ڕۆڵی مەرجەعی دینی لە داهاتووی عێراقدا

02-12-2019 06:43

لەبەر ئەوەی هیچ هێزێكی سیاسی نەیتوانی بە تەنیا زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان لە هەڵبژاردنی 2018ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا بباتەوە و لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنیش نەیانتوانی هاوپەیمانییەكی زۆرینە دروستبكەن تا بە رێكارە دەستوورییەكان وەك كوتلەی هەرەگەورەی پەرلەمان حكومەت پێكبهێنن، بەهۆی ناتەبایی و رێكنەكەوتنیشیان لەسەر كاندیدای قەوارەیەكی دیاریكراو، عادل عەبدولمەهدی وەك بژارەیەك كە ئیجماعی زۆرینەی لەسەر بوو، لە دەرەوەی هێزە براوەكانی هەڵبژاردن راسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت. بەڵام لەبەرئەوەی خاوەنی هیچ كوتلەیەكی پەرلەمانی نەبوو، هیچ حیزبێكی سیاسیش لەپشتی نەبوو، كابینەكەی بە كێشەو سەرئێشەوە لەدایك بوو.
 
لە ماوەی ئەم ساڵەی تەمەنی كابینەكەیدا، گرفی زۆر بۆ عەبدولمەهدی دروستكرا، سەرئەنجام بێكەسییەكەی وایكرد، دارەكە لەسەری ئەودا بشكێنن و بووە قوربانیی 15 ساڵ حوكمڕانیی فاشیلی شیعە كە وەك باس دەكرێت، لە تەمەنی ئەو سێ‌ كابینەیەی پێش ئەمدا نزیكەی 500 ملیار دۆلار لە گەندەڵیدا بەفیڕۆ چووە. دۆخی شارە شیعییەكان و ژیانی خەڵك گەیشتە ئاستێكی مەترسیداری وەك ئەوەی شارێكی وەك بەسرە كە شادەماری ئابووریی عێراق بوو، ئاوی خواردنەوەی نەبێت. رێژەی بێكاری لە هەندێ‌ لە شارەكان گەیشتووەتە نزیكەی نیوەی دانیشتووان و رێژەی هەژاری بە ئەندازەیەكە خۆپیشاندەران وەك شۆڕشی برسییەكان وێنا بكرێت. عێراق گەیشتووەتە لێواری داڕووخان و عادل عەبدولمەهدی كەمترین بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆ. بەڵام بەكۆتایی ژیانی سیاسی خۆی باجی شكستی حوكمڕانیی شیعەی دا. 
 
زۆر كەس دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران وەك مەترسییەك دەبینن و پێیانوایە لایەنە سیاسییەكان ناتوانن لەسەر كاندیدایەكی شوێنگرەوە رێكبكەون، ئەمەش دەرگا بۆ پشێویی زیاتر دەكاتەوە. چونكە لەبنەڕەتدا كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی دەرئەنجامی ناتەبایی و رێكنەكەوتنی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن بوو. بۆیە ئەگەرێكی چاوەڕوانكراوە بە دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران دۆخەكە ئاڵۆزتر بێت. 
 
لە هەر حاڵەتێكیاندا ئەگەر لایەنەكان زوو بگەنە رێككەوتن و كابینەیەكی نوێ‌ پێكبهێنن، یان ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێ و دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكە نەخشەیەكی سیاسی تازە بێنێتە ئاراوە، عێراق سەقامگیر بێت یا دۆخێكی خراپتر لە ئێستا بێتە پێش، دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی دەبێتە خاڵی وەرچەرخان و عێراق دەباتە قۆناغێكی ترەوە. نەك لەبەر ئەوەی بۆ یەكەمجارە لە مێژووی عێراقی كۆماریدا سەرۆك وەزیرانێك لەژێر گوشاری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری دەستبەرداری كورسییەكەی دەبێت، بەڵكوو لەبەرئەوەی لەسەر داوای مەرجەعیەتی دینی واز دەهێنێت. 
 
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دانیشتووانی پارێزگا شیعەنشینەكانی عێراق وا نزیك دەبێتەوە لە دوو مانگ، ئەوان بەهۆی نەبوونی ئاو و كارەبا و دەرفەتی كار، نادادی و گەندەڵی، داوای دەستلەكاركێشانەوەی هەرسێ‌ دەستەی سەرۆكایەتییەكەی عێراق دەكەن. 
 
حكومەت بە گوللە وەڵامی داخوازییەكانیان دەداتەوە. تا ئێستا نزیكەی 400 كەس لە شارە جیاجیاكانی عێراق بەو هۆیەوە كوژراون و نزیكەی 16 هەزار كەسیش بریندار كراون. هیچ كەسێك لەو دەسەڵاتدارانەی لاچوونیان لەسەر كورسی بووەتە خواستی خۆپیشاندەران، هەستیان بە بەرپرسیارێتی نەكرد و ئامادە نەبوون دەست لە دەسەڵات هەڵگرن. تەنانەت لە پەرلەمانەوە بانگهێشتی سەرۆك وەزیران كرا بۆ ئەوەی ئامادەی دانیشتنێكی تایبەت بە داخوازییەكانی خۆپیشاندەران بێت، كەچی نە سەرۆكوەزیران و نە هیچ وەزیر و نە هیچ بەرپرسێكی ئەمنی ئامادەی چوونە پەرلەمانیش نەبوون. 
 
