كابینەی ٩ كابینەی ماڵی مەسعود بارزانیە ١٠٠٪

15-07-2019 08:43


ئەم كابینەیە لە هەموو كابینەكانی پێشوتر جیاوازترە لە هەموو بوارەكانی و بە تایبەت ئەم كابینەیە سەرەتایەكی نوێیە بۆ گۆڕینی پرنسیپی دەسەڵاتداری لە ناو بنەماڵەكانی حوكمڕان و لەنێویاندا بە تایبەتتر بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی و لە نێو بنەماڵەی بارزانیش بنەماڵەی خودی مەسعود بارزانی، هەر لە سەرەتای هەڵبژاردنەكانەوە تا كۆتایی، پارتی دەستی كرد بە هەوڵەكانی بۆ ڕێگا خۆشكردن بۆ نزیكبوونەوەی لە لایەنە سیاسییەكان ئەمەش لە ڕێگای پڕۆپارتێكانی ناو لایەنە سیاسییەكان.

ئەم هەنگاوانەی پارتی یا بە شێوەیەكی ڕاستتر ئەم هەوڵانەی سەرۆكی پارتی(مەسعود بارزانی) دوای ئەوە هات كە هەستی بە مەترسی دەركەوتنی (نیچێروان)ی برازای كرد لە دوای شكستی ڕفراندۆمەكەی ٢٥/٩/٢٠١٧ و ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرو دەستبەردار بوونی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا‌و شەریك لە كۆمەڵێ بازرگانی و وڵاتانی ناوچەكە و ئەوروپا و ئەمریكا لە پشتگیری كردنی و بەتایبەتتر پێشوازی بەغدا بۆ نێچیروان بۆ چاككردنەوەی بارودۆخی هەرێم بە گورزێكی گەورە هەژماردەكرێ دژی مامی و ئەم هەنگاوە بو بە مەترسییەكی گەورە لەسەر مانەوەی مەسعود بارزانی لە سەر دەفەی حوكمی پارتی.

مەترسییەكە گەیشتە ئاستی ئەوەی كە (مەسعود بارزانی) خۆی لە سیاسەت ڕاستەوخۆو نا ڕاستەوخۆ دوربخاتەوە یا دوریان خستەوە و تەنانەت لە ناوخۆی پارتەكەشی باڵەكەی نێچیروان زیاتر دەردەكەوتن هەر بۆیە هەوڵەكانی بارزانی بۆ چەسپاندنی كاندیدكردنی مەسروری كوڕی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران وەك كاری گرنگی هەستیار و دواتر لابردنی نێچیروان لە دەفەی دەسەڵات مانای چەسپاندنی حوكمی نەوەی یەكەمی خودی خۆیەتی بەوەش مەسرور دەكاتە شازادەی جێنشین لە سەر عەرشی حوكمڕانی پارتەكەی و حكومەتیش، بەم كارە مەسعود بارزانی وەلانانی برازاكەی ١٠٠٪ مسۆگەركرد وەك هەنگاوی یەكەم.

هەنگاوێكی دیكەی لابردنی كەسە نزیكەكانی نێچیروان لە كارەكانیان و بژاردەكردنی وەزیرەكانی پارتی لە كابینەی(٩) لەمەشدا سەركەوتوو بوو، لە پڕۆسەی ناساندنی حكومەت و وتارەكەی سەرۆك وەزیرانی نوێ كە هاتوونەتە سەر حكومەتێكی قەرزار وەك یەكەم هەڵەی سیاسی لە دوو لایەنەوە یەكەمیان حكومەتەكانی پێشوو هەر خۆیان وەك بنەماڵە حاكم بوون و لایەنەكەی تر داننان بە شكستی ئامۆزاكەی و پارتەكەی بە گەندەڵی و بە ڕادەستكردنی حكومەتێكی قەرزدار بە چەندین ملیارد دۆلار.

بەندە دڵنیایە كە نێچیروان بارزانی ئەوەندە بێئاگا نیە لە هەنگاوەكانی مامی، بەڵام دڵنیام بە گرێبەستێك مافی خۆی و دەستەو دایرەكەی مسۆگەر كردوە لای مامی، بەڵام نیگەرانی خۆی بۆ نەشاردراوەتەوەو بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیانە دەبێ ڕەنگدانەوەكان بخوێنینەوە وەك دەنگدانەكانی پەرلەمان بۆ سەرۆكی هەرێم و بەدەستهێنانی كەمترین ڕێژەی دەنگ و بایكۆتی یەكێتی بۆ پڕۆسەی دەنگدان و دەنگنەدانی یەكگرتوو وبزوتنەوەی ئیسلامی و نەوەی نوێ، وقەتیزمانەوەی دەنگەكان نێوان پارتی و كەمە نەتەوە(پڕۆ پارتییەكان) و بزوتنەوەی گۆڕان. ڕەنگدانەوەی خودی نێچیروان بەرانبەر بە پەرلەمان و سوێندخوارنی لە دەرەوەی پەرلەمان ئامادەبوونی لە فەڕەنسا لەو ڕۆژەی ئامۆزاكەی و كابینەكەی سوێندی یاساییان خوارد نمونەیەكی حاشاهەڵنەگرە لە تووڕەیی نێچیروان .

