا ھەستێكی تێكەڵ لە ڕارایی و گەشبینی ھەبوو، ھاوكات بێزاری و نائومێدیش: دەكەس بەڕێدەكەوین بۆ بەشێكی تری نیشتمان، ڕۆژئاوا، چ شارێكیش، قامیشلۆ، بۆ بەشداری لە كۆنفرانسی چۆنیەتی ڕوبەروبونەوەی ئەفكارەكانی داعش، بەڵام دەسەڵاتێكی (كوردی ) ڕێگرە ئەم سەردانە ڕوبدات! بە ڕارایی و گومان ئەو ڕێگادرێژەمان بڕی. سەڕەڕای ئەوەی ھیچ تاوانێكمان نەكردبو، بەڵام ھەستمان دەكرد تاوانبارین و دەچین بۆ بەردەم دادوەر. ھەمو تاوانەكە ئەمەبو: نزیكی پانزەڕۆژبو پاسپۆرتمان ناردبو بۆ ئەوەی قبوڵمان بۆ بێتەوەو بچین بۆ كۆنفرانسی قامیشلۆ. بەڵام دورۆژ پێش كۆنفراسەكە، لەلایەن دەسەڵاتی پارتیەوە ئاگاداركراینەوە، ھەمومان (دەكەس)، داواكەمان بۆ پەرینەوە قبوڵنەكراوە. زۆربەمان یەكەمجارمانبو سەفەربكەین بۆ ئەم بەشەی نیشتمان و تامەزرۆی بینینی ئەزمونی ڕۆژئاڤا بوین. بەڵام ترسی ئەوەی نەیەڵن بپەڕینەوەو نەتوانین ئەو بەشە جوان و ئازایەی دونیا دژ بە بەربەریەتی داعش بینین، مایەی نیگەرانی بو.

سەعات شەشی ئێوارە گەیشتینە خاڵی پشكنینی فیشخاپور.

-ئەفسەری خاڵەكە: بۆ كوێ دەچن؟

+دەچین بۆ قامیشلۆ

_بۆچی دەچن و ئێوە كێن؟

+مامۆستای زانكۆو نوسەرو پارێزەرو چالاكوانین، بانگێشتكراوین و دەچین بۆ كۆنفرانسی چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوەی داعش.

_ئێوە كوردن؟

+بەڵێ كوردین، حەوتمان كوردی باشورین و سیانمان كوردی ڕۆژھەڵاتن.

-ببورن پێمان وتراوە جگە لەبێگانە، نابێ ڕێگەبدەن كورد بچێتەئەوبەرەوە.

+بەڕێز كەسی تر لەم چەند ڕۆژەدا چوەتەئەوبەرەوە بۆ كۆنفرانسی ناوبراو؟

-بەڵێ زۆر: ئەمریكی، میسری، بەڵام فەرمانمان پێكراوە نابێت كورد بڕوات. (دواتر لەھۆڵی كۆنفرانسەكەدا، ھاوڵاتی وڵاتانی ئیسپانیا، كەنەدا، فەرەنسا، نەمسا، توركیا، ئەرمینیا، ھۆڵەندا و سعودیەشمان بینی).

+بەرێز سیانمان كوردی ڕۆژھەڵاتن، بەڵام پەساپۆرتی ئێرانیان ھەیە، ئەوانیش ناتوانن بپەڕنەوە؟

-سەیدا نابێ نا چونكە كوردن نابێ. تێگەھەیشتن!
+(لەدڵی خۆمدا، نەوەلا تێنەگەیشتم!)

پاش چاوەڕێكردن بۆماوەی دوسەعات و ھەوڵی واستەی بچوك و گەورە بەتەلەفۆن و پەیوەندی كردن بە ھەڤاڵانی ڕۆژئاڤاوە:

_پسمام وەرن بڕۆن!
(دواتر زانیمان فشارەكانی برادەرانی ڕۆژئاڤا كاریگەری ھەبوە نەك واستە بچوك و گەورەكانی ئێمە بۆ پەرینەوە لە بەشێكی نیشتمان بۆ بەشەكەی تر).

سەڕەڕای بانگھێشتی فەرمی چەندین بەرپرسی حكومی و حیزبی باشوری كوردستان، بەبیانوی (سەرقاڵیەوە)، كەسیان ئامادەنەبون لەم كۆنفراسە گرنگەدا !

پاش بەشداری كۆنفرانسەكەو مانەوەمان لەڕۆژئاڤا بۆ ماوەی شەش ڕۆژ، گەڕاینەوە بۆلای خاڵی پشكنینی سەیداو لەوێشەوە بۆ سلێمانی.

مەعلومە كە ئێوە ھاوپەیمانی توركیاو پاشكۆی سیاسەتی ئەردۆگانن، بەڵام ئایا ناتوانن ببن بە دراوسێیەكی باشی ڕۆژئاڤا؟ ڕۆژئاڤای خاوەن زیاد لەیازدە ھەزار شەھیدو بیست و یەك ھەزا بریندارو ئەزمونێكی ئیداری سەركەوتو.