مەترسیی تەقینەوەی بەرمیلە بارووتەكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

21-07-2019 02:50

 

ئەمەریكا دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لەژێر ناوی (پاسەوان) لە ئاوەكانی كەنداوی عەرەب و گەرووی هورمز و گەرووی بابولمەندەب و دەریای سوور ڕاگەیاند. ئامانجی هەڵمەتە سەربازییەكە پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییەكان و بازرگانیی جیهانییە لە ناوچەكەدا لە مەترسییەكانی ئێران.

ئەگەرچی ئەمەریكا ئاماژەی بەوە نەكردووە كە ڕووبەڕووی ئێران دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە گەورەكەیە: ئەگەر ڕووبەڕووی ئێران ببێتەوە، چۆن دەتوانێت ڕێگری بكات لەوەی ئێران كێشە بۆ بازرگانیی دەریای دروست نەكات و كەشتییە نەوتییەكان دەست بەسەر نەكات؟

ئەم هەڵمەتە سەربازبیە و كۆكردنەوەی هێزی ئەمەریكا لە كاتێكدایە ئەوەی ڕوون و ئاشكرایە كە هیچ لایەنێكیان ( ئێران - ئەمەریكا) شەڕی ناوێت، بەڵام مەترسییە گەورەكە ئەوەیە بە هۆی هەڵەیەكەوە جەنگێكی نەویسترا و نەخوازراو ڕوو بدات.

بە درێژایی مێژوو، هەمیشە جەنگە گەورەكان بەهۆی هەڵەیەكی بچووكەوە ڕوویان داوە و دواتر بووە بە جەنگ. بۆ نموونە: جەنگی جیهانیی یەكەم بەهۆی تیرۆركردنی شازادە (ئەرشیدوك فرانز فردیناند)ی شازادەی نەمساوە بوو لە ساڵی ١٩١٤ لە سڕیبا، جەنگی جیهانیی دووەمیش بە هۆی لەشكركێشیی هیتلەرەوە بوو بۆسەر پۆڵەندا لە ساڵی ١٩٣٩.

لە ئێستاشدا دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی كێشە سیاسی و ئایینی و مەزهەبی و نێودەوڵەتییەكان و بەریەككەوتنی بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێزەوە، لە بەرمیلێك بارووت دەچێت، تەنها پریشێك بەسە بۆ گڕگرتن و تەقینەوەی.

بۆ شەڕیش هەمان بیردۆز ڕاستە، چونكە شەڕی ناوخۆی هەرێم سەرەتا لەسەر چەند قازێك و دواتر ڕیزە دوكانێكی ڕانیە دەستی پێ كرد.