یەكێكی دیكە دەیسەلمێنی كە ئەم كابینەیە حكومەتێكی پارتیە بەتەواوی، ئاماژەكردنە بە سزادانی ئەو وەزیرانەی كاری بازرگانی دەكەن وەك چاوترساندن یا چاو سووركردنەوەو ئەمە جێگرەكەشی گرتەوە نەك تەنها وەزیرەكان بەبێ ئەوەی هیچ یەكێك لەو بەڕێزانە تەحەفوزێكی هەبێ یا ڕەخنەیەك بگرێ. لایەنە بەشدار بووەكان نابێ دڵی خۆیان خۆشبكەن بەوەی كە چەند وەزیرێكیان لە كابینەكەدا هەیە لەبەرئەوەی ئەم جارەیان دەبێ ئەوە تێبگەن كە بەرانبەر هەر وەزیرێك جێگرێكی پارتی هەیە وەك مڵۆزم ئامادە باش بۆ بەرەنگاربونەوەی بەپەلە، بەڵام جێگرێكی سەر بە پاراستن!

سەبارەت بە بەرنامەی كاری حكومەت لە بوارەكانی چاكسازی، چ چاكسازیەك كە بوونی چەند وەزارەتێكی هەرێم تێیداهەن تەنها بۆ ڕازیكردن(وەزیری بێ وەزارەت) ئەمە خۆی لە خۆیا عەیبەیەكی گەورەیە لە كاتێكدا یەكێك لە بەندەكانی چاكسازی كەمكردنەوەی خەرجی حكومەتە.

خاڵێكی زۆر گرنگ هەیە بۆ چاكسازی ڕاستەقینەی ئەم كابینەیە ئەگەر بیكات ئەوەیە كە پرسینەوە لەو لایەن و كەسانەی كە بەشداربوون لە بردن(دزی) سەروەت و سامانی وڵات و گەڕانەوەی بۆ خەزێنەی حكومەت و سزادانی بكەرانی، بۆ ئەنجامدانی ئەم چاكسازییە جەنابی سەرۆك وەزیران دەبێ لە خودی خانەوادەكەی خۆتەوەو خودی خۆت و شەریكەكانتان لەحیزبە هاوپەیمانەكەت و هاوپەیمانە ستراتیجییەكانتان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم و كەسە نزیكەكانتان دەست پێ بكەن، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم كارە بە ئێوە دەكرێ؟ ئەگەر نا هەموو ئەو دروشمانە كە لە بەرنامەی حكومەتدا باستان كرد تەنها بڵقی سەر ئاوە و هیچی تر.

لە لایەكی دیكەوە مەسعود بارزانی دەیەوێ بە شێوەیەكی دیكە بگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانی سیاسی بە شێوازێكی ئێرانی، واتە بەرنامەیەكی داڕشتوە بۆی، یەكەم هەنگاوی بەناوی بارەگای بارزانی كە دواتر زۆر سەركەوتوو نەبوو لەبەر ناڕەزایی لایەنەكانی لێكەوتەوە لەبەرئەوەی ئەم بارەگایە مێژوویەكی باشی نەبوە پێشتر لە غەیری ئاشبەتاڵ نەبێ، دوا هەنگاوی دروستكردنی مەجلسێك كە خۆی تیا سەرۆك بێ و كەسە یەكەمەكانی حیزب و لایەنە سیاسییەكان ئەندام بن تێیدا وەك ئەوەی كە لە ئێران ڕەفسەنجانی سەرۆكی بوو بە ناوی (مەسلەحەتی شورای ئێران) ئەمەی ئەم بە بۆچوونی من لەوانەیە ناوی بنێ (مەسلەحەتی باڵای شورای هەرێم) بە سەركەوتنی ئەم بەرنامەیە نەك تەنها كابینەی(٩) وەك كابینەی ماڵی خودی مەسعود بارزانی دەناسێندرێت بەڵكو حكومەتەكانی دواتریش هەر ئەوان دەبن.
قۆرخكردن و تاك جەمسەری دەسەڵات لای پارتێكەوە، بەتایبەت پارتی، مەترسیپەكی گەورە دەبێ لەسەر ئایندەی هەرێم وەك لە ڕابردودا ڕوویانداوەو تازەترین نموونەش ڕووداوەكانی ئەم دوواییانەی هەرێمە، دەمێك بە دەست توركیا و دەمێك بەدەست ئێران و دەمێك بەدەست عێراق گەواهی ئەم مەترسیانەن، ئەوەی زیاتر مەرتسیەكانی قوڵتر كردووەتەوە بێدەنگی و بێهەڵوێستی و خۆ سڕكردنی لایەنە سیاسییەكانی ترە لە ئاست ئەم دەست تێوەردانانە و هەڕەشەكانی حەشدی شەعبی لە سەر كەركوك بە تایبەتی. بۆیە ئەم حكومەتە ١٠٠٪ حوكمی یەك ماڵە بە تەنها و بێ ڕكابەر.