بە تەنیا بایكۆتی كاڵای توركی بەسە؟!

16-10-2019 11:33

١- ئەو كاڵایانەی كە لە توركیاوە دێنە هەرێمی كوردستان، لە ڕاستیدا توركین، یاخود تەنیا بە ناو كاڵا و كۆمپانیاكان توركین؟ بە دڵنیاییەوە كۆمپانیای زەبەلاحی نێونەتەوەیی و جیهانین. لەناو توركیادا سەرمایەگوزارییان كردووە و لە توركیاشەوە دێن، بەڵام توركی نین، چونكە ئەوە سەرمایەی ئەوانی ترە لەناو كۆمەڵگای توركیدان و ڕەنج و خوێنی كۆمەڵگای توركی دەمژن. چونكە توركیا ژێرخانێكی فیزیكی و كۆمەڵایەتیی گونجاوی هەیە و لە ساڵانی پێشوودا هەموو ئاسانكارییەكی یاسایی و ئیداری و كارگێڕی بۆ ڕاكێشانی سەرمایەی بیانی كرابوو، هەروەها توركیا بە هەموو جۆرێك چاودێریی لەسەر بازاڕ هەڵگرتبوو. هەلومەرجێكی لەباری بۆ سوڕانی سەرمایەی ناوخۆیی و جیهانی و كەڵەكەبوونی سەرمایە ڕەخساندبوو. توركیا جوگرافیایەكی باش و دەوڵەتێكی كۆیلەی سەرمایەیان هەبووە كە زۆرترین ئاسانكارییان بۆ سوڕان و كەڵەكەبوونی سەرمایە كردووە، بە جۆرێك بەهەشتی واقیعیی سەرمایەگوزاری بووە لە ساڵانی پێشووتردا. بەڵام دەزانین كە ئەمڕۆ توركیا چیتر ئەو توركیایەی ساڵانی پێشتر نییە و توركیا لە قەیرانی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و سەربازیی گەورەدایە.

٢- ناوی هەندێك لە كاڵا و كۆمپانیاكان هێشتا توركین و بە كوردی نەكراون، چونكە هێشتا هیچ بزووتنەوەیەكی ڕاستەقینە بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرمایە و كاڵای توركی لە واقیعی كۆمەڵگای ئێمەدا دروست نەبووە و هەر ئەمەش وای كردووە هێشتا كەمینەیەك لە كۆمپانیا توركییەكان شووناسی خۆیان نەگۆڕن. بەڵام ئەوە باش دەزانین سەرمایەی دایك منداڵەكانی بۆ هەركوێ بنێرێت، ناوێكی ناوچەی و میللیی ئەو كۆمەڵگا و جوگرافیایەی بۆ هەڵدەبژێرێت كە بۆی دەچێت، تا هەم لە مەترسی ڕق و تووڕەیی میللی و ئایینی و ناوچەیی بیانپارێزێت، هەم خۆش بویسترێن.

٣- لێرە و لە هەرێمی كوردستان، ٢٦ هەزار كۆمپانیای توركی بوونیان هەیە كە لە واقیعی كۆمەڵگای ئێمەدا لە سەدان پانتای جیاوازی ئابووریدا سەرمایەگوزارییان كردووە. ئەو كۆمپانیایانە ناوی كوردیان لە خۆیان ناوە و و بۆرژوازی كوردی دەستی تێكەڵە لەگەڵیان و حكوومەتی هەرێمیش نۆكەرێكی تەواوی ئەو كۆمپانیایانەیە، ئەوانیش بەبێ خەم، خوێنی كۆمەڵگای ئێمە دەمژن، بەبێ ئەوەی هیچ كەسێك بیری لای ئەوان بێت و تەنیا بیر لە كڕین یان بایكۆتی كاڵای توركی دەكرێتەوە.

