چ كارێكمان بە لایكی فەیسبوكە؟

08-05-2017 10:21

 

هاوڕێیەكی دورە وڵات پرسیاری لێكردم، گەنجانی سلێمانی بۆ لە تولە ڕێی ڕێگای نێوان دەباشانو گۆیژە، لەو دوكەڵی ماشێن‌و مەترسی ڕووداو و لەو ژینگە نە گونجاوەدا، سەیران دەكەن؟ زۆر وەڵاممان تاوتوێكرد، بەڵام لەوە ئەچوو تەنها وەڵامێك كە هەمومان هاوڕابین سەبارەتی ئەویش خواستی ئەو مرۆڤانەیە تا ببینرێن، خواستێك سڵاویان لێبكەن‌و خەڵكببینن‌و ببینرێن، خواستێك بۆ بون كە دەكرێت دوو جەمسەری ئێجگار جیاوازی هەبێت.

 

كە یەكێكیان خواستی كۆمەڵگای مێگەلە وەك دیاردەیەكی كۆمەڵناسی‌و ئەویتریان غوربەتی تاكگەرایی وەك دیاردەیەكی مۆدێرنە، بەهەرحاڵ باسەكە هابەرماس‌و كامۆشی تێوەگلاو دواتر شەقامەكە باسەكەی بردینە سەر پرسێكیتر. فەیسبوك ناتوانێت لە خواستی بكەرەكانی دەربچێت، خواستێك بۆ گەیاندنی پەیام، كۆكردنەوەی لایك، هەستكردن بە نەبینراوی، هانابردنێك بۆبە گوێدانی هاوار بە گوێی ئەوانیتردا لە بێدەنگی ژیانی تاكداو هیتر.

 

گەلان‌و بەتایبەتی ڕۆژئاوا، ئەم جۆرە میدیایانەیان باشتر سود لێبینیوە بۆ كایە گشتییەكان وەك سیاسەت‌و دەنگدان‌و هۆشیاری گشتی. ئەی ئێمە چ كارێكمان بە لایكی فەیسبوكە؟ ڕەنگە زووبێت بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە لە ئێستادا، بەڵام مرۆڤ ناتوانێت ئومێد نەخوازێت كە ئەم هەموو ناڕەزاییە ڕۆژێك فەیسبوك بكاتە مۆڵگەی هۆشمەندییەك بۆ باشكردنی ژیانمان، بێپە گریلۆ كە پارتی بزوتنەوەی پێنج ئەستێرەی دروستكردو بەشێكی زۆر لە كورسییەكانی پەرلەمانی ئیتاڵیای بۆخۆی برد، زادەی كردەیەكی لەم جۆرە بوو، هیوادارم ئەم تەمەڵترین میتۆدەی كاری سیاسییە، هەر خەمێك لەدوای هەر لایكێكەوە بە ئومێدێك بۆ ژیانێكی باشتر، ببەخشێت بە كۆمەڵگای كوردستانی.