بەڵام كاتێ‌ لە گوتاری هەینیدا نوێنەری سیستانی بە ئاماژەیەك داوای حكومەتێكی كاربەڕێكەر دەكات بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، دوای كەمتر لە چەند سەعاتێك لە بڵاوبوونەوەی گوتارەكە، سەرۆكوەزیران بۆ بەپیرەوەچوونی داواكەی سیستانی نامەی دەستلەكاركێشانەوە رادەگەیەنێت و دەشڵێت لەسەر داوای مەرجەعیەت دەست لەكار دەكێشمەوە. ئەوە لەكاتێكدا خۆپیشاندەران لە چەندین شار و شارۆچكەی شیعەنشین وێنەی سیستانییان دەهێنایە خوارەوە و دەیانسووتاند و لە نەجەف خۆپیشاندەران هەوڵی چوونە سەر ماڵەكەیان دا. 
 
عادل عەبدولمەهدی ئەگەر لە رابردوودا بێتاوان بووبێت لەو خراپەكارییانەی بەسەر عێراقدا هێنراون و پەرێزی پاك بێت لەو گەندەڵیانەی لە عێراقدا كراون و لەو رووەوە وەك قوربانییەك بچێتە مێژووەوە، بەڵام بەرپرسیارێتی گەورەی دەكەوێتە ئەستۆ لەوەی عێراقی بردە قۆناغێكی زۆر مەترسیدارەوە. لەوەی رۆڵی خۆپیشاندەران و ناڕەزایەتیی خەڵك و پەرلەمان و دامەزراوە دەستوورییەكانی بێبەها كرد و لەسەر داوای وەك خۆی دەڵێت (مەرجەعییەت) دەستی لەكاركێشایەوە. 
 
سەرباری ئەوەی ئێستا ماڵی شیعی لە عێراق لە هەموو كات زیاتر ناتەبان، دابەش بوون بەسەر دەیان گرووپدا، هێزەكانیان دژ بەیەك لە جەنگێكی ناڕاستەوخۆی ناوخۆییدان، خەڵك دژ بە حوكمی شیعە و دەسەڵاتدارەكانیان و دژ بە حیزبە سیاسی و حەلیفەكانیان لە خۆپیشانداندان، ناكۆكیی نێوان رابەرە ئاینییەكان لە پەرەسەندندایە، تەنانەت لەسەر رۆڵ و پێگەی مەرجەعی ئاینی (سیستانی) كێشە كەوتووەتە نێوانیانەوە، لە دۆخێكی ئاوادا عادل عەبدولمەهدی وەك بڕیاردەری یەكلاكەرەوە حكومەتی پابەندی خواستی سیستانی كرد. 
 
لە كاتێكدا ئەگەر ماڵی شیعی رێك و تەباش بان و هەموویان پابەندی بڕیاری مەرجەعیش بان، لەبەر ئەوەی عێراق پێكهاتەی تری وەك كورد و عەرەبی سوننە و توركمان و كریستیان و ئێزدی و كاكەیی تێدا دەژین و بە هەموویان نزیكەی نیوەی دانیشتووان پێكدەهێنن، نەدەبوو سەرۆكوەزیران لە پرسێكی وەهادا بڕیاری مەرجەعی تایەفەیەكی دیاریكراو بكاتە سەرچاوەی هەڵوێستەكەی، لە كاتێكدا ئەو سەرۆكوەزیرانی هەموو عێراقییەكان بوو نەك تەنیا شیعەكان.  
 
عادل عەبدولمەهدی بەم كارەی دۆخێكی مەترسیداری بۆ داهاتووی عێراق خوڵقاند. ئەگەرچی خزمەتێكی گەورەی بە تەشەیوع و ستراتیجی شیعی كرد، بەڵام هەردوو پێكهاتەی كورد و سوننەی خستە بەردەم تەحەدایەكی گەورەوە. بە قبوڵنەكردنی رۆڵ و پێگەی داهاتووی مەرجەعی ئاینیی شیعەكان وەك دەسەڵاتێك لەسەرووی دامەزراوە دەستووری و شەرعییەكانەوە، كورد و سوننە رووبەڕووی كێشەی گەورە دەبنەوە، بە قبوڵكردنی ئەوەی كە لەمەودوا بڕیاری یەكلاكەرەوە نەك هەر بۆ شیعەكان بەڵكوو بۆ تەواوی گەلانی عێراق مەرجەعی شیعە دەبێت، واتای كۆتایی رۆڵی كورد و عەرەبی سوننەیە لە بەشدارییان لە بەڕێوەبردنی عێراقدا.  
 
بۆیە مەترسی هەر لەوەدا نییە هێزە سیاسییەكان بۆ دەستنیشانكردنی شوێنگرەوەی سەرۆكوەزیران دەگەنە رێككەوتن یان نا، یان خۆپیشاندەران بە دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی كۆتایی بە خۆپیشاندان دەهێنن یان وەك پوولی دۆمینە چاوەڕێی كەوتنی دەسەڵاتەكانی تریش دەكرێت. بەڵكوو مەترسی گەورە لە پراكتیزەكردنی ئەو رۆڵەیە كە سیستانی وەك مەرجەعی ئاینیی شیعەكان لە داهاتووی عێراقدا دەیگێڕێت و عێراق بەرەو ویلایەتی فەقیه دەبات. هەرچەندە ئەمە ئامانجی لەمێژینەی شیعەیە و بەشێكە لە ستراتیجی تەشەیوع، بەڵام عادل عەبدولمەهدی ئەم پرۆسەیەی خێراتر كرد.
 
arifqurbany@yahoo.com