٤- پارتە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان بە ( گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵیشەوە) مافیا گەورە بازرگانەكانەكانی نەوت و سامانی كوردستان و ڕانتخۆرانی قۆرغكاری چینایەتی، ئەوانەی سەریان لە ئاخوڕی دەوڵەتی توركیا و چینی سەرمایەداری توركیا و جیهاندایە، بەرژەوەندییەكی ئێجگار زۆریان لەگەڵ توركیا هەیە كە هەرگیز ناتوانن دەستبەرداری ببن، چونكە دەستبەرداربوون بە مانای مەرگ دێت بۆ ئەوان. پارتی و یەكێتی و یەكگرتوو، وەك حیزبی بازرگان و كۆمپانیا، بەشێك لە سامان و سەرمایەی كۆمەڵگای كوردییان بردووەتە وڵاتی توركیا لەوێ سەرمایەگوزارییان پێ كردووە. هەر یەكێك لەو پارتانە خاوەن، یاخود پشكداری سەدان كارگەی پیشەسازین لە توركیا. مافیا بازرگان-سیاسیەكانیش شەو و ڕۆژ كاتەكانیان لە بۆرسبازیدا بەسەر دەبەن. ئەگەر لێرە پارە نییە، ئەوا بانكەكاتی توركیا پڕن لە دۆلاری نەوتی بەرپرسانی باڵای ئێرە. هیچ بەرپرس و مافیایەكی ئەم هەرێمە نییە لە توركیا خاوەنی شوقە و ڤێلا نەبێت. عەلی قەرەداغی دووعا بۆ ئۆردوگان ناكات، دووعا بۆ پارەكانی دەكات، چونكە لە قۆناغێكی مێژووی وەك ئەمڕۆدا پارە هەموو شتێكە، پارە هێز و دەسەڵاتێكی كۆمەڵایەتییە، بۆیە عەلی قەرەداغیش وەك ئاغا مێژووییەكەی، بە دوای دەسەڵاتدا دەگەڕێت.

٥- بەشی زۆری ئەو كۆمپانیایانەی ئێمە پێمان وایە توركین، لە بنەمادا توركی نین و بیانین. لە ڕابردوودا بەشێك لە كۆمپانیاكان بە هیچ جۆرێك ئامادە نەبوون دەوڵەتانی دیكە یاخود بۆرژوازی ناو ئەو كۆمەڵگایانەی بۆی دەچوون، بكەنە هاوبەش لە خاوەندارێتیدا، بەڵام ئەمڕۆ ئیدی ئەوە گۆڕانكاریی گەورەی بەسەردا هاتووە و كۆمپانیاكان لەگەڵ دروستبوونیان یان بە هاوبەشی دروست دەكرێن، یاخود دوابەدوای دروستبوون پشكەكانیان لە بۆرسەی ناوخۆیی و جیهانیدا كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت. بەڵام هێشتاش هەندێك لەوان بە ناچاری دەبنە كۆمپانیای پشكدار و بە هاوبەشی لەگەڵ دەوڵەت یاخود بۆرژوازی ناوخۆیی، دەبنە هاوبەش، بەڵام دەبێت بزانین كۆمپانیای دایك خاوەنی زۆرترین پشكە تا خۆیان خاوەنی بڕیار و دەسەڵات بن و ساڵانەش قازانجەكەیان دەبەنەوە دەرەوەی وڵات و هەركوێ سوود و قازانجی زۆرتری هەبێت، دەچنە ئەو جێگەیە. ئەگەر كۆمپانیا جیهانییەكان بە كەمینەی خاوەندارێتیش ڕازی ببن، دیسان كۆنترۆڵ لە دەست خۆیاندایە و زۆرترین قازانجیش هەر بۆخۆیانە،جیا لەوە لە هەندێك كاتیشدا پشكەكانی كۆمپانیا هێندە ورد دەكەنەوە كە بۆ خۆیان دیسان دەبنەوە خاوەنی پشكی زۆرینە و بەو جۆرەش دەسەڵات لای خۆیان دەمێنێتەوە.

