كوردستانی ڕۆژئاوا پاروویەكی ئاسان نییە بۆ توركیا

08-10-2019 04:07


گوایە ئەردۆغان دەیەوێ بە درێژایی ٥٠٠ كم و قوڵایی ٣٠ كم ناوچەیەكی ئارام لەناو خاكی سوریا واتا كوردستانی ڕۆژئاوا درووست بكات و بەوەش هەم مەترسیی تیرۆر لەسەر دەوڵەتی توركیا كەم بكاتەوە و، هەمیش بە درووستكردنی شارگەلێك لەو ناوچەیەدا، دوو ملیۆن ئاوارەی سوریایی لەو شارانە نیشتەجێ بكات.


ئەو كردەوەیە بۆ توركەكان وەكو داگیركردنی عەفرین ناچێتەسەر، لەبەر چەندین هۆكار.

١- ڕای گشتیی توركیا بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نین كە وڵاتەكەیان لەوە زیاتر لە زەلكاوی سوریادا ڕۆبچێت و ئێستا خەڵكی توركیا لە هەموو ڕوویەكەوە و بەتایبەتیش ئابوری، مرۆیی و پەڕاوێزبوونی نێودەوڵەتی باجی سیاسەتە سەرەڕۆییەكانی ئاكەپە لە هەمبەر سوریا دەدەنەوە.

٢- خەڵكی توركیا باش دەزانن كە ئەوەی ئێستا، بۆ پەردەپۆشكردنی شكستی ئاكەپەیە لە هەڵبژاردنەكان و، ئەو كردەوەیە وەكو دەرچەیەك بۆ دەربازبوون لە قەیرانی پەنابەرانی سوری لە توركیا وێنا دەكات.

٣- توركیا سەرباری رەزامەندیی ئەمریكا و ناڕەزایەتیی ئێران ئەگەر ئەو كارە بكات، دەبێتە داگیركەر و پارچەكەری خاكی سوریا و، دوور نییە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دژی ئەو كردەوە تاكلایەنانەیە بوەستنەوە كە بە دڵنیاییەوە كارەساتی مرۆیی بەدواوە دەبێت.

٤- لەمەودوا وەك ئەمریكاش دەڵێ ئیدی بەرپرسیاریەتیی ئەو داعشانە و ژن‌و منداڵەكانیان كە بەهەزاران كەس دەخەمڵێن و لەژێر كۆنتڕۆڵی هەسەدە دان، دەكەوێتە ئەستۆی توركیا و ئەردۆغان.

٥- لە حاڵەتێكدا كە توركیا بتوانێ ئەو ڕووبەرەش داگیر بكات و بۆشی بچێتە سەر، دیسان هەردەبێتەوە بە دراوسێی هەسەدە! ئینجا توركیایەك كە قەرزەكانی خۆی لە نزیكەی ٥٠٠ ملیار دۆلار داوە، بەكام پارە شاری نیشتەجێبوون بۆ ٣ ملیۆن ئاوارەی سوریایی پێ درووست دەكرێت؟.

6- ئابوریی توركیا بەرگەی ئەو شەڕە ناگرێت، ئەگەر درێژخایەن بێت و كورد بەرگری بكەن.