دوایین پێشهاتەكانی ململانێی ئەمەریكا و ئێران

04-09-2019 11:31

 

لە پارێس گفتووگۆكانی فەرەنسا و ئێران شكستی هێنا بۆ پێدانی قەرزێكی ١٥ ملیار دۆلاری بە ئێران لە بەرانبەر ڕەهنكردنی نەوت و پاشەكشێ لە شكاندنی بەندەكانی ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی.

لە بەرانبەردا حەسەن ڕووحانی دەستپێكردنی قۆناغی سێیەمی شكاندنی بەندەكانی ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ڕاگەیاند و بڕیارە ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانێۆم بگەیەنێتە لە سەدا 20، كە ئەمە بڕینی نیوەی ڕێگاكەیە بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی.

لەسەر ئاستی ئەمەریكاش وەزارەتی خەزێنەی ئەو وڵاتە كۆمەڵێك سزای نوێی بەسەر ئەو گرووپانەدا سەپاند كە هاوكار بوون لە بەقاچاخبردنی نەوتی ئێران و سزای بەسەر ناوەندی ئاسمانیی ئێرانیشدا سەپاند، چونكە بەشدار بووە لە پەرەپێدانی سیستەمی مووشەكی.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ ئەمشەو ڕایگەیاند بە هیچ شێوەیەك سزاكانی سەر ئێران هەڵناگرن و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە: خراپیی دۆخی ئابووریی ئێران لە نیو سەدەی ڕابردوودا هاوشێوەی نەبووە، بۆیە ناچارن ڕێككەوتن بكەن، ئێمەش ئەوەمان دەوێت و نامانەوێت دەسەڵاتی سیاسیی ئێران بڕووخێنین.

بەڵام ئەوەی لە میدیادا و بە ئاشكرا دەوترتێت، بەشێكی بچووكی ڕاستییەكانە و بەشێكی زۆری جەنگی دەروونییە، یان بۆ فریودان و هێمنكردنەوەی ڕایگشتبیە، ئەگەرنا هەردوولا بە باشی لە دۆخەكە تێدەگەن.

ئەمەریكا دەیەوێت باڵ و بەنجەكانی ئێران كە بریتین لە حیزبوڵا و حوسییەكان و میلیشیا چەكدارەكانی لە عێراق، تێكبشكێنێت، چونكە ئەوەی مەترسیی گەورەیە بۆ سەر ئەمەریكا و ئیسرائیل، ئێران نییە، بەڵكو ئەو میلیشا چەكدارانەیە كە ئێران لە شەڕی ناڕاستەوخۆدا بەكاریان دەهێنیت.

هەرچی ئێرانیشە ڕەنگە هاوشێوەی مانگی ئایار و حوزەیرانی ڕابردوو، دۆخی عێراق و لوبنان و گەرووی هورمز ئاڵۆز بكات، چونكە دۆخی ئابووریی بە جۆرێك خراپە كە توانای خۆراگریی نەماوە، بەڵام بەكارهێنانی كارتی پشێوی و ئاڵۆزی نانەوە لەلایەن ئێرانەوە، بێ وەڵام نابێت و ئیسرائیل و ئەمەریكا دەستكراوە دەكات.