٦- یەكێك لە دژییەكی ناوخۆییەكانی سەرمایە، دژیەكییە لە نێوان بەرهەمهێنان و سوڕانی كۆتایی، یان گۆڕینی كاڵای بەرهەمهێنراو‌ە بە پارە. بەڵام ئەم دژیەكییە ناوخۆییەی سەرمایە بە تەنها ناتوانێت ببێتە هۆی كەوتن و ڕووخانی ئەو سیستەمە. بۆیە جەنگ لە دژی سەرمایە و بە تایبەت سەرمایەی توركی، تەنها بەوەی كاڵای توركی نەكڕدرێت، هەرچەند كاریگەری خۆی دەبێت و دەتوانێت فشارێكی باش بێت لە پەنای هەموو فشارە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ململانێ چینایەتەكاندا، بەڵام جەنگێكی سەركەوتووانەی یەكلاكەرەوە نابێت. دەبێت لە خۆمان بپرسین: ئایا توركیا لە جیهانێكی بەبازاڕبوودا، جگە لەم بازاڕە بچكۆلەیەی هەرێمی كوردستان، نەیتوانیوە پشكی خۆی بچڕێت و ئیدی ئێمە نەبین سەرمایەی كاڵای توركی لە هیچ شوێنێكی دیكەی ئەم بازاڕە گەورەیەی جیهان، ناتوانێت شێوازی خۆی بگۆڕێت بۆ شێوازی پارە؟ ئایا كۆمەڵگایەكی بەرخۆری بچووكی پێنج ملیۆنی، دەتوانێت پشتی سەرمایەی توركی بشكێنێت و ببێتە بەربەست لەبەردەم سوڕان و كەڵەكەبوونی سەرمایە؟ لە دۆخێكی لەو شێوەیە، توركیا دەیان میكانیزمی ئابووری و سیاسی و سەربازیی لەبەردەستە كە دەتوانێت هەریەك لەوان تاقی بكاتەوە. ئێمە تەنها لەسەر ڕێگەچارە و میكانیزمە ئابوورییەكان دەوەستین: یەكێك لەوان، دەوڵەت دەتوانێت خەرجییەكانی خۆی زیاد بكات و مووچەی فەرمانبەرانی بەرز بكاتەوە. یەكێكی دی، كۆمپانیاكان دەتوانن قەبارەی بەرهەمێنان بە شێوەیەكی كاتی كەم بكەنەوە. یەكێكی دی، بۆرژوازی و چینی موڵكدار و ڕانتخۆری توركی دەتوانن كەمێك بەرخۆری زیاتر بكەن و بەشێكی زیاتر لە داهاتیان بۆ كڕین و بازاڕكردنی كەسی بەكار بهێنن. ڕێگەیەكی دی ئەوەیە كە مووچەی چینی كرێكاری توركی كەم بكەنەوە و بەو شێوەیە دەتوانن بەشێك لە سوپای پاشەكەوتی كرێكاری پیشەسازی ڕاكێشنە سەر كار و ئەوەش وا دەكات ژمارەیەكی زیاتری چینی كرێكار بێنە بازاڕ و خواستی كڕین بكەن و پارەش خێراتر دەسوڕێت. هەروەها دابەزاندنی كاتی و ئەنقەستی بەهای لیرە كە هانی دەوڵەت و بازرگانانیی جیهان دەدات تا كاڵای توركی بكەنە جێگرەوەی كاڵای وڵاتانی دیكە و لەگەڵ ئەوەشدا ڕاكێشانی گەشتیارێكی زیاتر تا بێنە توركیا و لەوێ بەرخۆری بكەن. لە هەمووی گرنگتر دۆزینەوەی بازاڕی جێگرەوەی هەرێمی كوردستانە.

٧- جەنگ بە تەنها دژی كاڵای توركی بە بێ ڕاگەیاندنی جەنگێكی گشتگیر دژی سەرمایە لە هەرسێ شێوازەكەیدا (سەرمایەی پارەی، سەمایەی بەرهەمهێنەر، سەرمایەی شمەكی) دەرئەنجامێكی گرنگ و ماوە درێژی نابێت، ئەگەر چی كاریگەریی دەبێت وەك ئەزموون و هەوڵێك بۆ دروستبوونی بزووتنەوەیەكی ڕادیكاڵی دژە سەرمایەداری.

٨- ئایا جەنگی ئێمە تەنها دژی كاڵای توركییە و لەگەڵ كاڵای وڵاتانی دیكەی جیهان هیچ كێشەمان نییە و پێشوازییان لێ دەكەین و بە گەرمی بەخێرهاتنیان دەكەین؟ ئایا بە بێ ڕاگەیاندنی جەنگ دژی كۆی سیستەمی سەرمایەداری و كۆی پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانی سەرمایەداری و هەوڵدان بۆ ئەوەی شێوازێكی دیكەی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی و جۆرێكی دیكەی ژیانكردن بەڕێ بخەین، دەتوانین بە كوێ بگەین؟ ئایا لەناو هەمان سیستەمدا ناخولێینەوە و لەم قەیرانەوە ناكەوینە ناو قەیرانێكی دی؟

٩- ئایا ئێمە جەنگی سەرمایەی جیهانی دەكەین، یاخود بە تەنیا سەرمایەی توركی؟! ئایا توركیا بە سەرمایەی چینی سەرمایەداری ناوخۆی بووە بە وڵاتێكی پیشەسازیی شوێنكەوتووی وڵاتانی گەشەكردووی سەرمایەداری، یاخود ئەوە سەرمایەی جیهانییە كە هەر ڕۆژە جوگرافیا و كۆمەڵگایەك هەڵدەبژێرێت و دوای ماوەیەكیش جێی دەهێڵێت؟ جوگرافیای ناهاوسەنگی سەرمایە دوێنێ لە توركیا بوو، ئەمڕۆ نیازی كوێی هەیە؟