ترەمپ چۆن و كەی دوور دەخرێتەوە؟

02-11-2019 01:44

 

دۆناڵد ترەمپ، شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند كە تەواوی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی 25-7 لەگەڵ سەرۆكی ئۆكرانیادا، بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ لە تیڤییەوە بڵاو دەكاتەوە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هیچ هەڵەیەكی نەكردووە و ناتوانن دووری بخەنەوە.

- سەرەتای كێشەكەی ترەمپ:

ڕۆژی 25-7 ترەمپ لە ڕیگای تەلەفۆنی كۆشكی سپییەوە، پەیوەندی بە زیلنسكی سەرۆكی ئۆكرانیاوە دەكات و پێی ڕادەگەیەنێت ئەگەر دۆسیەی گەندەڵیی جۆبایدنی كاندیدی سەرۆكایەتی دیموكراتەكان هەڵبداتەوە و زانیاریایی پێ بدات، ئەوا فەرمان دەكات بە پەنتاگۆن لە ڕووی سەربازییەوە هاوكاریی ئۆكرانیا بكەن.

ئەو دۆسیەی ترەمپ داوای لە سەرۆكی ئۆكرانیا كردبوو زیندووی بكاتەوە، مێژووەكەی بۆ ساڵی (٢٠١٦-٢٠١٧) دەگەڕێتەوە كە هۆنتەر بایدنی كوڕی جۆبایدن كە ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوبردنی كۆمپانیای گشتیی غازی ئۆكرانیایە، تۆمەتبار كرابوو بە فێڵكردن و گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە ساڵی ٢٠١٧ داواكاری گشتیی ئۆكرانیا دۆسیەكەی بایدنی داخست.

بەڵام ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیدا داوای زیندووكردنەوەی ئەو دۆسیەی لە سەرۆكی ئۆكرانیا كردبوو بە نهێنی. دوای چەند هەفتەیەك لەلایەن ئادەم شێفی سەرۆكی لیژنەی هەواڵگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە ئاشكرا كراو و ترەمپیان بە پیشێلكاریی گەورەی دەستووری و خیانەتی نیشتمانی تۆمەتبار كرد.

دوابەدوای زنجیرەیەك كۆبوونەوە و لێكۆڵینەوە، دواتر دوێنێ ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بە زۆرینەی دەنگ یاسای لێپێچینەوە و دادگایی كردن و دواتر لە كار دورخستنەوەی ترەمپی پەسەند كرد، ئەگەر تۆمەتەكەی بەسەردا ساغ ببێتەوە.

بڕیاریشە ڕۆژی حەوتی ئەم مانگە، جۆن بۆڵتنی ڕاوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریكا، لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادە بێت بۆ شاهێدیدان لەسەر ترەمپ، كە شاهێدیدانەكەی بۆڵتن یەكلایكەرەوە دەبێت و كاریگەریی لەسەر كۆنگرێسمانە كۆمارییەكان دەبێت، چونكە بۆڵتن خۆی یەكێكە لە سەركردە بەهێز و خاوەن نفوزەكانی كۆمارییەكان.

دوای شاهێدیدانەكەی بۆڵتن لە ڕۆژی ١٠ ئەم مانگەدا بە فەرمی ئەنجوومەنی نوێنەران لیژینەی هەواڵگریی كۆنگرێس (ئەنجومەنی نوێنەران) ڕادەسپێرێ بۆ دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەكان و سەلماندنی بەڵگەكانی تێوەگلانی ترەمپ.

شێوازیی دادگاییكردنی سەرۆكی ئەمەریكا:

١- سەرەتا دوای دەرچوونی یاساكە، لیژنەی هەواڵگریی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕادەسپێردرێ بۆ لێكۆڵینەوە و دواتر ڕاپۆرتی خۆی ئامادە دەكات، دواتر ئەنجوومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دەنگ (٥٠+١) تۆمەت ئاراستەی ترەمپ دەكەن.

٢- دوای تۆمەتباركردنی فەرمیی ترەمپ بە خیانەت و پێشێلكاریی دەستوور و ئاسانكاری و هێنانی دەستی دەرەكی بۆ دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی ئەمەریكادا، دۆسیەكە ڕەوانەی ئەنجوومەنی پیران دەكرێت بۆ ئەوەی دادگاییكردنی كۆتایی ترەمپ دەست پێ بكات.

ئەوكات لە ئەنجوومەنی پیران ئەگەر دوو لەسەر سێی ئەنجوومەنەكە (٦٦+١) دەنگیان بە دوورخستنەوەی ترەمپ دا، ئەوا ترەمپ دوور دەخرێتەوە و مایك پێنسی جێگری جێگەی دەگرێتەوە تا هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو.

- ترەمپ چۆن لە داوی پێشووتر ڕزگاری بوو؟

پێشتر ترەمپ ئەزموونی هاوشێوەی هەبووە. لە كاتی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ساڵی ٢٠١٦ ئیمەیڵی تایبەتی هیلاری كلینتن هاككرا و سەدان ئیمەیڵی هیلاری بڵاوكرانەوە كە بە شێوەكی نایاسایی ئیمەیلی تایبەتی خۆی بۆ كاروباری حكوومی بەكار هێنابوو، بەوەش هیلاری لە هەڵبژاردندا دۆڕا.

دوای زیاتر لە ساڵێك، ڕووسیا بەوە تۆمەتبار كرا كە لەسەر داوای ترەمپ ئیمەیڵەكەی هاككردووە و دەستێوەردانی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكادا كردووە لە بەرژەوەندی ترەمپ. كۆنگرێس بۆ ئەو مەبەستە لیژینەیەكی لێكۆڵینەوەی تایبەتی بە سەرۆكایەتیی ڕۆبەرت مۆلەر پێكهێنا بۆ لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە.

دوای زیاتر لە ساڵێك لێكۆڵینەوە، مۆلەر ڕاپۆرتی كۆتایی پێشكەشی وەزارەتی داد كرد، بەڵام ترەمپ بە بەكارهێنانی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی، ڕێگربوو لەوەی تەواوی ڕاپۆرڕەكەی مۆلەر پێشكەشی كۆنگرێس بكرێت، بەوەش ئەو هەوڵەی لە كار دوورخستنەوەی ڕاگرت.