وەزیر بەخشین و دیاریی بۆچیە؟

27-07-2019 05:06


لە کابینەی هەشتەمدا بەندە وەزیری کشتوکاڵ بووم، ئێستا کە کابینەی نوێ دەستبەکاربووە، هاوشێوەی ڕابردوو بەفیڕۆدانی سامانی گشتیی لە بەرژەوەندی کەمینەیەک بەناوی (بەخشین و دیاریی)ـەوە ڕەنگە هەر بەردەوام بێت.

پێمخۆشە دوو نمونە باس بکەم کە لەسەردەمی وەزیری خۆمدا بووە و بە کردەیی ڕێگریم لە بەفیڕۆدان و تەخشان و پەخشانی سامانی گشتیی کردووە.

یەکەم: هەر وەزیرێک کە دەستبەکار دەبوو، بڕی (٣٠.٠٠٠) سی هەزار دۆلاری وەک (دیاری) پێدەدرا، کاتێک سکرتێری بەڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی به‌نده‌ پارەکەی هێنا و باسەکەی کرد، وتم "دەتوانم بیبەخشم بە خەڵک؟" بەتایبەت کە قەیرانی دارایی سەریهەڵدابوو، موچەش دوو مانگ جارێک دابەشدەکرا.

وتیان "نەخێر ئەوە بۆ کڕینی پێداویستی ناوماڵە" منیش ڕۆژی دواتر پارەکەم گێڕایەوە و پێموتن من پێویستم بەوە نیە و وەرگرتنی ڕەتدەکەمەوە.

برای به‌ڕێزم كاك عبدالرحمان عبدالرحیم یش به‌هه‌مان شێوه‌ .

دووەم: بۆ هەر وەزیرێک بەناوی (نەسریە ـ مینحە)ەوە مانگانە جگە لە موچەکەی خۆی (٧.٥٠٠.٠٠٠) ی پێدەدرا.

ئەوەندەی پەیوەندی بە منەوە هەبوو لێژنەیەکی سێ کەسیم لە وەزارەت دروستکرد بە سەرۆکایەتی بەڕێز بەڕێوەبەری ژمێریاریی و دوو ئەندامی دیکە . ڕامسپاردن کە هەر فەرمانگەیەک پێداویستییەکی هەبوو داوایلێکردن لەو پارەیە بۆی بکڕن.

دیسان لەو مینحەیە هاوکاری سەدان کەسی هەژار و نەخۆش و پێشمەرگەمان کرد، لە هەمووی گرنگتر نەمهێشتووە هیچ فەرمانبەرێکم لەو کاتە سەختەدا پێویستی بە هیچ هەبێ، هەر بەو مینحەیە.

ئێستاش بەڵگەنامە و سەرجەم داتاکاکان لە وەزارەتن و هەر ڕۆژنامەنوسێک یان کەسێک بیەوێ وردەکاریی خەرجکردنەکە بزانێ، دەتوانێ بچێت و لە ژمێریاریی داوای بکات.

تێبینی: وردەکاریی خەرجکردنی مینحەکە لەم وێنەیەدایە