پەرلەمانی فیدڕاڵ و پەرلەمانی هەرێم

25-07-2019 05:24


بەدواچونەكانم بۆ پەرلەمانی عێراق وای دەردەخەن كە ئەم دەستگایە بۆتە گۆڕەپانێكی گرنگی ململانێی سیاسی نێوان هێزە سیاسیەكان. ئەو گرەوانەی بونەتە بنەما و چوارچێوەی ئەم ململانێیانە هەر بە تەنها مەزهەبی یان نەتەوەیی نین، كە زۆرێك دەیانەوێت وای وێنا بكەن، بەڵكو سیاسیشن. سیاسی بەو مانایەی ململانێكان بەرهەمی خەباتی گروپ و دەستەكانشن بۆ دەستكەوتی سیاسی، پێگەی سیاسی یان سەپاندنی روانگەیەكی سیاسی بە سەر یەكێكی دیدا. نە شیعەكان جڤاتێكی یەكچەشن و یەكانەن، نە سوننە و نە كورد. لە ناو هەر یەكێكیاندا، گروپی جودا، مەیلی جودا بۆ دەستكەوتی جودا، روانگەی جودا بۆ پرۆسە و بونیادی جودا هەیە. ئەمانە وا دەكەن كە ململانێكان بە تەنها لێكەوتی جوداییە نەتەوەیی و مەزهەبیەكان نەبن، بەڵكو روانگە و بەرژەوەندی دەستە و گروپەكانی نێو هەر یەك لەم جڤاتانەش. كەواتە، ئەو روانگەیەی دەیەوێت ململانێكان تەنها بۆ جوداییە مەزهەبی و نەتەوەییەكان بچوك بكاتەوە هەڵەیه و دەبێت گرەو و فاكتەرەكانی دی فەرامۆش نەكات.

سەرەڕای ئەمە، خۆ گریمان جوداییە نەتەوەیی و مەزهەبیەكان گرنگن و بونەتە بزوێنەری پەیوەند بەندیيە سیاسیەكان، هاوتا گەمەی هاوپەیمانی و ململانێكان، بەڵام دەبێت دان بەو راستیەدا بنێن كە دواجار ئەم جوداییە مەزهەبی و نەتەوەییانە گڕوتینێكی لە رادەبەدەریان بە خودی دەستگاكە بەخشیوە . هەندێ لە شیعەكان بۆ لێدان و خستنی وەزیرەكانی كورد، دێن كەموكورتیەكانی ئەمان بە خێرایی بە سیاسی دەكەن و دەیكەن بە گرەوی پەرلەمانی و لە پەرلەمانەوە هەوڵی لادان و دورخستنەوەیان دەدەن. لە رابردوودا، بینیمان، وەزیری كورد لە پەرلەمانەوە لابران و لە وەزیفەكانیان دوورخرانەوە. ئەمە سەبارەت بە سونەكانش راستە، یان لە ناو خودی خۆیاندا شیعەكان بەم كارە هەستاون. نیەتەكان هەرچیەك بن و چۆنبن لە بەدواداچوونی وەزیرەكان و دوورخستنەوەیان، گرنگ ئەوەیە دواجارئەم جۆرە كاروچالاكیانە دەستگاكەیان چالاككردووە لە بەدواداچون و سۆراخكردنی كار و چالاكیەكانی حكومەت و پێگەیەكی سەلمێنراویان بە پەرلەمان لە بەرانبەر حكومەت بەخشیووە. لە ئاستی یاسادانن و دەركردنی بڕیاریشدا ئەمڕۆ پەرلەمانی فیدراڵ بۆتە مەكینەیەكی گەورە تا ئەو شوێنەی پەرلەمانتاران بە شەويش كار دەكەن و بۆ دەركردنی یاسا پەلكێش دەكرێن.

بە هەر حاڵ، پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ كەوتۆتە نێو پرۆسەی پەرلەمانبوون و دەستگابونەوە، بە پێچەوانەی پەرلەمانی كوردستان كە خزێنراوەتە نێو پرۆسەی لە <دەستگا-كەوتن>. پەرلەمانی هەرێم نە لە یاسا دەركردندا چالاك و كارایە، نە لە بەدواداچون و خۆسەلماندن لە بەرانبەر حكومەتدا.