لووتكەیەك لەناو ئاگری شەڕدا

24-08-2019 02:59

 

ئەمڕۆ لە شاری بیارێتزی فەرەنسا، یەكێك لە گرنگترین كۆبوونەوە و لووتكەكانی جیهان دەست پێ دەكات. جگە لە سەركردەی هەشت وڵاتە گەورە پیشەسازییەكەی جیهان، پێنج سەرۆكی وڵاتانی دیكە بەشداری لە خولی ٤٥ـەمی لووتكەی G7 دەكەن.

- ئەندامانی لووتكەی G7 كێن؟

لووتكەی وڵاتانی خاوەن پیشەسازیی گەورەی جیهانG7 ، بۆ یەكەمین جار لە ساڵی ١٩٧٥ لە دوای قەیرانی ئابووری و دارایی جیهان و قووڵبوونەوەی ململانێكانی جەنگی سارد و قەیرانی نەبوونی سووتەمەنی بەهۆی بایكۆتی هەناردەكردنی نەوتەوە لەلایەن وڵاتانی كەنداوەوە بۆ ئەورووپا، لووتكەی شەش وڵاتە پیشەسازییەكەی جیهان بە بەشداریی (ئەمەریكا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و یابان) دامەزرا و دواتر كەنەداش بوو بە ئەندامی لووتكەكە. دوای هەڵوەشاندنەوەی یەكێتیی سۆڤیەت و لە ساڵی ١٩٩٨ ڕووسیا بوو بە ئەندامی لووتكەكە و ناونرا G8، بەڵام دوای لە ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی كێشەی ئۆكرانیاوە، ڕووسیا لە لووتكەكە دەركرا.


- لووتكەیەك لەناو ئاگری شەڕدا

كۆبوونەوەی لووتكەی G7 لە كاتێكدا بەڕێوە دەچێت كە جیهان گیرۆدەی دەیان كێشەی گەورورەیە كە لە مێژووی ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا هاوشێوەی نەبووە، لەوانە (جەنگی ئابووریی چین و ئەمەریكا، جەنگی پڕچەكردنی سوپا لە نێوان ڕووسیا و ئەمەریكا، ناكۆكیی ئێران و ئەمەریكا، شەڕی یەمەن و سووریا و لیبیا، مەترسیی داڕمانی ئابووریی جیهان، كێشەی ئەورووپا و بەریتانیا، كێشەی كۆریای باكوور، خۆپیشاندانەكانی هۆنگ كۆنگ و چەندان كێشەی تر كە جیهانی خستووە بەردەم مەترسیی جەنگێكی جیهانیی ڕانەگەیەندراو).

- ئەجێندای لووتكەی G7 چییە؟

لە لووتكەی G7 گرنگترین ئەو پرسانەی باس دەكرێن بریتن لە:


١- پرسی ئاشتیی جیهانی، كەمكردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكانی جیهان، شەڕی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی بازرگانیی جیهان.

٢- پرسی نایەكسانی لە دابەشكردنی داهات و دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ دابەشكردنی سامان بە شێوەی دادپەروەرانە، لە پێناو كەمكردنەوەی هەژاریدا.

٣- ڕەخساندنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و پەروەردەیی بۆ تەواوی جیهان. بە جۆرێك كە ڕێژەی مردن و نەخوێندەواری و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوە و درێژخایەنەكان كەمبكرێتەوە.

٤- پرسی پاراستنی ژینگەی گۆی زەوی، مەترسیی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی و دیاردەی بە بیابان بوون و تێكچوونی هاوسەنگیی ژینگەی زەریاكان.

٥- پرسی بەكارهێنان و سوود بینین لە پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەكان بە شێوەیەكی ئەخلاقی و لە پێناو خۆشگوزەرانیی مرۆڤایەتیدا.

٦- پرسی كێشەكانی قاڕەی ئەفریقا و مامەڵەكردنێكی دادپەروەرانە لەگەڵ وڵاتانی هەژاری ئەفەریقادا.

- كێشەكانی لووتكەی G7:

ئەگەرچی لووتكەی G7 لووتكەیەكی گرنگە، بەڵام ئەم لووتكەیە ڕووبەڕووی چەندین كێشە بووەتەوە، لەوانە: نەگەڕانەووی ڕووسیا بۆ ناو ئەندامێتیی وڵاتانی پیشەسازیی جیهان، كە بەهۆی كێشەی ئۆكرانیاوە لە ساڵی ٢٠١٤ لە لووتكەكە دەر كراوە. جگە لە ڕووسیا، ڕێكخراو و كۆمەڵە ژینگەییەكان وەك ناڕەزایەتییەك لە بەرامبەر مامەڵەی خراپی وڵاتانی پیشەسازی لەگەڵ ژینگەدا، بایكۆتی لووتكەكەیان كردووە.

گرنگترین كێشەی لووتكەكە نەبوونی ئەنجامە، كە ٤٤ خولی پێشووی لووتكەی G7 هیچ دەرئەمجامێكی ئەوتۆی نەبووە. بەهۆی ناكۆكیی قووڵی وڵاتانەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ هەژاری و نەخەێندەواری و دۆخی ئابووریی جیهان و ژینگەی زەوی، بەرەو خراپتر دەچێت، بە جۆرێك كە جیهان لە جەنگێكی ڕانەگەیەندراوی جیهانیدایە. لە ڕووی ژینگەیشەوە، ئەمساڵ بەرزترین پلەی گەرما لە مێژودا تۆمار كراوە و چاوەڕوان دەكرێت تا ساڵی ٢٠٧٠ پلەی گەرمای هەندێك ناوچەی گۆی زەوی بگاتە ٦٥ پلەی سەدی.