دواجار حكومەتی هەرێم ئیعتیرافی بە شكستی سەرەتانیی ئابوورییە سەربەخۆكەی كرد

17-09-2019 09:16


لەسەرەتای بانگەشەكردن بۆ ئابووریی سەربەخۆ، تا سەپاندنی وەك ئەمری واقیع بەسەر هاوڵاتیانی كوردستانی عێراقدا و بڕینی موچە و دەرماڵەی فەرمانبەران، دوای ئەو هەموو ماڵوێرانییە، لەئێستادا حكومەتی هەرێم دوو پێشنیاری خستۆتە بەردەم حكومەتی عێراق.

یەكێكیان ئەوەیە حكومەتی عێراق 17% بودجەی هەرێم بنێرێت و لەبەرامبەردا حكومەتی هەرێم ڕۆژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغداد بكات.

پێشنیاری دووهەمیش ئەوەیە ئەگەر بێت و حكومەتی عێراق قەرزەكانی حكومەتی هەرێم بداتەوە و بودجەی 17% بنێرێ، ئەوە حكومەتی هەرێم ئامادەیە هەموو نەوتی هەرێم بە كێڵگەكانیشەوە ڕادەستی بەغداد بكاتەوە. ئەم پێشنیارەی حكومەتی هەرێم نەك هەر گەڕانەوەیە بۆ پێش كارەساتی ڕیفراندۆم كە حیسابیان بۆ كەس نەدەكرد و هەڕەشەیان لە زلهێزەكانی دونیا دەكرد، بەڵكو گەڕانەوەیە بۆ پێش مەهزەلەی ئابووریی سەربەخۆ، ئەو مەهزەلە ئابوورییەی كۆمەڵگای ئێمەی لەهەموو ئاستەكاندا وێران و تەدمیركرد، نەگبەتی مرۆڤی كورد ئەوەیە موقەدەراتەكانی كەوتۆتە ژێر دەست ئەم دەسەڵاتە چەتەگەر و فاشیلەوە كە بە گوتارێكی بەتاڵی قەومیی ساڵانێكە هاوڵاتیی كورد فریودەدات.